rojan-hemereshid.jpg

بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێت

May 10, 2020  |   بیروڕا 

رۆژان شەهید حەمەرەش

 

لێرەو لەوێ قسە دەكرێت. لەسەر داھاتی ھەریم ئامار و داتای چەواشەكارانە دەخرێتە ڕوو. خەڵكانێك دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە پرسی لامەركەزییەت بەلاڕێدا بەرن.
پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە خاكەكەی وەك ئاڵتوون و گەوھەرە. ئەمە نعمەتی خودایە دەستكردی حكومەت نییە،
بابزانرێت چۆن،
ھەم لە ڕووی جوگرافی و ھەم لە ڕووی كشتوكاڵی و سامانی ژێر زەوییەوە دەوڵەمەندە.
یەكێك لە تایبەتمەندێكانی شاری سلێمانی، كە شارێكی پیشەسازی و گەشتیارییە،
٣٣٪‏ كارگەكانی عیراق لە سنوری پارێزگای سلێمانییە، ئەمەش بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق.
ھەر دوو وێستگەی كارۆئاوی دوکان و دەربەندیخان كە مانگانە نزیكەی بڕی ٦٥٠ مێگاوات كارەبا بەرھەم دەھێنن، تاكە سەرچاوەی بەرھەمھێنانی كارەبایە لە ھایدرۆپاوەرەوە.
كەرەستەی خاوی پێویست لە ناوچەی بازیان و پارێزگای سلێمانی بەشی ١٠٠ ساڵی ١٠ كارگەی چیمەنتۆ دەكات.
لە ئێستادا شەش كارگەی چیمەنتۆ لە پارێزگای سلێمانی ھەیە .
غازی كۆرمۆری چەمچەماڵ دەكەوێتە پارێزگای سلێمانی و كارەبای ھەولێر و دھۆكی پێ دابین دەكرێت، لە کاتێکدا كۆمەڵێك دەنگی نەشاز باس لە خەرجی ٣٦ ملیون دولاری كارەبای سلێمانی دەکەن، دەبێت بیریان بێت كارەبای تەواوی كوردستان، لە ڕێكەی غازی كۆرمۆر و سەرچاوەكانی دابین كردنی كارەبا لە سلێمانی دابین دەكرێت.
سەرباری گەڕانەوەی سەرجەم داھاتی گومرگەكانی پارێزگایی سلێمانی باج و داھاتی ناوخۆیی تەواوی پارێزگاكە بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.

پارێزگای سلێمانی بەم ھەموو سەرچاوەی داھاتەوە ٨٠ ملیۆن داھاتی بێت بەو ئامارەی كە نازانرێت سەرچاوەكەی كوێیە چونكە لە ساڵی ٢٠١٣ بودجە نەھاتۆتە پەرلەمان تەنانەت لە ساڵانی ٢٠١٦-٢٠١٧ ەوە بەیانی مالیش نەھاتۆتە پەرلەمانی كوردستان و ئاشکرا نییە تا بە روونی بزانرێت داھات و خەرجی ھەرێمی كوردستان چەندە كە ئەمەش بەھۆی ڕێگری كاربەدەستانی حیزبێکە لە حكومەت دا بە مەبەستی پڕكردنەوەی ئەو كەم و كورتیانەی لە داھاتی پارێزگاكانی ھەولێر و دھۆك دا ھەن بە داھاتی پارێزگای سلێمانی .
بەڵگەش ئەوەیە ھەر وەك لە ڕاپۆرتێكی پێشودا ئاماژەم دابوو لە ساڵی ٢٠١٥ دا حكومەتی فیدڕاڵی لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بڕی ١٨ ملیار دیناری بۆ سلێمانی تەرخان كردبوو بەڵام حكومەتی ھەرێم نیوەی ئەو بڕە پارەی نارد بۆ سلێمانی كە دەكاتە ٩ ملیار دینار ، ئەمە لە كاتێكدا بە نووسراوی فەرمی و بە ئاشكرا نێردراوە لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بەڵام حكومەتی ھەرێم نیوەی ئەو برەی بۆ سلێمانی ناردبوو ، جا ئەگەر داھات و خەرجی روون و شەفاف نەبێت ، بودجە و بەیان مالی نەیەتە پەرلەمان چی ڕودەدات ؟!
سەبارەت بەوەی سلێمانی ٣١٥ ملیۆن دولاری دەوێت بۆ مووچە سەیرە خەڵكانێكی قەڵەم بەدەست بە خۆیان دەڵێن پەرلەمانتار تا ئێستاش جیاوازی لامەركەزییەت و فیدڕالیزم نازانن .
نازانن كە لامەركەزییەت بە واتای پێدانی مووچە نییە بەڵكو ئەوە ئەركی حكومەتی ھەرێمە مووچەی فەرمانبەران دابین بكات .
ھەر چەندە ئەو داتایانەی ئاماژەتان پێكردووە سەرلەبەری ھەڵەیە سلێمانی كەمترین ڕێژەی مووچەخۆری ھەیە بۆ زانیاریتان و بەپێی ھەندێ ئامار كە نەتەوە یەكگرتووەکان و بانكی نێودەوڵەتی ئامادەیانكردووە بۆ ساڵی ٢٠١٣ ئەو ڕاستیە دەردەخات كە پارێزگای سلێمانی كەمترین مووچە خۆری حكومەتی ھەیە بەراورد بە ھەولێر و دھۆك ، بەجۆرێك لە سلێمانی ٤٨٪‏ ھەولێر ٥٠٪‏ ودھۆك٥٣٪‏ لە كەرتی گشتی كار
دەكەن ، ھەموو لایەنە سیاسیەكانی ھەرێم ٣٥ ھەزار خانەنشینی سەربازیان ھەیە بەڵام پارتی تەنھا خۆی دوو ئەوەندەی ھەموو لایەنەكانی ھەیە كە دەكاتە ٧٠ ھەزار خانەنشینی سەربازی .
ئەم چەواشەكاری و ھەوڵی بەلاڕێبردنانە لەلایەن خەڵكانێكی نەشارەزا و تێنەگەشتوو لە واتای لامەركەزییەت ساردمان ناكاتەوە لە پێداگری كردن لە لامەركەزی تەواوی شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان و جێبەجێ کردنی خواستی کۆمەڵانی خەلک .