shwanmhemed.jpg

بزنس خەتەرترە لە یارمەتیدانی داعش

May 7, 2020  |   بیروڕا 

شوان محه‌مه‌د

 


لە کێشەی سەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر.. پرسیارێکی زۆر گرنگ خۆی قوت دەکاتەوە..؟
ئەگەر یاسا سەروەر بێت و کار بەبڕیارەکانی دادوەرو دادگاکان بکرێت، نابێت هەر ئەسڵەن پرسی پارێزبەندی بخرێتە دەنگدانەوە، دەبێت دەمودەست سەرۆکایەتی پەرلەمان رەتیبکاتەوەو نەیخاتە بەرنامەی کارەوە، ئەگەر بڕیاری دادگاش بەسەر پەرلەمانیشدا جێبەجێبکرێت، پێویستە یەکڕاست ئەو چوار پەرلەمانتارە بەبێ جیاکردنەوەیان، رادەستی دادگا بکرێن و کێشەکەیان دادگا یەکلایی بکاتەوە، چونکە ناکرێت حوکمی دادورێک کە پشت بەستووە بەدەقێکی یاسایی بخرێتە دەنگدانی پەرلەمانتارانێکەوە کە رەنگە تاکوتەرا خەڵکانێکی یاسایی تێدابێت. هەر لێرەشەوەیە لە جیهاندا پارێزبەندی بۆ پەرلەمانتاران دانراوە تا ئەو کاتەی پەرلەمانتارە، دوای تەوابوونی ماوەی پەرلەمانتاریەکەی دەبێت بچێتە بەردەم دادگا.. خستنە دەنگی یەک بەیەکی ئەو چوار پەرلەمانتارە بە جیا دابەشکردنی بڕیارێکی دادگایە، لە کاتێکدا مەبدەئی بڕیارەکە داوا دەکات ئەو تۆمەتبارانە رادەست بکات.
ئەمە دیوێکی پرسەکەیە، دیوەکەی تری دەنگدانەکەی پەرلەمان و جیاکردنەوەی سۆران لە سێ پەرلەمانەکەی تر ناهەقی و نایەکسانییەکی تێدایە بەرامبەر خاوەن داوا یاساییەکان، مانای چی پەرلەمانتارێک بەرپرسێکی پێشمەرگە تۆمەتبار دەکات بە یارمەتیدەری داعش، بەڵام پەرلەمان ئەمە رادەستی دادگا ناکەن، کەچی پەرلەمانتارێکی تر بەرپرسێک تۆمەتبار دەکات کە کۆمپانیای هەیەو بزنس دەکات، کەچی ئەمەیان رادەستی دادگا دەکرێت، هەرچی یەکەمیانە دەهێڵێرێتەوە تا ئەو پەرلەمانتارە کاتی پەرلەمانتاریەکەی تەواو دەبێت، باشە بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم کام تاوانیان حوکمی زیاترە..؟ بەرپرسێکت تۆمەتبار کردووە بەیارمەتیدانی داعش، بەرپرسێکی تریش بە بزنس کردن..؟ باشە پەرلەمان بۆ ئومێد خۆشناوی رادەستی دادگا نەکرد، کێ دەڵێت لە دادگا نەیدەسەلمان کە ئەم بەرپرسە یارمەتی داعشی داوە، با لەمەشدا بپرسین یارممەتیدەری داعش مەترستی زیاترە بۆ سەر کۆمەڵگا، یان بەپرسێک بزنس بکات، باشە حوکمی یاسایی کامیان توندترە، هەموو کەس دەزانێت حوکمدان بەیاسای تیرۆر لەهەرێمدا لە هەموو حوکمێک قورسترە..!!
برادەرانی پارتی ناو پەرلەمان ئەمڕۆ پێتان وتین نە هاوڵاتیان لەهەرێمدا بەرامبەر یاسا یەکسانن نە بەرپرسان، بگرە ئەو وێنەیەشتان پێداین کە بزنس کارێک خەتر ترە لە یارمەتدەرێکی داعش، بۆیە زۆر بەپەلەن لە دادگایکردنی سۆران.