ebubekr.jpg

یەدەگی نەقدی بۆ چارەسەری قەیران وکارەساتەکان!؟

Apr 1, 2020  |   بیروڕا 

ئەبوبەکر هەڵەدنی


لەهەموو دونیادا حکومەت ودەوڵەتان بەشێک لەداهاتیان وەک(یەدەگی نەقدی/احتياط نقدى) دەهێڵنەوەو هەڵی دەگرن بۆکاتی دروست بوونی قەیران وکارەساتی سروشتی وهەندێ دۆخی لەناکاو.
بۆ بیرهێنانەوە لەیەکەم کابینەی حکومەت کە خوالێخۆشبوو بەڕێز(دکتۆر سەڵاحەدین حەفید) وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم بوو(کە دکتۆرای لەبواری ئابوریدا هەبوو و سەردەمانێک مامۆستامان بوو لەکۆلێژی یاسای زاکۆی سەڵاحەدین) حکومەت چەند ملیۆن دۆلارێک یەدەگی پارەی هەبوە،هەندێک داوا دەکەن کەبەکار بهێنرێت بۆ زیاد کردنی دەرماڵەی فەرمانبەران،ئەوکات وەزیریش شیکردنەوەی خۆی دەخاتە ڕوو وەک پسپۆڕێک دەڵێت دەزانن یەدەگی نەقدی یانی چی وبۆچی بەکاردێت؟کەس وەڵامی نابێت ئەویش دەڵێت ئەوە بۆهەندێک رووداوی کتوپڕ وکارەساتی سروشتی وبڵاوبونەوەی پەتاو نەخۆشی یان حاڵەتی جەنگ بەکاردەهێنرێ ومن ناهێڵم دەستکاری ئەو پارە بکرێت ،چونکە زیاد بوونی چەند فلس ودینارێک هیچ لەژیانی خەڵک ناگۆڕێ دەبێ ئەو پارەمان بمێنێ بۆدۆخی لەناکاو وکاتی زەروورو پێویست.
یەکێک لەشکستەکانی (حکومەتی پارەدابەشکەری هەرێمی کوردستان )ئەوەبووە پلان ودونیابینی نەبوە،دەنا دەکرا لەو بڕە پارە زۆرو زەبەندەی ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٣ کەبەلێشاو بودجە لەبەغدادەوە دەهات وداهاتی ناوخۆش زۆر بوو،بڕێکی وەک یەدەگ هەڵبگیرایە بۆدۆخێکی وەک ئێستا،لەجیاتی پەنابردن بۆقەرز یان هەرڕێگایەکی تری نایاسایی.
بەداخەوە هەلی گەورە لەڕابردوودا لەدەست دران کە دەتوانرا دەرفەتی بنیات نان ولەسەر پێ وەستان بێت بۆ هەرێمی کوردستان،هەرێمێک کە هەرچوار دەورت دوژمن بێت،هەرێمێک کەسەدام حوسەینی گۆڕبەگۆڕ کاولستانێکی بۆ بەجێ هێشتبی،دەبوایە ئەو مشوورە بخورایە کەچی بەداخەوە ئەو داهاتە کەوتە بەر هەڵمەتی بەرپرسانی چاوچنۆک وهیچ نەدیتە وتێر نەخۆر کە یان لەبانقەکانی دەرەوە توند کران وبەجۆرەها ڕێگە سپی کرایەوە،یاخود بەهەدەردرا لەپێناو مانەوە لەقەڵەمڕەوی ودەسەڵاتی هەتاهەتایی ،یاخود لەکۆمەڵێک دام ودەزگای حزبی بەکارهێنرا،یان کرایە شاباش بۆهەندێک کاسەلێس و دەربار،یان لەمەیدانی بەکۆیلە کردنی مرۆڤەکاندا بۆ مشتێ دەنگی ساختە ی هەڵبژاردن و هەروەها تەخشان وپەخشان پێکردنی بەشێوەیەکی نەزانانە وبێڕەحمانە.
کەواتە ئەوەی هەرێمی بەئەمڕۆ گەیاند ئەوەبوو داهاتی زۆر وزەبەندی کوردستان لەدەستێکی ئەمین وپارێزراودا نەبوو،هەمیش گوێ لەدڵسوزان وشارەزایان نەگیرا ،لەبەرامبەرەوە جیاوازیەکی چینایەتی ئەوتۆی هێنایە کایەوە کە گێڕایینیەوە بۆ سەردەمی دەربەگایەتی وبۆرژوازی بەڵام لەبەرگی بەناو کوردایەتی ودیموکراتی ومۆدێرنەدا.