hiwa.jpg

پێكهاتەكان لە هێزی پارسەنگەوە بەرەو نوێنەرایەتی راستەقینە

May 10, 2020  |   بیروڕا 

هیوا سەید سەلیم


كۆبوونەوەی رۆژی ٧ی ئایاری پەرلەمانی كوردستان، كە تایبەت بوو بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر، ئەندام پەرلەمانەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی خستە بەردەم هەڵوێستێك كە بەهۆی بەشداریان لەو دایشتنە و تەواوكردنی نیسابی كۆبووونەوەكە، رووبەڕوی شەڕێكی راگەیاندن بوونەتەوە، كە لە ئەساسدا شەڕی ئەوان نیە، بگرە شەڕی بەوەكالەتی هێزە دەسەڵاتدارەكانە.

جاری یەكەم نیە پەرلەمانتاری پێكهاتەكان، بەهۆی هەڵوێستەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان، پڕوشكی ئاگرەی شەڕێكیان بەردەكەوێت، و دەكرێنە ئامانجی ڕەخنەی ئەوانی دیكە، و واش بڕوات بە ئاگری ئەو شەڕە دەسوتێن.

پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكان كە زۆربەی جار بۆ ناشیرینكردنیان پێیان دەوترێت كەمینەكان، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی خرابی لە شێواز و ئالیەتی هەڵبژاردن، نوێنەرایەتیان لە لایەن دەسەڵات دەقۆزرێتەوە، بۆیە هەر ئەوەشە دەبێتە هۆكاری ئەوەی لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بێبەش بن، كە سەرەنجام ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵوێستەكانیان دەبێت لە نێو پەرلەمانی كوردستان، ئێ خۆ واشە ئەو لایەنەی كە لە هەڵبژاردن هاوكار و پشتیوانی كردوون چاوی لەوەیە لە رۆژێكی وادا ئەوان بەهانایەوە بێن.

ئەگەر دیقەت بدەن قسەكانی یەكێك لەو پەرلەمانتارانە لەو كۆبوونەوەی باسمانكرد، نیگەرانی زۆری پێوەدیاربوو، بەوەی ئەوان حەزناكەن لەو ململانێیە بخزێندرێن.

بۆیە لە پێناو زامنكردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان، و خۆبەدوورگرتنی ئەو پێكهاتانە لە ململانێیەك، كە ئەركی ئەوان نیە، كاتی ئەوە هاتووە خۆیان لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەك ئامادەبكەن، كە تیایدا زامنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێكهاتەكانی كوردستان بكات، و ڕێگری بكات لە دەستوەردانی هەر هێزێك لە كاندیدكردن و دەنگدان بە نوێنەرەكانیان.

ئەوەشیان بەوە دەكرێت كە لەو پڕۆژە یاسایەی پێشكەشی دەكەن، پێداگیری بكەن لە جیاكردنەوەی لیستی دەنگدەری پێكهاتەكان، بەشێوەیەك كە سندوقی دەنگدانیان جیابكرێتەوە لەو شوێنەی ئەوان كە دەنگی بۆدەدەن.

راستیەك هەیە ئەویش بەوەی هەر پێشنیارێك بۆ پرۆژە یاسایەك كە بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش بكرێت، ئەگەر لە لایەن خودی پێكهاتەكان ئامادەنەكرێت، و ئامانج لێی دەربازبوون نەبێت لەو دۆخەی تێیكەوتوون، نە قەبوولكراو دەبێت و نە بە ئاسانیش لە پەرلەمان تێدەپەڕێت.

چونكە دەخرێتە ناو گەمەی ململانێكە، بەڵام ئەگەر پڕۆژەی یاسای خۆیان بێت ئەوا جگە لەوەی زامنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی تایبەت بە خۆیان دەكات، و پرۆژەكەش لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە پشتیوانی لێدەكرێت.

بەدەر لە ئەوان هەر لایەنێكی دیكە پڕۆژەی هەمواری یاسایی هەڵبژاردن تایبەت بە دەنگدان و هەلبژاردنی پێكهاتەكان پێشكەش بكات، نەك پشتیوانی زۆرینەی پێ مسۆگەر ناكرێت، بگرە ئەویش دەخرێتە ناو ئەو گەمەیەی كە ئێستا نوینەرایەتی پێكهاتەكانی تێكەوتوون، لە پشتیوانی لە لایەنێك و دژایەتیكردنیان لە لایەن لایەنەكانی دیكەوە.

لەوانەیە بپرسن كە ئایا ئەو كارە بەوانە دەكرێت كە بەدەنگی خۆیان نەچووونەتە پەرلەمان؟ ئەمەیان راستیەكی تاڵە و نكۆڵی لیناكرێت، بەڵام خۆ ناشكرێت تا سەر نوێنەرایەتی پێكهاتەكان بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر دوو پەرلەمانتاریش لە كۆی ١١ پەرلەمانتاری پێكهاتەكان پرۆژەیەكی لەو شێوەی باسمانكرد پێشكەش بكەن، گرنگە و پشتیوانی لێدەكرێت، بۆیە كاتی ئەو دەستپێشخەریە هاتووە.

لە كۆتاییدا دەڵێین نەشەڕی نوێنەراتی پێكهاتەكان چارەسەری ئەو دۆخەی ناو پەرلەمان دەكات، نە ئەوانیش لە شەڕی راگرتنی باڵانس و بوونە پارسەنگ بۆ لایەنێكی دەسەڵات قازانج دەكەن، بگرە چارەسەر لە هەمواری یاسایی هەڵبژاردنە، هەر ئەویش دەتوانێت نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە هیزی پارسەنگەوە بگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەقینە.