KAWE.jpg

دەستگیرکردنی ھێمن مامەند بەو شێوەیە کارێکی نایاساییە

Apr 8, 2020  |   بیروڕا 
کاوە عبدالقادر

ھەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوس وچاڵاکوانی مەدەنی (ھێمن مامەند ) لەکاتژمێر یەکی بەرەبەیان ودەستگیرکرنی بۆجاری دووەم پەڵەیەکی تری ڕەشە بەنێوچاوانی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان.
ناکرێت یاسا وەک کوتەک بەکار بھێنرێت بۆ تەسفیە حسابی حزبی ویەکلایکردنەوەی ململانێی کەسی.
ھێمن مامەند ئەگەر ھەر ھەڵەیەکی کردبێت دەکرێت بەیاسای ڕۆژنامەنوسی سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت نەک یاسای سزاکانی عێراقی، کەمن پێم وایە ھیچ ھەڵەیەکی نەکردوەو دەربڕینەکانی دەچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین.

ئەم دۆخەی ئێستا لەھەرێمی کوردستان دەگوزەرێ پەیڕەوکردنی باری نائاساییە بەشێوەیەکی نایاسایی چونکە بەپێی یاسا ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەدەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم ودوو وەزارەت نیە بەڵکو پیویستی ڕەزامەندی پەرلەمانە بەشیوەی دەنگدان لەسەری.
حکومەتی ھەرێم قەدەغەی گشتی ھاتوچۆی ڕاگەیاندوە،خەڵک دەگرێ وبڕیاری داخستنی کەناڵی ڕاگەیاندن دەدات،ھاوڵاتی لێیدەدرێ وسوکایەتی پێ دەکرێ،تەسفیەی حسابی سیاسی لەپەنای ئەو قەدەغەیە دەکرێ ،موچەی فەرمانبەران وموچەخۆران دوادەخرێ ونادرێ…..ھتد.
ھەموو ئەمانە پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانە لەباری نائاسایی وحاڵەتی لەناکاو چونکە تاکە یاسایەک کەپشتی پێ دەبەسترێت یاسای تەندروستی ساڵی ھەشتاکانە کەبۆ ئەم سەردەمە کەموکورتی زۆری تێدایەوپێویستی بەھەموارکرنەوەیە.
ئیتر کاتی ئەوەیە پەرلەمان کۆببێتەوەو دوو قسەی جدی بکات وسنورێک بۆ ئەو ھەموو پیشێلکاریەیاساییانە دابنرێت بۆئەوەی لەمە خراپتر ڕوونەدات.
ئازادی بۆ ھێمن مامەند