ali-hamasalh.jpg

پارتی بۆ ئەمەی دژ بە ئێمە کرد؟

May 8, 2020  |   بیروڕا 

عەلی حەمەساڵح

 

ئەمە ڕاستیەکەیە پارتی بۆ ئەمەی دژ بە ئێمە کرد؟
ئەمڕۆ ھەڵمەتێکی بێویژدانانە ھەیە لەسەر ئێمە …. بەشێکی لە نائاگایی و بەشێکی تری بە ئاگاییەوە دەیەوێ ببێتە بەشێک لە سینارێۆکەی پارتی.
ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەماندا کرا بە پلەی یەکەم بۆ دژایەتی و لێدانبوو لە کەسایەتی ئێمە، ئەمەش باجی ھەڵوێست و چەند کارێکی ئێمەبوو لە چەند مانگی پێشتردا بە ئاراستەی چاکسازی و شەفافیەت وەک ئەرکی خۆمان ئەنجامماندا.
بەشاھیدی مامۆستا عەبدولستار مەجید، لە چەند ڕۆژی رابردودا ھەم ئێمەو ھەم خانەی ڕاپەڕاندن ھەوڵماندا ئەم بابەتی ھەڵگرتنی پارێزبەندیە نەھێندرێتە پەرلەمان، بەڵام دیاربوو پارتی سورە لە سەر ھەڵوێستی خۆی!
دواتر زۆر بەڕوونی وتوومانە: ئەگەر پارێزبەندی وەردەگیرێتەوە فەرموون لە ھەموی وەربگرنەوە، ئێمە نابینە بەشێک لە سیناریۆیەکی خراپ…
نیوەی ئەوانەی بڕیاربوو پارێزبەندیان لێوەربگیرێتەوە، بەبڕیاری پارتی دەرھێندران و نەخرانە بەرنامەی کار، ئەگەر ئێمە ڕێککەوتنی ژێر بەژێرمان ھەبوایە یان بچوکترین تەنازولمان کردبا، ناوی ئێمەش دەردەھێندرا..
تەنانەت ویستیان ناوی شیرین ئەمین دەربکەن، بێمنەتانە وتی: ناوم دەرمەھێنن و منەتیشم نیە پارێزبەندیم لێوەربگرێتەوە.
ئەمەی پارتی بۆدروستکردنی ناکۆکی نێوان ئێمە و کۆمەڵ و دروستکردنی چەندین گومان و پرسیارە کە دەبێ لای هەمو کەسیكی هۆشیار یاریەکی ئاشکرا بێت.بەڵام خۆشبەختانە سۆران عومەر جوامێرانە لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ئاشکرایکرد کەئەوە چ یاریەکی قێزەونە.
دوو ڕۆژە زۆر بەڕوونی بە پارتیمان وتوە: ئەگەر ئامانجتان شکاندنی ئێمە نیە، بێ منەتین و پارێزبەندی لە ئێمەش وەربگرنەوە ، بەڵام دیارە سوربون لەسەر بڕیاری خۆیان ، وەک ئەوەی چەند ئامانجێکیان ھەبێت.
یەک: بیانەوێت ئێمە لەبەردەم رای گشتیدا بشکێنن .
دوو: چاوشکێنمان بکەن بۆ ئەو ھەڵوێست و دۆسیانەی چوار مانگە ئیشی لەسەر دەکەین..
سێ: نیگەرانی پارتی لە نزیکبونەوەی گۆڕان و یەکێتی، کە ئێمە باوڕمان بەم نزیکیە ھەبوەو پشتیوانیمان کردوەو بەکارێکی دروستمان زانیوە.
بەڵێ ئێمە زۆر بەڕوونی چی گەندەڵی نەوت و سەرجەم خاڵی سنوری و بانک و کۆمپانیاکانمان دیاری کردوە، کە پێشوتر ئەم وردەکاریە نەکرابوو، وتومانە چۆنەو کێ دەیکات..
زۆر بەڕونیش وتومانە: گۆڕان دەبێت بە ڕێککەوتن و پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتیدا بچێتەوە، ناکرێت ئێمە لەم حکومەتەدا بەشداربین و ئەم گەندەڵی و تاڵانیە ھەبێت و چارەسەریش نەکرێت، ھەر بگوترێت بڕیاردراو جێبەجێنەکرا! گۆڕان و خەڵکی کوردستانیش زەرەر مەندن لەم شێوە بەشداریە.
زۆر بەدڵنیایی پاش ئەو سیناریۆ ناشرینەی ئەمڕۆ کرا، ھەڵوێست و قسەی ئێمە لەمەودوا شتێکی دیکە دەبێت.
ھەرکەسێکیش بیەوێت زیاتر لە بارەی ھەڵوێستەکانی ئێمە دڵنیابێت، ھیواداراین بەبێ بڕیاری پێشوەخت پرسیاری ھەڵوێستی ئێمە لە پەرلەمانتاران و سەرۆک فراکسیۆنەکان بکات.
ئێمە لە دژایەتی ئەو ئەجێندا مەترسیدارانە بەردەوام دەبین.