abas.jpg

هەرێمێکی بێ سەرۆک..

Apr 29, 2020  |   بیروڕا 

عەباس فەتاح

 

هەرێمی کوردستان 28 ساڵە خاوەن بڕیاری خۆیەتی تا ئێستا بێ سەرۆکە، سەرۆکی هەرێمی هەیە و بڕیار لەسەرووی ئەو دەدرێت.
یەک ناونیشانی سەرۆکی حکومەتی هەیە بەڵام سێ زۆنی هەیە و کەس گوێ بە بڕیاری کەس نادات.
هەرێمی زەرد حاکمی خۆی هەیە و بە دەیان بارەگای تورکیای تێدایە و دەبێت هاوبەش بێت لە بڕیار.
هەرێمی سەوز هەیە و  ڕەنگی نیلی دەڵێت من هاوبەشم و ئۆپۆزسیۆنیش نازانم بە پشتیوانی کێ دەڵێت منیش هەمە و ئێرانیش لەولاوە دەستتێوەردانی هەیە.
هەرێمی قەندیل هەیە و دەڵێت من لێرە حاکمم کەس مافی دەستتێوەردانی نییە و هەرکەس تۆپبارانم بکات ئێوە بەرپرسن.
هەرێمێک پێنج ملیۆن کەس بێت و سنوورەکەی پڕی نەوت بێت و باشترین زەوی کشتوکاڵی هەبێت و زۆرترین شوێنی گەشتیاری هەبێ و خاوەنی باشترین سەرچاوەی غازی سروشتی بێت، کێ باوەر دەکات کە گەلەکەی برسی و بێ کار بێت و بەرگەی یەک مانگ نەخۆشی و وەستانی کار نەیەت.
چاوی لەدەستی ناوەند بێت پارەی پێ بدات و بە دابەزینی یەک مانگ نرخی نەوت زیڕەی لێ بڵند بێت، نەتوانێت مافی سەرەتایی مووچەخۆرانی بدات و هەلی کار بۆ گەنجانی دابین بکات و ژیانی بەساڵاچوان و خاون پێداویستی تایبەت مسۆگەر بکات.
دەبێت ئەم هەرێمە بێ حاکم و سەرۆکە لە کوردستان بەولاوە کوێ بێت.
ئەوەی لە دەسەڵاتە دەیەوێت بەسامانی وڵات خۆی ڕاگرێت.
ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە دەیەوێت بگات بەو سامانە و بینیمان. هەمووشی لەسەر ماف و ژیانی هاووڵاتیانە.
خۆ ئەگەر خۆپیشاندان بکرێت بۆ داوای ماف پێی دەوترێت ئاژاوەگێڕ.
ئەوەی ڕەخنەبگرێت پێی دەوترێت دەستی لەپشتە.
خۆی بکوژێت ئەڵێن بێ ئەقلە.
بێ دەنگ بێت دەڵێن ترسنۆکە.
بپاڕێتەوە دەلێن ماستاوچییە.
ئەی هاوار هاووڵاتیان چی بکەن باشە لەم هەرێمە تەنها کۆیلایەتیتان لێیان دەوێت.
کورد حەفتا و پێنج ساڵی دیارە شۆرش دەکات، بۆ ڕابەرێکی بۆ دروست نەبوو کار بۆ گەڵ بکات نەک بۆ حیزبەکەی.
کورد وتویەتی کاسبکارت بمرێت مشورخۆرت نەمرێت.
بەڵام کوردی نەگبەت مشورخۆرەکانی بێ پشتیوانی مردن و کاسبکارانیشمان هەرکەسە بۆخۆیەتی بۆیە گەلەکەی برسیەتی و ئا ئەمەیە بێ سەرۆکی.