baban.jpg

دەربارەی وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان

May 13, 2020  |   بیروڕا 

بابان جەعفەر

 

رۆژی پێنج شەممە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: پەرلەمان كۆنابێتەوە تا بەو شێوەیەی لێ نەیەت کە خواستی هەموو ئەو هێزانەی تیادا بێت كە لە پەرلەماندا بونیان هەیە"، ئەم لێدوانە گرفتی هەیە، چونکە ئێستا پەرلەمانی کوردستان دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی یەکەم پارتی و پێکهاتەکانن، بەرنامەیان دیارە و رابردویان پێمان دەڵێت بەرەکەیان تێکناچێت، لە وێستگە چارەنووس سازەکانی خولی چوار لە (23ی حوزەیران، 19ی ئابی 2015، پەکخستنی پەرلەمان)دا پێکەوەبوون، هۆکاری پێکەوە بوونیان چییە و بۆچی پێکهاتەکان کەوتونەتە بەرەی پارتی ئەوە باسەکەمان نیە، بەڵام بەرەی دووەم کە لە هەڵگرتنی پاریزبەندی لەسەر (سۆران عومەر)ەوە درووست بووە، بەرەیەکە متمانەیان بەیەک نییە و رابردوویەکی خراپی کاری پەرلەمانی و سیاسیان لەگەڵ یەک هەیە و چەندین جاری تر بەرەیان پێکهێناوە و تێکیانداوە، بۆ نموونە، نیوەی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشداری دانیشتنی (19ی ئابی 2015) ی نەکردوو بەمەش نیسابی دانیشتنەکە تەواو نەبوو، بەرەکەشیان تێکچوو، دواتر بێ هەڵویستی یەکێتی و یەکگرتوو وەهای کرد پارتی رێگری لە (د.یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان) بکات و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ پەکی بکەوێت، بۆیە درووستبوونی بەرەیەکی نوێ لە بەرامبەری بەرەی پارتی، بنەمای هاوبەش و کاری هاوبەشی دەوێت کە ئەم هێزانە (یەکێتی، گۆران، کۆمەڵ، یەگرتوو، نەوەی نوێ، ئازادی، سەربەخۆکان) کەمتریان بنەمای هاوبەش و کاری هاوبەشیان هەیە، هەر رۆژی پێنج شەمە (نەوەی نوێ و یەکگرتوو) بەشداری کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی بەرەی (7ی ئایار)یان نەکرد، کەواتە مەبەستمە بلێم هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵین هیچ بەرەیەک لە بەرامبەر بەرەی پارتی و پێکهاتەکان نیە، تا قسەکەی سەرۆکی پەرلەمان بەراست بگەرێت و پەرلەمان بە خواستی هەموو لایەک کارا بکرێتەوە، نەک وەک نیوەی خولی چواری و تا ئەمڕۆی خولی پێنج، پەرلەمان و حکومەتیش نوێنەرایەتی خواست و دنیا بینی پارتی دەکات. لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان وتی: "پەرلەمان ئەو کاتە کۆدەبیتەوە کە باس لە کێشەکانی خەڵکی کوردستان بکات، ئەو کاتە کۆدەبیتە کە بە شکۆیەکی تایبەت و بە متمانەیەکی تایبەت بچێتەوە ناو خەڵک"، با سەرەتا بپرسین ئەی ئەگەر بەو شێوەیە نەبوو چی؟ خودی سەرۆکی پەرلەمان و حزبەکەی هەڵوێستیان چی دەبێت؟ چونکە لەسەرەتای دەست بەکاربوونی ئەم خولەوە خەڵکی کوردستان داوای هەڵویستیان لە پەرلەمان کرد، بەڵام پەرلەمان نەک نەیتوانی کار بۆ بەدیهێنانی خواستنەکانیان بکات لەرێی دەرچواندی یاسا و چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێ کردنەوە، بەڵکو زیاتر پاشەکشەیان لە مەهامەکانی کاری پەرلەمانی کرد، بۆ نموونە، هەمواری ماددەی (79)ی پەیرەوی ناوخۆیان کرد و بڕیاریاندا گفتوگۆ لەسەر هیچ پێشنیازە یاسا و بریارێک نەکەن ئەگەر لێکەوتنەی دارایی هەبێت، تا وەگرتنی رەزامەندی حکومەت، یان سەبارەت بە پرسیاری ئەندامان، لەماوەی ئەم خولەدا ئەندامان زیاتر لە (250) پرسیاریان ئاڕاستەی حکومەت کردووە، بەڵام بەپێى وتەی سەرۆکی پەرلەمان ،کە لە دانیشتنی کردنەوەی خولی بەهارە لە (01/03/2020)دا وتی: زیاتر لە (115) پرسیاری وەڵام نەدراوەیان هەیە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەهەند وەرنەگرتنی پرسیاری ئەندامان لەلایەن حکومەتەوە، سەبارەت بە یاساکان پەسەنکراوەکان، لەم خولەکە گرنگترین یاسا بۆ خەڵک پەسەندکردنی یاسای چاکسازی بوو، خواستی مووچە خۆران لەو یاسایەدا ئەوەبوو، پاشەکەوتەکانیان بۆ بکرێتە سەر ژمارە حسابێک و بۆ مامەڵە حکومیەکانیان بەکاری بهێننەوە، بەڵام ئەو خواستەش بەدی نەهات ، کەواتە کردنی ئەو قسەیەش بنەمای نیە، چونکە خەڵک لەم کاتەدا بە پلەی یەک دابینکردنی مووچەی بۆ گرنگە، ئایە پەرلەمان دەتوانیت چی بکات؟ خەڵک نەهێشتنی گەندەڵی و هێنانەوەی ئەو سەدان ملیار دۆلارەی بۆ گرنکە کەباسی بردنە دەرەوەی دەکرێت؟ ئایە پەرلەمان دەتوانێت چی بکات؟ بێگومان ئەگەر بەپێی یاسا و پەیرەوی ناوخۆ بێت پەرلەمان دەتوانێت بەدواداچوون بکات و حکومەت بخاتە ژێر وەرگرتنەوەی متمانە ئەگەر ئەو خواستانەی نەهێنایە دی، بەڵام ئایە بەم پەرلەمانەی ئێستا دەکرێت.