aso.jpg

ھەڵوێستەکەی سەرۆکی پەرلەمان

May 14, 2020  |   بیروڕا 

ئاسۆ حاجى

 


بەداخەوە سەرۆکی پەرلەمان لەجیاتی پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان فەرمانی حیزبی جێبەجێکرد، لەجیاتی سەرۆکی پەرلەمانی ھەموو کوردستانیان بێت، تەنھا نوێنەرایەتیکردنی حیزبەکەی ھەڵبژارد و وەک کادیرێکی گوێڕایەڵ فەرمانەکانی سەرووی خۆی جێبەجێکرد لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکەی و لە خۆ رازیکردنی ھاوسەرۆکە نوێیەکانی، لەجیاتی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، لەجیاتی ببێتە بەشێک لە چارەسەری بووە ئامڕازێک بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکان.

لێدوانەکانی رێواز خان لەوەی تا شکۆ بۆ پەڕلەمان نەگەڕێتەوە و دانیشتنەکان لەبەرژەوەندی خەڵک نەبن بانگی پەڕلەمانتاران ناکات بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و گچکەکردنەوەی پۆستەکەی و ئەرکەکەی وەک نوێنەری خەڵک بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەی زیاتر نیە و ئەو بڕیار و ھەنگاوەشی رێک لەگەڵ پیلانی حیزبەکەی یەکدەگرێتەوە کە ھەموو توانایان خستۆتەکار بۆ پەکخستن و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پەرلەمان بڕیاری لێداوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر کردووە و پێویستە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

لەوەدەچێت سەرۆکی پەرلەمان ھەوڵبدات ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان و ھەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێک لەو گرژی و ململانێ سیاسیانە ببەستێتەوە کە لەنێوان حیزبەکاندا ھەیە بە تایبەتیش لەنێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕاندا، بەو کارەشی ھەوڵبدا خۆی لە بڕیاربەدەستە نوێیەکانی حیزبەکەی نزیک بکاتەوە، چونکە ئەوان رێگر بوون لەوەی رێواز خان ببێتە سەرۆکی پەرلەمان و دواتریش لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا بە تەزکیە ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی، بۆیە ھاتنەپێشی ئەو دۆخە ئەگەر بە دەستی ئەویش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە بۆ ئەوەی لەناو حیزبەکەشیدا چیدیکە لەسەر ئەو باڵە لاوازە حیساب نەکرێت کە پێشتر بۆ دڵ راگرتنێکی کاتیی سەرکردەکەیان رازی کرد.

دەرفەتێکی باش بۆ رێواز خان رەخسابوو کە وەک ئافرەتێک مودێلێکی سەرکەوتووی سەرۆکایەتیکردنی گرنگترین دامەزراوەی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان نیشانبدات و ببێتە ھاندەرێک کە حیزبەکان بۆ ناوەندەکانی دیکەش چاویان لەسەر ئافرەتانیان بێت، نەک لە یەکەم تاقیکردنەوەی جدی و ھەستیار ئەوەمان نیشانبدات کە تەنھا درێژکراوەی عەقڵیەتی نێری حیزبە و پیاوانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبیەکان ھەموو کارێک دەکات