عەباس فەتاح
دوای ئەوەی خەڵكی كوردستان دوو مانگە نە كاری ماوە و نە مووچەی پێدراوە، دەبوایە پەرلەمان سەرۆكی حكومەت و وزیرە پەیوەندیدارەكانی بانگهێشت بكردایە بۆ ڕوونكردنەوە و لێپرسینەوە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا، بەڵام لیستی زۆرینە بە لەخۆبایی بوونی بە زۆری كورسییەكانی گوشار دەكات و دەیەوێت شكۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لە بەرامبەر حكومەت بچووك بكەنەوە بە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە چەند پەرلەمانتارێك كە لە ناویاندا داوەكە بۆ هاوپیشەمان (سۆران عمر)ـە.
بۆ زانیاریتان، حوكمڕانی لە هیچ پنتێكی جیهان بە ترس و تۆقاندن و ڕێگری لە ڕای ئازاد و ڕەخنەگرتن سەركەوتوو نەبووە و نابێت، تەنها چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و خزمەت كردنی هاووڵاتیان و دادپەروەری سەركەوتنە بۆ دەسەڵات.
ئەوەی پێویستە بیزانن، ژمارەی زۆری كورسی نابێت بتانخەڵەتێنێت و لە خۆباییتان بكات، چونكە خۆشەویستی هاووڵاتیان و چارەسەری كێشەكانیان سەنگی مەحەكە بۆ دەسەڵاتی سەركەوتوو.
لەبەرئەوە ئاگاداربن، سووربوون لەسەر سەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران دڵنیام ڕەنگدانەوەی باشی نابێت و ئەگەری لەت بوونی پەرلەمانی لێدەكەوێتەوە.