PEYKAR.jpg

زبڵخانەی سیاسی

May 9, 2020  |   بیروڕا 

پەیكار عوسمان

 

بردنە دادگا باشترە لە بردنە قەبرسان، بەردەمی حاکمیش باشترە لە بەردەمی ئیزرائیل. بەڵام دادگای سەربەخۆ نەك دادگای پاشکۆ، حاکمی عادل، نەك حاکمی تەزکییە. گەڕانەوەش بۆ دادگا، باشترین گەڕانەوەیە، بەڵام ڕاستییەکەی نەك درۆیینەکەی! یەعنی سەرەتا گەڕانەوەی دادگا، بۆ دۆخی ئاسایی و ئازادبوونی لە کۆتی حیزب و خێڵ و دەسەڵاتی جێبەجێکردن.. ئینجا گەڕانەوە بۆی، چونکە گەڕانەوەکە، تەنیا لەو کاتەدا ڕاستەقینەیە.
وەکچۆن دەسەڵاتێکمان هەیە، هیچ باجێك لەسەر کردنی نیە، موعارەزەیەکیشمان هەیە، هیچ باجێك لەسەر وتنی نیە. ئەمیان هەرچی بەدەسیابێت ئەیکاو ئەویان هەرچی بەدەمیابێت ئەیڵێ. لەهەردوکیاندا هیچ سنورێکی ئەخلاقی لەگۆڕێدا نیەو لەم بێسنورییەشدا، "دەسەڵات و موعارەزە" هەردوکیان بارن بەسەر شانی ئێمەوە نەك تەنیا یەکێکیان.
ئەمیان ڕەقەمی خەیاڵیی ئەدزێ و گوێ ناداتێ، ئەویان ڕەقەمی سەیرلێئەداو گوێناداتێ. ئیتر لە نێوان دزو درۆزندا ئەخلاقی سیاسی تەواو پاشەکشێ ئەکاو متمانەو ئومێد بە سیاسەت نامێنێ.
ئێمە خۆمان ئەزانین پارتی و یەکێتی دزن، کەچی موعارەزە هاتووە پێمان بڵێ پارتی و یەکێتی دزن! یەعنی ڕێك دە ساڵە وزەی کۆمەڵگاو سامانی مرۆیی، لە زانینێکا خەسارئەکرێ کە خۆی زانراوە!!
ئەو وزە بە فیڕۆدانەش لەلایەن موعارەزەوە، ڕێك بەقەت دزییەکەی دەسەڵات تاوانەو ئەبێ هەردوکیان بوەستێنین.
ئاخر چ پێویست ئەکا، لەڕووی مادییەوە دزێتی پارتی و یەکێتیمان بۆ بسەلمێنیت، لەکاتێکا لەڕووی مەعنەوەییەوە، ئەمە خۆی سەلمێنراوە تەنانەت لای پارتی و یەکێتییەکانیش!
چ پێویست ئەکا، بە کەیسێك فڵان سەرکردە بخەیتە بەردەم ئەگەری دزبوون، لەکاتێکا ئێمە خۆمان دڵنیاین لە دزیی ئەو و هاوشێوەکانی!
ئەمەوێ بڵێم، دەسەڵاتی ئێمە، خۆی بە ئەندازەی پێویست ناشرینە، کەچی موعارەزەی ئێمە، ئەونەی لە خەمی ناشرینکردنی ئەوبوو، ئەونە لە خەمی چاککردنی دۆخەکە نەبوو. ئەونەی ڕق و فەوزای دروستکرد "کە کەشێکە بۆ خراپتربوون"، ئەونە کەشێکی لەباری دروستنەکرد بۆ چاکبوون. ئەونەی خراپیی ئەوی کردە سەنتەر، ئەونە چاکیی خۆی نەکردە ئامانج. ئیتر نەشیتوانی چاکبێ و جیاوازبێ. ئیتر بڕێك ڕووی پارتی و یەکێتیشی سپیکردەوە!
گەندەڵی تا ئەوێ ئیمکانی سەلماندنی هەیە، کە خۆی نەبووبێ بە سیستەم. کە گەندەڵی بووبە سیستەم، ئیتر ئیسپاتنەبوونی ئەبێتە نەتیجەو بەدواداچوونیشی ئەبێتە تاوان! شاردنەوەی گەندەڵیش بەشێکە لە هونەری گەندەڵی و هەرئەونەی کە گەندەڵی هەبوو، ئیتر شاردنەوەشی هەیەو ئیسپاتکردنی قورسە.
لێرەدا موعارەزە بڕێك بێتاوانە، لەوەدا کە سیستەم خۆی فەسادەکەیەو بەباشی جێ پێ ی خۆی ئەسڕێتەوە.
بەڵام لەوێدا تاوانبارە، کە ئەسڵەن جێپێ و ڕاستی و ناڕاستی زانیاری زۆر بۆ گرنگ نیە، هەرئەوەی بۆ گرنگە شتێکی دەسکەوێ و خێرا بیخاتە چەلەحانێکەوە. چەلەحانێکەی پۆپۆلیزم و پاڵەوانبازی، کە جگە لە ڕقسازی و سەرئێشەو خراپترکردنی شتەکان، هیچی تری بۆ ئێمە تیانەبوو!
دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی زبڵخانەیەو نوقتە. بەڵام ئەوانیترو موعارەزەش، کەناس نین، بەڵکو مێشی سەر زبڵەکەن!
ئێمە پێویستمان بە ئەخلاقی سیاسی خۆپاککردنەوەیە، نەکئەوەی لەپشتی "ئەو پاککردنەوە"و دژایەتی دوو زبڵەوانەکەوە، خۆت مێش و مشەخوری سەر زبڵەکە بێت!
ئەمەوێ بڵێم، "دەسەڵاتی زبڵیی" و "موعارەزەی مێشیی" و ئەحزاب بەگشتیی، پێکەوە زبڵخانەکەی سیاسەتی ئێمەن.