luqman-wardi.jpg

ناو وناوبانگی پێشمەرگە بپارێزن

Apr 14, 2020  |   بیروڕا 

لوقمان وەردی

 

پێشمەرگە تێکۆشەری سیاسی چەکدارە ، وێرای دلسۆزی و فیداکاری و گیانبازی، لەپێناو ئازادی سەربەستی میللەتەکەی پێش مەرگی خۆی دەکەوێیت و گیانی خۆی دەخاتە سەرلەپی دەستی ، بۆیە پێشمەرگە بە سیمبولی ئازادی و سەرفرازی گەل ناودەبرێیت ، ئەوە کورترین پێناسەیە بۆ پێشمەرگە.
جێگای داخە ھەموومان گوێبیستی ووتەی ئەحمەد مسماری ووتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی سوپای نیشتیمانی لیبیا بووین ، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند چەکدارێکی کوردیان دەستگیرکردوە بەناوی (شاکر فرمان صالح )ه کە لەریزی ئەو هێزە هاوبەشەی سوپای بەناو سوریای ئازادی سەر بەتورکیایە.
ھەروەھا ووتەبێژەکە راشیگەیاند چەکدارە کوردە دەستگیرکراوەکە سەر بە پێشمەرگەی ڕۆژە لەهەرێمی کوردستان ڕاهێنانی پێکراوە.
مسماری بە گلەیەوە دەڵێت "چۆن دەبێ کوردەکان ببنە تیرۆریست و لەریزی سوپای تورکیا دژی ئێمە شەڕ بکەن.
لەسەر ئەم پرسە نیشتمانیە بۆ پاراستنی ناو ناوبانگی پیرۆزی پێشمەرگە دەبێیت سەرۆکی حکومەت و وەزیری پێشمەرگە و وەزیری ناوخۆ بێنە سەرھێل دەست بەجێ لیژنەی لێکۆلینەوە دروست بکەن و رای گشتی لەراستی ئەو ھەواڵە ئاگاداربکەنەوە .
، مادام لەماوەی رابردوو زۆر جار لەسەر پۆست و لێدوانی فەیسبوک ووتەبێژی حکومەت لێدوانی داوە و سەرۆکی حکومەتیش دەستبەجێ فەرمانی
پێکھێنانی لێژنەی دەرکردوە ، دەفەرموون بۆ پاراستنی ناو وناوبانگی پێشمەگە بەپەلە لێژنەی لێکۆلینەوە پێکبھێنن ، ئەرکی ئەو لێژنەییە دەبێیت بەدواداچوون بۆ لیبیاش بکات روونی بکەنەوە چۆن ئەو چەکدارانە لەژێرناوی پیرۆزی پێشمەرگە گەیشتنە لیبیا لەریزی سوپای بەناو ئازادی سوریا.
ئەو ھێزە چەکدارەی ناوی لێنراوە (رۆژ ) ژمارەیان شەش ھەزار کەسێک دەبێیت ، رەگەز نامەی عێراقیان نیە، زۆرینەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن ، پێچەوانەی یاسا لەچوارچێوەی ھێزێک ناونوسکراون و لەخەزێنەی گشتی مووچە وەردەگرن ، لەبنەرەتدا ئەو ھێزە چەکداری ئەنجومەنی کوردی سوریان کەبە (ئەنەکەسە) ناسراون کاتی خۆی بۆ مل ملانێی رۆژئاوا دامەزرێنران ،
ھێزیکی تەواو نایاساییە لەکاتی مەشق و راھێنانیان چەندجارێک بەرپرسی باڵای تورکیا سەردانی کردوون ،لە ئێستاشدا ئەو ھێزانە بوونەتە بار بەسەر خەزێنەی گشتیدا ، لەکاتێکدا ھەزاران گەنجی بێکارو دلسۆز لە ھەرێم ئامادەن لەریزەکانی ھێزی پێشمەرگە دلسۆزانە خزمەتی وولات بکەن فرسەتیان بۆ نارەخسێنرێیت، لەکاتێکدا ھەرێم مووچەی تێکۆشەرانی زیندانیە سیاسیەکان دەبرێیت ،کەچی دەبینین مانگانە ئەو ھێزە نایاسایە لەخەزێنەی گشتی مەبلەغێکی زۆر مووچە وەردەگرن و لەھەمان کاتدا زیان بە ناو ناوبانگی پێشمەرگە بگەێنن ،
ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی جێ بەجێکردنی یاسای چاکسازی ھەرچی زووە ئەو ھێزە نایاسایە ھەلوەشێنێتەوە ، نابێیت حکومەت بەگشتی و وەزارەتی پێشمەرگە بەدیاریکراوی رێگەبدات ھیچ کەس و لایەنێک زاتی ئەوەبکات ناو ناوبانگی پیرۆزی پێشمەرگە لەکەداربکات .