pyshewa.jpg

کێ لامەرکەزی ئیداری دەوێت، ئایا لامەرکەزی بۆمبە؟

May 1, 2020  |   بیروڕا 

پێشەوا هەورامانی

لامەرکەزی ئیداری نەدێوەو نە شتێکی خەتەرەو نە بۆمبە، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران کە هاتە پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد کار دەکەن بۆ لامەرکەزی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان ئەو کاتیش بەبیرم دێت بە ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی ئەم پرسە خرایە ناو کارنامەکەی حکوومەت و فکرەی هەردوولابوو هەروەها پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ۲٠٠۹ لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ۸ یاسای ژمارە ۳ دەرکردووە کە تایبەتە بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەم باسەی تێدایە.

لامەرکەزی دەبێت بە سەرپەرشتی حکوومەت بێت و کیانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و بۆ تەواوی پارێزگاکان بێت، نەک بەبیرکردنەوەیەکی لۆکاڵیانە ئامانجەکەی دابڕینی شوێنێک بێت لە شوێنێکی دیکە یان بچووککردنەوەو لەناوبردنی کیانەکە بێت کە ئەوەی ئێستا لای ئێمە داوا دەکرێت بەسەیرکردنی دەمووچاوی داواکارەکانی و ڕابردووی زیانبەخشیان هەست دەکەی نیەتە شەریفانەکەی لە پشت نییە و متمانە نییە، چوونکە بۆ هەر کارێکی لەمجۆرە دەبێت موخاتەبەی حکوومەت و پەرلەمان بکرێت نەک لە شوێنی دیکەوە کاری بۆ بکرێت .

لامەرکەزی و لە بنەڕەتدا بۆ پاڵپشتی حکوومەت و سووککردنی ئەرکی سەرشانی مەرکەزە، لە هەمانکاتدا خاڵی ئیجابی و سلبی هەردوو چەمکی مەرکەزی و لامەرکەزی هەن.

خاڵی ئیجابی سیستەمی مەرکەزییەت ئەوەیە کە بڕیارەکان پەرتەوازەو بێ سەروبەر نەبن چاودێری یەکە ئیدارییەکان ئاسانترە،لە هەمووی گرنگتر وێنەیەکی یەکگرتووی ئیدارە نیشان دەدات وئیزدیواجییەت نییە لە بڕیارداندا.

سیستەمی لامەرکەزیش خاڵی ئیجابی تێدان کە بەخشینی متمانەیە بە یەکە ئیدارییەکان و هەروەها کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی مەرکەزو بەڕێوەبردن زیاتر شێوەیەکی دیموکراسی وەردەگرێت و چارەسەر خێراتر دەبێت کاتێک کێشەیەک ڕوو لە ناوچەیەک دەکات،لەکاتی بڕیاری هەڵە سزادان ئاسانتر دەبێت .

ئەم بابەتە قسەی زۆر درێژ هەڵدەگرێت و دەتوانم ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەم بەڵام پۆستی درێژ خوێنەر ماندوو دەکات کورت و پوخت ئەم بابەتە تا ئەو کاتە باشە کە نیەتی باشی لەپشت بێت .