abdullamelakwyxa.jpg

لامەرکەزی

May 5, 2020  |   بیروڕا 

عەبدوڵا كوێخا موبارەك

 

 

یەکەم: کارتێکەو بەکار دەھێندرێت بۆ بەدەست ھێنانی پۆست و ئیمتازی زیاتر و پارەی زیاتر لە داھاتی دزراوی نیشتیمان و قوتی خەڵک، بۆیە کەس پێی شاگەشکە نەبێت و بەتەما نەبێت ببێت بەڕاست.

دوەم: ئەگەر ببێت بەڕاستیش ھیچ گۆڕانکاریەک لە گوزەرانی خەڵک ڕونادا و بگرە خەراپتر دەبێت، خۆ ئەو لایەن و دەسەڵاتەی سی ساڵە لە سلێمانیە و گەندەڵی کردوە ناڕوات و ئێستا ھەر ئەوە ھەوڵی لامەرکەزی بۆ سلێمانی دەدات، ئەزانن بۆچی؟ بۆئەوەی بەبێ شەریکە دز پارویەکی چەورتری دەست بکەوێت.

سێیەم: کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نیە و ھیچ چوارچێوەیەکی نیە تا لامەرکەزێت تێیدا سەرکەوتو بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە قەوارەی ھەرێمی کوردستان ئەخاتە مەترسیەوە و بەرەو ھەڵوەشاندنەوەی دەبات،

چوارەم: ھەتا ئەو ھەمو بندیوارە زۆری حزبەکان ھەبن داھاتی سنوری پارێزگای سلێمانی ئەگەر دوو ھێندەی ئێستاش بێت بەشی موچە وخۆشگوزەرانی دانیشتوانی ناکات، ئایە ئەو کەس و لایەنانەی داوای لامەرکەزی دەکەن تا ئێستا موچەی یەک بندیواری خۆیان بڕیوە؟
ئایە ھیچ زەمانێک ھەیە لە سایەی ئەم سیاسیە فاشلانەی ئێستادا حکومەتی عێراق تا سەر خەرجی لامەرکەزێتی سلێمانی کامل بکات و وەکو ئێستای ھەرێم بەگیری نەھێنن؟.

بۆیە تکایە میدیا سەربەخۆکان و نوسەر و چاودێرانی سیاسی بەڕێز و خۆش باوەڕ بەسە ئیتر پیاھەڵدان بەم کارتی فشاری بەرژەوەندی حزب و کارتی سوتاوی بەناو خۆشگوزەرانی خەلک و ڕزگاری نیشتیمان، بەسە ئیتر سەر لێشێواندنی خەلک. سی ساڵە ئەمانە درۆ ئەکەن، ھەر لە ڕێککەوتنی ستراتیجی و نەمانی دوو ئیدارەیی، ئابوری سەربەخۆ، ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و تا لامەرکەزی پارێزگاکان.