bestunfayeq.jpg

بۆ یەکێتى و گۆڕان، لەبارەى کورسى کۆتاکانەوە

May 10, 2020  |   بیروڕا 

بێستون فایەق

 

ئەوەی ھەموو خولێکی ھەڵبژاردن پارتی کادری خۆی لە رێگەی پێکھاتەکانەوە دەنێرێتە پەرلەمان، کەلێنێکی گەورە و زۆر رونی یاسای ژمارە یەکی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانە کە ساڵی ١٩٩٢ لە سەرەتاکانی دەستبەکاربوونی خولی یەکەمی پارلەمانی کوردستاندا پەسەندکراوە و لە خولەکانی دواتردا چەندینجار ھەموار کراوەتەوە.

لە بنەڕەتدا ئەم ١١ کورسیە بەم میکانیزمە و بەم جۆرەی ئێستا پلانێکی وردی تەکنیکی و یاسایی بووە، لە بەرژەوەندی پارتی نەک بۆ دەستەبەری مافی پێکھاتەکان، ئەگەرچی یاساکە ١١ کورسی وەک سیستمی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن دیاریکردووە و تەنھا ھاوڵاتی ئەو پێکھاتانە دەتوانن کێبڕکێی لەسەربکەن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە رێگەی لەوە نەگرتووە دەنگدەری دەرەوەی ئەو پێکھاتانە دەنگ بە کاندیدی پێکھاتەکان بدەن.

پێکھاتەکانی کوردستان مافی تەواوی بەشداری سیاسی و بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستانیان ھەیە، لە پێشدا پێویستە ھەوڵ و ھەنگاوی یەکەمی ھەموو لایەنەکان بە تایبەت یەکێتی و گۆڕان ھەموارکردنی ئەم یاسایە و گەڕانەوەی ئەو کورسیانە بێت بۆ نوێنەری راستەقینەی ئەو پێکھاتانە خۆیان، بە جۆرێک بە رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان بەوانەشی کە ئـێستا کورسیان بۆ دیاری نەکراوە، ژمارەی کورسی پێکھاتەکان کەمبکرێتەوە و لە رێگەی جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکھاتەکانەوە پرۆسەی ھەڵبژاردن و دەنگدانی پێکھاتەکان لە بازنەیەکی تایبەتدا جیابکرێتەوە کە جگە لە دەنگدەرانی خۆیان دەنگدەری گشتی کوردستان مافی دەنگدانی بە کاندید و لیستی ئەو پێکھاتەنە نەبێ وەک ئەوەی ئێستا یاساکە رێگە دەدا و ھەموجار پارتی کادری خۆی بەناوی پێکھاتەکانەوە دەنێرێتە پارلەمان.

ھەرچەندە لە خولی پێشووی پارلەماندا ھەوڵێکی لەو شێوەیە دراو لیژنەیەکی ھەماھەنگی لە نێوان فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی دروستکرا کە دواجار بە داخستنی پارلەمان ئەو ھەوڵەش لەبار برا، بۆ دۆخی ئێستای پارلەمان کە پارتی خاوەنی زۆرینەی ئەندامان و دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمانە دەستبردن بۆ ھەموارکردنەوەی یاساکە ئاسان نابێ، بۆیە تا ئەو کاتەی پێکھاتەکان ئەم مافەیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەبنە خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان ھەموو لایەنەکانی تر مافی ئەوەیان ھەیە ھاوشیوەی ١٠٠ کورسیەکەی دیکە کیبڕکێ لەسەرئەم ١١ کورسیەش بکەن.

بۆ ئێستا پێشنیازی واقعی ئەوەیە ژوری ھەلبژاردنی گۆڕان و مەکتەبی ھەڵبژاردنەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئامادەکاری بکەن و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بچنە کیبڕکێی بردنەوەی ئەو ١١ کورسیەی پارلەمانی کوردستانەوە.