luqman-wardi.jpg

کێ بەنەفەسی حزبی کاردەکات

Apr 20, 2020  |   بیروڕا 

لوقمان وەردی 

 

تیمی یەکێتی لەحکومەت بەسەرۆکایەتی ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کۆڵەکەی تەبایی و یەکریزی نیشتمانی دۆست و نەیار گەواھی بۆ دەدەن چ لە ئێستاو چ لە رابردوو بەوپەری دلسۆزی و لەخۆبردوویی لەسەر بنەمای دەوڵەتداری دوور لەنەفەسی حزبی کاریان کردوە ، تاکە ئامانجی تیمی یەکێتی خزمەت کردنی ھاوڵاتیانە بەبێ جیاوازی ، ئێمە ئەگەر سەرنجمان لەسەر ئەدای نوێنەرێک لە ناو تیمەکەمان ھەبێیت حالەتێکی ئاسایە ، ئەوە لە خوێندنگای سەرۆک مام جلال فێرکراوین ھەرگیز کوێرانە بەرگری لەکەس نەکەین بەچاک بڵێین چاک و ھەولی راستکردنەوەی خوارو خێچیەکانیش بدەین ، لە ئێستادا تیمەکەمان لە حکومەت بەوپەری شانازیەوە نوێنەرایەتی ھەموو یەکێتی یەکان دەکات باوەری تەواویشمان بەھەنگاوەکانیانە .
لەراستیدا نیازم نەبوو ھیچ بنوسم چونکە باوەرم وایە دەبێیت ھەموومان لەئاست بەرپرسیاریەتی و ھەستیاری قۆناغەکەبین بەئاراستەی تەبایی و یەکریزی ھەنگاوبنێین بەلام شەوی رابردوو دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ھێرشی نارەوایان کردە سەر تیمی یەکێتی ، بۆیە دەمەوێیت بە ھاوپیشەکانم بڵێم .
زۆرکەم رویداوە لە مێژووی حوکمرانی ووڵاتێکدا :
قەیرانی دارایی بێت ، خەزێنەی وولات لەژێر قەرزێکی گەورەدابێت، ھەژاری و بێکاری لە ھەلکشاندابێت ،
سەروەری ئەرزو ئاسمانی وولات پارێزراو نەبێیت ، سەرەرای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەیان قەیرانی تر یەخەی وولاتی گرتبێت.
کەچی لەجیاتی ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەو چارەسەر بەرێز سەرۆکی حکومەت خۆی و تەنانەت دامەزراوە نیشتمانیەکانیش بکات بە بەشێک لە کێشەو مل ملانێ سیاسیەکان ؟ گومانی تێدانیە ئەو نەفەسە حزبیەی تیمی پارتی لە حکومەت ھەرگیز خزمەت بەو دۆخەی ئێستا ناکات.
ئەزموونی حوکمرانی سەرکەوتووی ووڵاتان پێمان دەڵێیت لە حالەتی دروست بوونی قەیران و دۆخی لەناکاو سەرۆک خۆی راستەوخۆ لەمەیدان دەبێ ، لەمامەڵەو کارکردندا مرونەت و نەرمی زیاتر دەنوێنێ تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی حزبەکەشیبێت ، نەک تەنھا لەگەڵ ھاوبەشەکانی بەڵکو لەگەڵ ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بۆ ئەوەی سەرکەوتنی حکومەتەکەی مسۆگەربکات ، نزیک ترین نمونە کابینەی پێشوو کاتێک گەورەترین تەنگێژەی سیاسی و قەیرانی دارایی یەخەی ھەرێمی گرت جێگری سەرۆکی حکومەت ھەموو تواناکانی خۆی خستەگەر و ھاوشانی سەرۆکی حکومەت بەیەکەوە قۆناغە سەختەکەیان تێپەراند ، کەچی ئێستا دەبینین لەپێش ھەمووان سەرۆک یەخەی ھاوبەشەکانی دەگرێیت، لەجیاتی دروست کردنی ھەماھەنگی و ھاوکاری لەجیاتی دەست خۆشی و پێزانین رۆژانە لە رێگەی بەشێک لە تیمەکەی و ووتەبێژەکەی ناکۆکیەکان قوڵتر دەکاتەوە تەنانەت کارگەیشتۆتە ئەوەی لەسەر پۆستێکی فیسبوک یان دیدارێکی میدیایی بەیاننامە دەربکات یان داوای ھەڵگرتنی پارێزبەندی بکات ،سەیر ئەوەیە ھەر بەوەش ناوەستێ دواجار خۆی دێتە سەنگەری پێشەوەی قولکردنەوەی ناکۆکیەکان و ھێرش دەکاتە سەر حزبێکی شۆرشگێر و تێکۆشەری خاوەن ھەزاران شەھید و سەروەری ، بۆیە لەراستیدا پەیامەکەی تیمی یەکێتی کۆمیدی نەبوو ، بەڵکو پەیامی سەرۆکی حکومەت نەک ھەر کۆمیدی و مایەی سەرسورمان بوو بەڵکو لە مێژووی دەوڵەتداریشدا کەم وێنەبوو.