هاوڕێ مەلا ستار
دژایه‌تی كردنی شه‌خسیی بەشێک لەھەڤاڵانی فراکسیۆنی زەرد بۆ لامه‌ركه‌زیی پارێزگاكان، تەنھا بۆ گۆڕینی ئاراستەی کاری سیاسی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكانی نێوخۆی پارتییە. ئه‌گه‌رنا، ناچێته خزمه‌تی خه‌ڵك و په‌رله‌مان و حكومه‌ت و هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه، ھەندێ جار هه‌ڵوێست ده‌ربڕینی خێرای به‌شێك له براده‌رانی فراكسیۆنی زه‌رد، بۆ خۆ نزیک کردنەوە له‌م سەرۆکی حکوومەت یان له‌و سه‌رۆكی هه‌رێم، دژ به خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت و پلانه‌كانی كابینه‌ی نۆیه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م براده‌ره دژانه‌ی لامه‌ركه‌زییه‌ت، تێ ڕابمێنن کە كابینه‌ی ئێستا، قەرزاری چوار مانگی موچەی موچەخۆرانە، حه‌قه ئەوەندە بێ ئەمەک نەبن و له‌م كاته ته‌نگانه‌یه‌دا، به‌هۆی ته‌كه‌تولی ناوخۆی حزبی، پشت لەسەرۆکی حکومەت نەکەن. بیرتان نه‌چێت کە سەرۆکی حکوومەت، لەھێڵە گشتێکانی كارنامه‌كه‌ی و بەتایبەت لە بڕگەکانی کارگێری دا، ئاماژەیداوه بەچەسپاندنی لامەرکەزییەت بۆ پارێزگاکان. رێکكەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی‌یش، بۆ داڕشتنی پەیکەری حکوومەت، لە سەر ھەمان میکانیزمه و هه‌مووان ھاودەنگبووین و ڕێکەوتووین، كه لامه‌ركه‌زیی پارێزگاكان له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان دا جێ به‌جێ بكرێت.
ئیدی بۆ به‌شێك له فراكسیۆنی زه‌رد له دژی لامه‌ركه‌زی دەوەستنەوە! كارێك مه‌كه‌ن ھەنگاوە بێ ستراتیژەکانتان، پەرلەمانیش بخاتە ژێر پرسیار. راستتر وایە له‌جیاتی پیا هه‌ڵشاخان به پرۆژه‌ی لامه‌ركه‌زی، كه پرۆژه‌یه‌كه ژیانی گشتی له هه‌رێم دا ده‌بوژێنێته‌وه، وه‌ڵامی پرسیاری ھاوڵاتیان بده‌نه‌وه. ئه‌وان ده‌پرسن ئێوە به ٤٥ پەرلەمانتاری پارتی و ١١ پەرلەمانتاری به‌ناو پێکھاتەکان بۆ نوزەتان لێنایە لەبەرامبەر ئەو نایەکسانی و نادادیەی کە یەخەی بە ھەرێمەکەمان گرتوە. ھەر لەمووچە تاکو کۆی گشتی سێکتەرە جیاوەزەکان په‌كیان كه‌وتووه، و ئێوه بێده‌نگن!
هه‌ڤاڵان! لامه‌ركه‌زییه‌ت پیلانی ریفراندۆم نییه بۆ دابڕینی ٪٥١ی خاكی كوردستان و دابڕینی كه‌ركوك له یه‌كێتی. خه‌یاڵی خاو نییه بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ناوی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌خۆیی ئابوری، كه نه‌توانن جێ به‌جێی بكه‌ن. لامەرکەزییەت، جیا بوونەوە نییە لەو حکومەتەی کە شەرمەزاری ھاوڵاتیانە، و ڕاکردن نییە لەو بەرپرسیاریتیەی کە لە ئەستۆمانە. بەڵکو پشتگیری كردنی حكومه‌تی هه‌رێمه له لابردنی نایەکسانی و دابین كردنی خزمەتگوزاری و بوژاندنه‌وه‌ی ئاوەدانی، هه‌ر له زاخۆوه تا گەرمیان، بێ جیاوازی.
وەبەرھێنانی لامەرکەزییەت بۆ بنەبڕکردنی نادادییە لەھەرێمی کوردستان. گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆیه بۆ ده‌سه‌ڵات، دانانی داهاتەکانی خه‌ڵكی کوردستانە له باخەڵێکی پارێزراودا، كه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه. لامه‌ركه‌زییه‌ت بۆ سوودمه‌ندکردنی ھەموو هاوڵاتییه‌كی كوردستانه لەو داھاتانه‌ی كه ئێستا، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانیش نازانێت چییه و چه‌نده و چۆن سه‌رف ده‌كرێت.
لامەرکەزیەت پیلان گێڕان نییه. بەمانای ڕوخاندنی حکومەتی هەرێم نایه‌ت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه بۆ به‌هێزكردنی کیانی هەرێمی كوردستانه. له ته‌واوی دنیا، له هه‌رجێیه‌ك لامه‌ركه‌زی په‌یڕه‌و كرابێت، ئه‌و جێگه‌یه، ئاوەدانتره و خه‌ڵكه‌كه‌ی باشتر ده‌ژین. ئه‌مه‌ش لایه‌نی كه‌می ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه كه ئێستا هه‌موومان پشتگیری له چه‌سپاندنی سیستمی لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی بكه‌ین بۆ پارێزگاكانمان و لەم هەنگاوە گرنگە مێژووییه‌دا پێکەوەبین.
بەداخەوە، به‌هۆی قه‌یرانه ده‌ره‌كی و سیاسه‌ته ناوخۆییه‌كان، ئەم حکومەته به شێوازی ئێستا، توانای به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌رزانه‌ی هەرێمی كوردستانی نەماوە و خه‌ڵك زۆر زۆر نیگه‌رانن. حكومه‌ت به‌م سیستمه داخراوه سه‌نتراڵه ناتوانێت خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكات، و متمانه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه.
به ره‌چاوكردنی راستییه‌كان و دوور له هه‌وای ته‌كه‌تول، باشترین بژاردەی به‌رده‌ستمان، پاراستنی كیانی هه‌رێمی كوردستانه له هه‌ره‌س و، دابەشکردنی دەسەڵاتە ئیداری و دارییه‌كانه بەسەر چوار پارێزگاکەی هه‌رێمی كوردستان دا، تا هه‌موو هاونیشتمانییه‌ك هه‌ست به بوونی حكومه‌تێكی شه‌فاف و به‌رپرسیار و خزمه‌تگوزار و خۆماڵی بكات، و ریزی بگرێت.