liza.jpg

چما سلێمانی یەک سەرمایەداری هەیە؟

May 20, 2020  |   بیروڕا 

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

 

گرتنەبەری ڕێشوێنی پێویست بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی بەسەر بازاڕی نەوت و دابەزینی نرخی نەوت، دواتر کێشەی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم کە لە بەغداوە رەوانەدەکرێت و نزیکەی لە ٪٥٠ ی داهاتی هەرێم لەخۆ دەگرێت… ئەمانە گشتی هۆکارگەلێک بوون بۆ کەمبوونەوەی داهات و پێویست بوو حکومەتی هەرێم بیر لە بژاردەی نوێ بکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی پەیدابوو لە داهات. هەدەفی یەکەمیش ئەوە بوو کە بەهەر شێوەیەک بێت بتوانرێت پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز مووچەی فەرمانبەر و مامۆستایان بدرێت.
هەنگاوەکان بۆ دابینکردنی مووچە:
هەنگاوی یەکەم/ بەکۆی داهاتی ناوخۆ و دواتر قەرزکردن لەهەندێک کۆمپانیای نەوتی توانرا بڕی 400 ملیۆن دۆلار کۆبکرێتەوە و بەسەر وەزارەتەکانی پێشمەرگە، تەندروستی و ناوخۆ دابەش بکرێت.
هەنگاوی دووەم/ ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو حکومەتی هەرێم بیر لە بژاردەیەکی نوێ بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بۆشاییە داراییەی پێ پڕبکاتەوە و مووچەی سەرجەم وزارەت و دەستەکان پێش جەژن دابەش بکات. بۆ ئەمەش بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بیری لەبژاردەی قەرزی نێوخۆیی (قەرز وەرگرتن لە وەربەرههێنەرە نێوخۆییەکان) کردەوە.
بەهۆی وابەستەبوونمان بە عێراقەوە ناتوانین دەست بۆ بژاردەی قەرزی دەرەکی ببەین و تاکە رێگە قەرزی نێوخۆییە کە بۆ ئەمەش حوکمەت داوای لە وەبەرهێنەرە دیارەکانی هەرێم کرد ئامادەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بن بۆ ئەوەی داواکەیان ئاراستەبکرێت. کۆبوونەوەکە لە ۱۲ ەی ئایار لە هەولێر بەرێوەچوو. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو تەنها یەک سەرمایەداری سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادەیی دەربری کە بەدەم داواکارییەکەی حکومەتدا بچێت! دواجار دەرکەوت کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە فشار خستراوەتە سەر وەبەرهێنەرانی سنووری سلێمانی کە نابێت بەدەم داواکارییەکەی حکومەتی هەرێمەوە بڕۆن و لەبڕی بەشداریکردن بایکۆتی کوبوونەوەکە بکەن!
بەهەرحال توانرا لەرێگەی قەرز وەرگرتن لە وەبەرهێنەرانی هەولێر و دهۆک و یەک وەبەرهێنەری سلێمانی گوژمەیەکی بەرچاو کۆبکرێتەوە و موچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان پێش جەژن دابەشبکرێت.
ئەوەی راستی بێت ماوەکانی پێش شاهێدی سیناریۆیەکی هاوشێوە بووین، کاتێک حوکمەت لە رێگەی راگەیاندنی (کەمپینی بەیەکەوە بەهێزترین) و کردنەوەی هەژمارێکی بەنکییەوە داوای لەسەرجەم خێرخوازان کرد بەپێی توانا بەشداربن لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری. لەکۆتاییدا دەرکەوت لە ۸٠٪ ی ئەو ۲٠ ملیۆن دۆلارەی لە (کەمپینی بەیەکەوە بەهێزترین) کۆکراوەتەوە لە رێگەی خێرخوازانی هەولێر و دهۆکەوە بووە! بەڵام بەبێ گوێدان بەم ئەنجامە ناڕەوایە حکومەت کۆمەکەکەی وەکو یەک و بە یەکسانی دابەش کردە سەر تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان…
وانەزانرێت مەبەست لە نوسینی ئەم بابەتە زەقکردنەوەی پرسی ناوچەگەرێتییە، بەڵکو مەبەستی سەرەکی ئاشکراکردنی ئەو راستیانەیە کە دەگوزەرێت و هاونیشتیمانیانمان لێی ئاگادارنین. لەم ناوراستەشدا کەسانێک بەدڵی خۆیان و لەژێر سێبەری ئەجێندای مەترسیدار بەردەوام خەریکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو و شێواندنی راستییەکانن. ئەگەر هەرکەسێک هەوڵبدات واقعبینانەتر خوێندنەوەی ورد بکات بۆ دۆخی سیاسی و ئابووری ئێستای کوردستان ئەوکات بۆی روون دەبێتەوە کە "خواستێکی جدی هەیە بۆ کاری پێکەوەیی و پاکسازی تەواوی بەجێماوەکانی سەردەمی دوو ئیدارەیی. بەڵام لەلایەکی ترەوە خواستێکی بەرهەڵستکاری تووند هەیە کە لە هەوڵی تۆخکردنەوەی پەرتەوازەیی و لێکترازانی نێوخۆییدایە".