serchnar.jpg

ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشت بە چ یاسایەک کاری خێرخوازی سنوردار دەکەیت؟؟

Apr 6, 2020  |   بیروڕا 

سەرچنار ئەحمەد

 

لە پانۆرامای مێژووی کارگێڕی و سیاسی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هێندە هەڵەی یاسایی ( وێڕای سیاسی و کارگێڕی ) دەبینین دەگەینە قەناعەتێک کە ئەم حکومەتە یاساکانی پەڕلەمانی کوردستان ناخوێنێتەوە یان لێیان تێناگات !! بۆنموونە :
- بڕیاری پاشەکەوتی مووچە و هێنانی نەهامەتی بەسەر مووچەخۆراندا.
- بڕیاری هەوڵدانی ڕێکەوتن لەگەڵ ناوەند لەبابەتە چارەنوسسازەکانداو ڕێکخستنی پەیوەندی لەگەڵیدا بەبێ گەڕانەوە بۆ پەڕلەمانی کوردستان .
- واژوکردنی ڕێکەوتننامە لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت لەگەڵ بوونی دەزگا ووردبینی و چاودێرییەکانی هەرێم.
- سیاسەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نەوت.
ئەمانەو چەندین بڕیاری تر کەکۆتاییەکەی بە ڕاگەیاندنەکەی ئەنجومەنی وەزیران دێت تایبەت بە سنوردارکردنی کاری ڕێکخراوەکان و بەرگرتن لەکاری خێرخوازی بەبیانوی دابەشکردنی نادادپەروەرانەو موزایەداتی سیاسی و داواکردن بەوەی تەنها کارەکان بۆ خوا بێت و بۆ ڕیا نەبێت !!
 ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران / لیژنەی شانەی قەیرانەکان، ئاماژەی نەداوە بە هیچ پاڵپشتێکی یاسایی ...
ئەمە لەکاتێکدا دەبێت هەموو بڕیارێکی کارگێڕی کە دەردەچێت پاڵپشت بکرێت بەیاسایەکی پەرلەمان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کەبەمەش دەوترێت ڕەوایەتی واتە مەشروعیەت.
لێرەوە دەڵێم حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەبڕیارێکی نایاسایی ئەو جۆش و خرۆشەی خێرخوازان و هاووڵاتیان و ڕێکخراوەکان لەکاری خێرخوازی کپ بکاتەوەو ئەوهەستە بەرزە مرۆڤ دۆستانە نەهێڵێت و کۆمەڵگە جامد بکات لەهەموو بەرپرسیاریەتیەکی هاوکاری و یارمەتی و دەستگیرۆیی کردنی هەژاران بەبیانووی ڕێکخستنەوەی کاری خێرخوازی و ئەم پرسەش وەک هەموو پرسەکانی تر قۆرخ بکات و چارەنووسی ئەمیش بەنادیاری و ناشەفافی بمێنێتەوە.
بەگەڕانەوە بۆ دەستور و یاسای ڕێکخراوە ناحکومیەکان لەهەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (2011) و یاساکارپێکراوەکانی دی ،کاری چاکەو چاکەخوازی ئازادو ڕەهاکراوە لەهەموو جۆرە سنوردارکردنێک لەبەر ئەوەی ئامانج تیایدا خۆش ژیانی هاووڵاتیانە.
وەلەیاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (3)ی ساڵی (1992)ی هەموارکراو لەمادەی (هەشت) بەهەر (12) بڕگەکەیەوە ئەم ئەنجومەنەو هەر لیژنەیەکیش کەلەوەوە پێکبهێنرێت وەلە هیچ یاسایەکی بەرکاری تریشدا نەهاتووە کە دەسەڵاتیان پێبدات لە دەرکردنی وەها بڕیارێک.
ئەم کاری چاکەخوازییەی کە ڕێکخراوەکانی ڕابیتەی ئیسلامی و هانا و دڵاواو  و بەخشین و بەختەوەری و ...هتد پێی هەڵدەستن پاڵپشتی یاسایی هەیە نەک پێچەوانەی یاسابێت .
وە سەبارەت بە سنوردارکردن و دەستبردن بۆ مافی تاک لەچالاکی خێرخوازی لە وڵاتی دیموکراسیدا هەڵەیەکی دەستوری هێندە زەقە ناتوانرێت هیچی لەسەربنوسرێت و ژیر سەرسام دەکات !!