karwan.jpg

بە ھۆی پێشلکارییەکی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و ناخۆ....

Apr 13, 2020  |   بیروڕا 

‏‎کاروان گەزنەیی

 

 

بە ھۆی پێشلکارییەکی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و ناخۆ، قەیرانی غاز سەرھەڵدەداتەوە....
‏‎دوای ئەوەی کۆمپانیای سوور گاز کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بواری غاز، لە ٢٣-١٢-٢٠١٩ تەندەری گواستنەوەی (١٠٠٠) تۆنی غازی بۆ دەرچوو لە کۆرمۆرەوە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە دواداچوونمان دەستپێکرد و هۆشداریماندا لە ئەگەری قەیرانێکی سەختی غاز لە هەرێمی کوردستان. دەرەنجام لە سەرەتای مانگی دووی ٢٠٢٠ قەیرانی غاز لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد چونکە کۆمپانیای ناوبراو- بە هۆی کەمی هۆکاری گواستنەوە و بتڵی پێویست و بەرزی نرخەکەی کە ٣٤٦ دۆلار بوو، واتا هەمان نرخی تەندەری دانا غاز- نەیدەتوانی تەندەرەکە وەکو خۆی جێبەجێی بکات  بۆیە تەندەرەکەی لێ وەرگیرایەوە و دراوە بە کۆمپانیایەکی دیکە بە نرخێکی زۆر کەمتر لەوەی سوور گاز.
ئێستا تەنێکی غاز لە بازاڕەکانی سلێمانی بە ٣٨٠ هەزار دینارە، و هیچ کێشەیەکی بارکردن لە دانا غازەوە نەماوە. بەڵام بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان، کۆمپانیای سوورگازیان تەخویلکردووە لەوەی کە تاکە کۆمپانیای ڕێگە پێدراوبێت بتوانێت غازی شل بهێێتە هەولێر و دهۆک بە بڕی (٤٧٠) هەزار دینار، واتا (٩٠) هەزار دینار گرانتر بۆ هەر تۆنێک لە کاتێکدا ئەم کۆمپانیایە تەندەری غازەکەی لانەماوە! لە بەرامبەردا ڕێگە بە هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نادرێت بۆ هێنانی غازی شل بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئەمە دوو لێکەوتەی دەبێت: یان دووبارە قەیرانی غاز دروست دەبێت بە تایبەت لە مانگی ٩ی ئەمساڵ بەدواوە، یانیش غاز لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک گران دەبێت.
‏‎بە گوێرەی بەدواداچوونی ئێمە، هێزە ئەمنییەکانی ئەم دوو پارێزگایە لە ڕێکەوتی ١٢-٤-٢٠٢٠ ڕێگەیان نەداوە کە هیچ بڕێکی غاز بێهێندرێتە ئەم دوو پارێزگایە بە هۆی تەخویلکردنی سوور گاز کە ناتوانێت بەم ئەرکە هەڵبستێت. ئەگەر دەستی خەڵکی ئیحتیکارخواز نەبڕدرێت و بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ هەڵنەوەشێتەوە، ئەوە دووبارە بەهۆی ئەم پێشێلکارییە یاساییە لە لایەن ئەم دوو وەزارەتەوە قەیرانی غاز لە هەولێر و دهۆک دروست دەبێت. ئەرکی حکومەتی هەرێمە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و تەخویلی کۆمپانیای ناوبراو هەڵبوەشێنێتەوە کە ناتوانێت بەم ئەرکە هەڵبستێت و قۆرغکاری بازاڕ دروست دەکات.
ئەم کارە بە تەواوی پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانە و ھەرکەسێک کردویەتی پێشێلی یاسای کردووە، و تکایە پەلە لە ڕاگرتنی بکەن و پێویستە ئەوکەسانەی لە پشتی ڕەگەنەدانن بە داخڵکردنی غاز بۆ هەولێر و دهۆک سزا بدرێن.