baban.jpg

هەڵگرتنی پارێزبەندی و شكۆی دامەزراوەكان

May 7, 2020  |   بیروڕا 

بابان جەعفەر

 


لە ماددەی (39) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە: ئەندامی پەرلەمان هەر بۆچوون و رایەك دەرببرێ، یان باسی هەر رووداوێك بكات لە كاتی كاركردندا لە پەرلەمان بەرپرسیار نابێت. لە ماددەی (24) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا بە هەشت بڕگە پارێزبەندی رێكسختووە، لە بڕگەی دووەمدا هاتووە: ئەندام، ئازادی ئاخاوتن و رادەربینی تەواوی هەیە لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا، بە شێوەیەك رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم لە چوار چێوەی یاسا كارپێكراوەكان بكات، بڕگەی شەشەم دەڵێت: ئەگەر ئەندام تاوانەكەی لەجۆری جینایەت نەبوو، سەرۆك دەتوانێت دەسەڵاتی دادوەری ئاگادار بكاتەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەری، كەواتە ئازادی تەواو هەیە بۆ ئاخاوتن و كاری پەرلەمانتاری، بەڕوونیش دیارە رێكاری هەڵگرتنی پارێزبەندی چۆنە، كەواتە داواكردنی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) بەهانەی پێویستی یاسایی نییە، چونكە ئەوەی كردوویەتی تاوان نییە لە جۆری (جنایات) و زیانی بە بەرژەوەندی گشتی نەگیاندووە، ئەگەر بەڵگەشی نەبێت بۆ قسەكانی ئەوا ناوزڕاندنە و بۆ ئەم تاوانەش نابێت پارێزبەندی لەسەر لاببرێت.
ئەرك و بەرپرسیارێتی سەرۆكی پەرلەمان بوو رێگە نەدات رێكارەكانی وەگرتنەوەی متمانە دەست پێبكات، نەك بۆ لادانی بەرپرسیارییەتی لەسەر خۆی پەراوێزی لەسەر نوسراوێكی پەرلەمان و نوسیوە و ناڕەزایەتی نیشانداوە، دەبوو بەوردی مەترسی و لێكەوتە سیاسیەكانی پشت ئەو داوایە ببینێت و رێگە نەدات چۆن دەسەڵاتی دادوەری بەكارهێنراوە، پەرلەمانیش بۆ لێدان لە پەرلەمانتاران و هەوڵدان بۆ بێدەنگ كردنیان لە رەخنەگرتن و چاودێری حكومەت بەكاربهێندرێت.
دۆخی دەسەڵاتی دادوەری
یەكێك لەكێشەكانی ناو ئەم پرسە سەربەخۆ نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتیە، تەنها لەماوەی دەست بەكاربوونی خولی پێنجدا چەندین دۆسیە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە جوڵێندراون، لە نموونەی (گەندەڵی لە دۆسیەی نەوت، قاچاغچێتی لە دەروازە سنورییەكان)، بەچەندین جۆریش یاساكانی هەرێم و ئازادییەكان پێشێلكراوە، لە نموونەی دەستگیركردن و دادگایكردنی رۆژنامەنووسان (نیاز عەبدوڵا، هێمن مامەند) لەدەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری نەك هەر رۆڵیان نەگێڕاوە لەپێناو سەروەركردنی یاسا بەڵكو لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە بەكار هێندراون. ئایە دەسەڵاتی دادوەری لەكاتی بوونی بەڵگە لەسەر ئەم كەیسە دەتوانێت چی بكات؟ تا چ ئاستێك دەتوانێت بەدواداچوون بكات بۆ ئەو ئەو بەڵگانەی پەرلەمانتاری ناوبراو لە رۆژی (5/5/2020) لە میدیاكانەوە خستنیەڕوو؟ تاچەند بۆ كەیسەكانی تری گەندەڵی و ئەوانەی لە دادگاكان ماونەتەوە دەتوانێت هەنگاو بنێت؟
دۆخی سیاسی و لێكەتەكانی ئەم هەنگاوە
جوڵاندنی ئەم داوایە قەیرانێكی نوێی دروست دەكات لە كاتێكدا قەیرانی (ئابوری، سیاسیی، كۆمەڵایەتی) لە لوتكەدان، بە ئەولەویەت كردنی ئەم پرسە لەم داتەدا ئەوەندەی تر بۆشایی دەخاتە نێوان متمانەی خەڵك و دامەزراوەكان و بێ ئومێدتر دەبن لە هەوڵی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و ئەنجامدانی چاكسازی، لەكاتێكدا لەتەواوی ماوەی خولی پێنجدا یەك داوای پرساندنی هەیە، ئەویش نە وەزیری دارایی چووە پەرلەمان نە سەرۆكایەتی پەرلەمانیش رێكارەكانی تری پەیڕەوی لەبارەی پرۆسەكەوە گرتەبەر، كەواتە پەرلەمان خۆی قەیرانی ئیرادەی هەیە بۆ لێپرسینەوە و ئەم كارەش وێناكەی لە دەزگایەك بۆ چاودێری و لێپرسینەوەی دەسەڵاتی راپەڕاندن و نوێنەرایەتی كردنی خواستەكانی خەڵك دەگۆڕێت بۆ وێنای دامەزراوەیەكی لاواز لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن.
نەبوونی بەڵگە و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری
كەم بۆنە هەیە دەسەڵاتدارانی هەرێم باسی بوونی گەندەڵی نەكەن وەك هەڕەشەیەكی جددی بۆسەر دۆخی هەرێم، بەڵام كەمترین كاریان لە بەگژداچوونەوەی كردووە و روینەدا هیچ بەرپرسێكی باڵا راپێچی دادگا كرابێت، كاتێكیش لە دەرەوەی خۆیان قسە لەسەر گەندەڵی دەكرێت قسەكەران راپێچی دادگا دەكەن و داوای بەڵگە دەكەن، لەكاتێكدا بەهۆی نەدانی زانیاری و بەسیستماتیك كردنی گەندەڵی سەلماندنی ئەستەم بووە، بۆیە ئەم دۆخەش بەرپرسیاریەتی ئەوانە نەك ئەو كەس و رێكخراو و لایەنانەی بە هەموو تواناوە كار بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەكەن و بەڵگەی سەلمێنەریشیان لەبەدەست نیە، چونكە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری كاری پێناكرێت و زانیاری لەسەر دۆسیەكانی (نەوت، دارایی بەرپرسان، هێزە ئەمنیەكان) بە تەواوی شاردراوەن.