سەركۆ گەلاِڵی
پێکھاتەکان ئامرازێک بۆ پێکنەھاتن، مونا …بوکەڵە زەردھەڵگەڕاوەکەی پەڕلەمان
پێش ھەموو لایەک، ھەفتەیەک به‌ر له ٧ ئایار (ڕۆژە شومەکەی پەڕلەمان)ئاماژەمان کرد به‌وه‌ی کە پارتی بەنیازی کەتنێکی ترە بە پەڕەلەمان، و پیلانی داناوە کە ڕۆژی ئەتکردنی پەرلەمان دیاری بکات. لە رێگای ئەوەی دەیویست پارێزبه‌ندی تەنھا لە پەرلەمانتارێک دابماڵێت. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م په‌رده‌لادانه‌دا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میدیاکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەت تۆمەتیان بۆ ھەڵبەستین و وتیان لابردنی پارێزبه‌ندی تەنھا بۆ پەڕلەمانتارێک نییە، بەڵکو چەندین پەرلەمانتار ده‌گرێته‌وه. بەڵام به تێپه‌ڕبوونی كات، راستیی ئێمە و مەھزەلە و سینارێو کەشفەکانی فراكسیۆنی پارتی بۆ گەلی کوردستان روونبوە.
ئێستا دوای ٢٨ ساڵ كاری په‌رله‌مان، دۆخی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه له هه‌موو كات خراپتره. دەزگایەکی ھەواڵگری حزبێكی دیاریكراو جوڵەکانی پەرلەمان ئاراستە دەکەن و لە رێگای دورست كردنی زۆرینەیەکی موزەیف، کار ده‌كه‌ن بۆ به حیزبیکردنی پەرلەمان. ئه‌ندامانی ئەم دەزگا ھەواڵگریە له‌ناو په‌رله‌مان، له جیاتی باشتركردنی بار‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك ته‌نها کار دەکه‌ن بۆ پیرۆزکردنی سەرۆکی حکومەت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ زه‌مانه‌ت كردنی کڕنووشبردنی پەڕلەمان لە بەردەم "رێزدار مسرور بارزانی" و بێدەنگکردنی پەرلەمانتاران.
بەداخەوە کاره‌کتەری سەرەکی جێبەجێکاری پیلان و پلانی دەزگا ھەواڵگرییه‌كه بەڕێز ھێمن ھەروامی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانە كه به‌ناوی زۆرینه‌ی موزیەفەوە کار بۆ تێکدانی یەک ریزی نیشتیمانی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەکان ده‌شێوێنێت و به‌ركردار به گژ گوتاری کاک مه‌سعود بارزانی دا ده‌چێت كه پێشوتر ته‌بایی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی به پێویست ده‌زانی.
ھێمن ھەورامی جگە لەوەی خۆی بوە بە دیاردەیەکی دەنگی و دەنگێکی ناخۆش بۆ تێکدانی یەکڕیزی نیشتیمانی، نوێنه‌ری به‌ناو پێکھاتەکانیش بە کار ده‌هێنێت بۆ خه‌ست كردنه‌وه‌ی پێکنەھاتن له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان. سه‌رباری هه‌موو رێزێكی شه‌خسیم بۆ مونا خان وه‌كو مرۆڤ، به‌ڵام ئه‌م پیاوه مونا خانی کردوە بە بوکەڵەیەکی زەردی بێ ھەڵوێست.
ئێمە تێدەگەین مونا خان و ھاوشێوەکانی لە ناو پێکھاتەکان نوێنەرایه‌تی راستەقینەی تورکمان و کلدان و ئاشوری و سریان و مەسیحی ناکەن بەڵکو بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارتی، وه‌ك باس ده‌كرێت بە دەنگی چه‌ند فه‌وجێكی زێرەڤانی و به ساخته‌ی پاراستن چونه‌تە پەرلەمان، و بوون به مایه‌ی نه‌نگ و بارگرانی بۆ پێكهاته‌كانیان. رۆژی دیكتاتۆرییه‌تی شوومی ٧ ئایار بۆ پارێزگاری كردن له حكومه‌تی پۆلیسیی، به‌ته‌واوی روونی كردۆته‌وه كه نوێنه‌ری بە ناو پێکھاتەکان نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ناكه‌ن و بون به داردەستی پارتی بۆ تێکدانی یەکڕیزی نیشتیمانی، تێکدانی پێکەوەژیان و، مەترسیشیان بۆ سه‌ر قەوارەی پیرۆزی ھەرێمی کوردستان دروست كردوه کە له چوارچێوه‌ی گه‌لی كوردستان دا ده‌یان كه‌مینه‌ی ئاینی و مه‌زهه‌بی و نەتەوەیی جیا له خۆ ده‌گرێت.
ئێمه له‌پێناو پاراستنی ئاشتی كۆمه‌لایه‌تی و رێزگرتن له به‌ها هاوبه‌شه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه بۆ كه‌مینه‌كان و رێگه‌دان به به‌شداری كردنی راسته‌قینه‌یان له په‌رله‌مان، له ئێستادا باشترین چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی كوردستان به ھەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە له نوێنه‌رایه‌تی كردنی پێکھاتەکان ده‌زانین. ئێمه ده‌مانه‌وێت په‌رله‌مانتارانی كه‌مینه‌كان، نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی کوردستان بن و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و پاراستنی پێگه‌ی كه‌مینه‌كان بە شێوەک ھەموار بکرێتەوە كه تورکمان و مه‌سیحی و كلدو ئاشور بتوانن به ئازادانه نوێنه‌ری خۆیان بنێرنه په‌رله‌مان نەک سریەیەکی زێرڤانی بە ١٠٠ کەسەوە نوێنەری خۆی به‌ناوی ئه‌وانه‌وه بخاته پەرلەمان، و هیچ به‌هایه‌ك بۆ كاری په‌رله‌مانی و په‌رله‌مانتاری كه‌مینه‌كان نه‌هێڵێت و ئاشتی نێوان پێكهاته‌كانیش تێك بدات.