serchnar.jpg

ڕاگرتنی خۆپیشاندەرانی دهۆک کارێکی نایاساییە

May 20, 2020  |   بیروڕا 

سەرچنارئەحمەد

 

حکومەت و دەسەڵات کاتێک یاسا لەبەرژەوەندییان بێت دەڵێن بەپێی یاسا کار دەکەین و کاتێکیش زانیان کارەکانیان سەرپێچییە بۆ یاسا خۆیانی لێ بێدەنگ دەکەن و خوازیاریشن دەزگا چاودێرییەکانی وەک پەرلەمان و داواکاری گشتی و دەستەی دەسپاکی و ...هتد پێیان نەڵێن بەری چاوتان کلی پێوەیە!!ئازادی ڕا دەربڕین لەڕێی گرتنەبەری سەرجەم میکانیزمەکانەوە و ئازادی کاری ڕاگەیاندن و کۆبونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتی خوازانە مافێکی دەستوری هەموو تاکێکە کەلە مادەی 38ی دەستوڕدا ئاماژەی پێدراوە و لەمادەی 46یشدا ڕێگری لە کۆت و سنوربەندکردنی ئەم مافانە کراوە.ئەوەی لە هەرێم ڕودەدات کارکردنە بە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 (یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان) کەلە مادەی 3 دا هاتووە دەبێت بۆ هەر خۆپیشاندان و کۆبونەوەیەکی ئاشتی خوازانە مۆڵەت لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەربگیرێت!ئەم مادەیە مادەیەکی نادەستوریە چونکە کۆت و سنوربەندی تاکەکان دەکات ،چۆن دەبێت خۆپیشاندان لەسەر کەموکورتی و کەمتەرخەمی دەسەڵات بکرێت و داوای مۆڵەتیش هەر لەدەسەڵات وەربگیرێت؟ لەبەرئەوە جارێکی تر دەبێت پەرلەمان پێدچوونەوە بەو یاسایەدا بکاتەوە بەشێوەیەک کە زامنی تەواوی مافی خۆپیشاندەران بکات.لەگەڵ ئەوەی یاساکە نادەستورییە کارپێکردنیشی نایاساییە چونکە هەربەپێی مادەی 10ی یاساکە نابێت هیج کەسێک بە تۆمەتی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت ڕابگیرێت و ڕاپێچی زیندان بکرێت لەبەرئەوەی کردەی تۆمەتبار لەجۆری سەرپێچییە (المخالفە) وە بەپێی مادەی 110بڕگەی ب /لە یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکان نابێت سەرپێچیکار ڕابگیرێت ،واتە نابێت (توقیف) بکرێت تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت ئەویش ئەوەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی نادیاربێت .ئیتر نازانم دەستگیرکردن و ڕاگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران و چالاکوانان ڕاگەیاندنکاران لە ڕوداوەکەی 16/5/2020ی پارێزگای دهۆک لەکوێی یاسادا جێی دەبێتەوە؟باشترە ئەم دەسەڵاتە لەبری سەرقاڵ بوون و شڵەژان بەکاری خۆپیشاندانەکانەوە لەبیری زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرەکان و باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیاندابێت کە 34 مووچەی پاشەکەوت کردوون و 8 مووچەی تەواویشی بێسەرو شوێن کردوون و ئەوە خەریکە 5 مانگیش لەساڵی 2020 تێدەپەڕێت (سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدراڵیش مووچەی 3 مانگی ساڵی 2020ی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە )هێشتا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوەو دەستەوسان بووە لە پێدانی مووچەی مانگی 1 ی فەرمانبەرەکانی کەئەگەر بەیاساو گەڕانەوە بۆیاسای خزمەتی شارستانی بوایە دەبوو حکومەت مانگانە مووچەی فەرمانبەرەکانی لەکاتی خۆیدا دابین بکردایە.کورد ووتەنی بانێکەو دوو هەوا.