abdulqadr.jpg

چ دەسەڵاتێک تایبەتمەندە بە هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى پەرلەمانى کوردستان؟

May 25, 2020  |   بیروڕا 

عەبدولقادر ساڵح

 

بڕیارەکانى پەرلەمانى کوردستان بە گوێرەى ئەحکامى ماددەى (77) لە پەیرەوى ناوخۆ وەک بەشێک لە کارى یاسادانان (تشریع) دێتە ژماردن و دەبێت هەمان ئەو رێککارانەى بۆبگیرێتە بەر کە بۆ دەرچواندنى یاساکانیش دەگیرێنە بەر و لەلایەن خۆشیەوە ئەنجومەنى شوراى هەرێم لە بریارى ژمارە (89/ دستەى گشتى /کارگێڕى/2014) لە 21/5/2014 جەختى لەسەر کردۆتەوە کە ئەو بڕیارانەى لە پەرلەمانى کوردستانەوە لەرێگەى دەنگدانەوە دەردەچن ، دەچنە چوارچێوەى کاروبارى پەرلەمانى و ملکەچ نین بۆ چاودێرى قەزاى کارگێڕى، هەروەک بریارەکانیش ملکەچ نین بۆ تانە لێدان لەبەردەم دەسەلاتى دادوەرى ئاسایى (القضاء العادی) ، کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات کە ئایا بریارەکانى پەرلەمانى کوردستان چۆن دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێنەوە ، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، هەوڵدەدەین لە خوارەوە لە رێگەى چەند سەرنجێکى یاساییەوە تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتە:
یەکەم: یەکێک لەسەرچاوەکانى مەشروعیەت بریتییە لە دەسەلاتى یاسادانان کە ئەم دەسەلاتە رەوایەتى بە کاروبارەکان دەدات و رێگە پێدراو نیە کە پەرلەمان خودى خۆى کاروبارەکانى نا مەشروع بن ، بەم هۆیەشەوە ناکرێت دەسەلاتێکى دیکە وەک رەقیب چاودێرى کارەکانى بکات مەگەربێتوو لە دەستوردا دەقی لەسەر هاتبێت هەروەک لە ماددەى (93/ یەکەم) ى دەستورى عێراقى ساڵی 2005 دا هاتووە دەربارەى پەرلەمانى عێراقی. کە دادگاى باڵاى فیدرالى تایبەتمەندە بە چاودێرى دەستوریى بوونى یاسا و رێسا بەرکارەکان، بەڵام لە هەرێم لەبەر ئەوەى دەستوورمان نیە، بۆیە دادگایەکى لەم جۆرەشمان نیە، بەم هۆیەشەوە رووبەرووى بۆشاییەکى یاسایى دەبینەوە لەم بوارەدا کە دامەزراوەیەکى دەستووریمان نیە تایبەتمەندبێت بە پیادەکردنى چاودێرى بەسەر کاروبارى یاساکاریى (تشریع) پەرلەمان و تانە دان لە دەقى ماددەى یاسای و بریارەکانى دەرچوو لە پەرلەمانى کوردستان.
دووەم: بە گەرانەوە بۆ یاساى ژمارە (1)ى سالى 1992 و هەروەها پیرەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، هیچ میکانیزم و رێککارێکى شکلى نەهاتووە دەربارەى چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بریارانەى پەرلەمانى کوردستان کە لەکەى (عیب) نا مەشروعبوونى لەسەر بێت، تا لەو رێگەیەوە چارەسەرى بابەتەکە بکرێت، چونکە هیچ یەک لە یاسا و پیرەوکە گریمانەى (افتراض)ى ئەم بابەتەیان نەکردووە تا حوکمى تایبەتى بۆ دابڕێژن. جگە لەو رێککارانە نەبێت کە لە ئەحکامى ماددەى (96)ى پێرەى ناوخۆدا هاتووە سەربارەت بە دەسەلاتەکانى سەرۆکى هەرێم بۆ رەتکردنەوە یان پەسەندکردنى یاسا و بریارەکانى پەرلەمان بە پێى ئەوەى کە لە دەقی پێرەوەکەدا هاتووە.
سێهەم: لەسەر بنەماى ئەوەى لاى سەرەوە ، دەتوانین بڵێن کاتێک کە بریارێک لە پەرلەمانى کوردستانەوە و بە دەنگدان دەردەچێت، رێگە پێدراو نیە کە تانە (طعن) لێ بدرێت چ لەلای سەرۆکى پەرلەمان یان دەسەلاتى دادوەرى ، لەبەر ئەوەى هیچ لایەکیان تایبەتمەند (مختص) نین بە بینینى ئەو جۆرە تانانە و هەروەها یاسا و پێرەوەکە هیچ جۆرە شکلیەتێکى بۆ دەستنیشان نەکردووە تا دواجار لەم ریگەیەوە بریار بدرێت بە هەڵوىشاندنەوەى بریارە پەرلەمانییەکە، بۆیە بە برواى ئێمە تاکە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بریارێکى پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەى بریارەکەیە بە هەمان ئەو شێوەیەى کە بریارەکەى پێشترى پێدەکراوە ، بەو مانایە پێویستە دووبارە پەرلەمان بە پێى رێککارەکانى هاتوو لە پیرەوى ناوخۆ ، پرۆژە بریارێک بخاتە دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو بریارەى کە پێشتر دەرى کردووە، وەک چۆن کاتى خۆى پەرلەمانى کوردستان بە بڕیارى ژماره‌ (12) له‌ 3/10/2002 بڕیاریدا بە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى ژماره‌ (31) له‌ 6/11/1997 تایبەت بە ره‌زامه‌ندى نیشاندان له‌سه‌ر گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى یاسایى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى قه‌زایى دژ به‌ هه‌ردوو ئه‌ندامى په‌رله‌مان عه‌بدولڵا ره‌سول عه‌لى (كوسره‌ت) و مسته‌فا سه‌ید قادر به‌ گوێره‌ى ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ئاراسته‌یان كراوه‌ ، بەپێچەوانەوە، بەبرواى ئێمە ناکرێت لەبەر هەبوونى لەکە لە رێککار یا دەسەلاتەکاندا ، بریارێکى پەرلەمان بە نارەوا (باطل) دابنرێت و بگوترێت کارى پێناکرێت.