drisma3il.jpg

فەرموو کەپۆمان بشکێنە!

May 5, 2020  |   بیروڕا 

د. ئیسماعیل نامیق

 

هەولێرییەک لەگەڵ کەسێکی سلێمانی دەبێت بەشەڕی، کابرای هەولێری بەکابرای سلێمانی دەڵێت: کەپۆت دەشکێنم، کابرای سلێمانیش پێی دەڵێت بیشکێنە بەس بۆ ئەوەی بزانم کەپۆ چیە.
پارێزبەندیی پەرلەمانتار ئایەتی قورئان نیە نەتوانرێت دەستکاریی بکرێت، چونکە لەبنەڕەتدا پارێزبەندیی خۆی بۆ ئەوە نیە پەرلەمانتار لەسەروی یاساوە بێت، بۆ ئەوە نیە هەرچی وویست بیڵێت و بیکات، بۆ ئەوەش نیە پارێزراو بێت لەهەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە بتوانێت کارەکانی بەئازایانە وئازادانە ئەنجامبدات، ئەرکەکانی جێبەجێ بکات بێئەوەی روبەڕووی رێگریی وسوکایەتی پێکردن بێتەوە.
کەواتە، هەڵگرتنی پارێزبەندیی تاوان نیە وبابەتێکی تەواو یاساییە، بەرای من نابێت ئەوەندەش بەرامبەری هەستیار بین، بەڵام بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کەفعلەن دەتانەوێت یاسا سەروەر بێت! فەرموون سکاڵاکەتان لەدادگایەکی سلێمانی یان هەر دادگایەکی دیکەی دەرەوەی ناوچەی قەڵەمڕەویی حیزبەکەتان تۆماربکەن. وە بیریشتان نەچێت شانبەشانی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر پەرلەمانتاران، سکاڵا لەسەر من وزۆربەی خەڵکی کوردستانیش تۆمار بکەن، چونکە ئێمەش رامان وایە، بەرێزت وسەرۆکی هەرێم وجێگری سەرۆکی حکومەت وبەشێکی زۆر لەکاربەدەستانی حکومەتەکەی ئێستای جەنابت وحکومەتەکانی پێشووی ئامۆزاکەت، بەرژەوەندیی بازرگانی ناشەرعی وبانک وکۆمپانیا وگرێبەستی بازرگانیتان هەبووە وهەیە، جا بەناوی خۆتان بێت، یان بەناوی خوازراوەوە. سادەترین نموونە، خەڵک گومانی هەیە وپرسیار دەکات لەوەی کێ پارە بۆ ( K24 ) و (RUDAW ) دابین دەکات؟ چۆن؟ لەکوێی دەهێنێت؟ بەمووچە یان بەچی؟
کارێکی باشە ئەگەر بەڕێزت یان هەر بەرپرسێکی حکومی بیر لەوە بکەنەوە بەئامرازە مەدەنییەکان مافەکانی خۆی وەربگرێتەوە. ئەگەر ئەمە دەرئەنجامی گۆڕانی بیرکردنەوەو دروستبوونی قەناعەت بێت بەیاسا ودادگا، شایانی پشتگیریی کردن ودەستخۆشیە، خۆ ئەگەر تەنها بەکارهێنانی یاسا ودادگا بێت بۆ ترساندن وکپکردن وخۆسەپاندنی زیاتر دڵنیابن ئەنجامی باشی نابێت.
جا وەکو دەستپێک ئەگەر بڕواتان بەسەروەریی یاسا وسەربەخۆیی دادگاکان هەیە بەرای من سکاڵا نەک لەسەر پەرلەمانتار بەڵکو لەسەر هەموو ئەو خەڵکە تۆمار بکەن کە رۆژانە لەراگەیاندنەکانەوە بەروونی وراشکاویی باس لەگەندەڵی وکۆمپانیا وبەرژەوەندییە بازرگانیەکانی کاربەدەستانی حکومی وحیزبی دەکەن، بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت، ئایا میللەت راستگۆیە یان ئێوە؟ خۆ ئەگەر دەشتانەوێت بەیاسا رێگری بکەن لەقسەو پرسیار وگومانەکانمان، دەتوانن فەرمان بەوەزیری ناوخۆ بکەن بۆ هەتاهەتایی میللەت کەرەنتینە بکات! یاخود فەرمان بە دادگا وداوەرەکانتان بکەن، حوکمی لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانە دەربکەن کە قسە ئەکەن یان گومانیان لەپاکی ئێوە هەیە!!
بۆیە لەهەموو حاڵەتێکدا گرتنەبەری رێگەی دادگا بەلای منەوە باشە، چونکە ئەگەر دادگا سەربەخۆ ویاسا سەروەر بێت، حەقیقەتی ئێوە بۆ خەڵک دەردەکەوێت، ئەگەر سەربەخۆش نەبێت ئەوا حەقیقەتی دادگا زیاتر بۆ خەڵکی رون دەبێتەوە. جا خوائەکا ئێوە باوەڕتان بەیاسا ودادگا ئەبێت، فەرموون لەرێگەی دادگاوە کەپۆمان بشکێنن!!