rahi.jpg

ئێمە بۆ لە پەرلەمانین؟

Apr 15, 2020  |   بیروڕا 

ڕاهی رەهبەر

لە ساڵی (۱۹۹۲) بۆ یەکەم جار، هەرێمێکی کوردی خوماڵی ئەو دەرفەتە مێژوویەی پێ درا کە پەرلەمانێکی هەبێت و لەوێوە کورد بتوانێت پێشکەوتن لە هەموو بوارەکاندا بکات و مافو سەربەستی تاکی کوردیش بپارێزێت و تاک ڕەوی دەسەڵات و دیکتاتۆریەت نەهێڵێت. هەڵبەتە، مێژووی سیستەمی سیاسی، روونی دەکاتەوە، کە هەبوونی پەرلەمانێکی بەهێزو سەربەخۆ هەبوونی وڵاتێکی ئازاد و مافپارێزراوە.

بەداخەوە، بەهۆی شەڕی ناوخۆ و کەڵەگایی حزبی و داخستنی پەرلەمان وەک دوکانێکی سادە لە رابردوودا، دیمەنێکی وا لای هەوڵاتیان و دەنگدەران دروست بووە کە ئیدی پەرلەمان ئەو دامەزراوە گرنگە نییە لە دەسەڵات و سیاسەتدا. بێ-ئومێدی بە پەرلەمان لە دواهەڵبژاردندا بە ئەندازەیەک بوو کە نیوەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەنگیان نەدا و بێهیوایی خۆیان نیشاندا.

ئێستا، تاکە هیوا کە ماوە ئەوەیە پەرلەمانتارانی ئەم خولە دامەزراوەی پەرلەمان بەهێز بکەنەوە و ئومێد ببەخشنەوە بە هاوڵاتیان و دەنگدەران. بۆیە دەبێت لە خۆمان بپرسین کە ئێمە بۆ لە پەرلەمانین؟

بێشک کە دونیای سیاسەت رووی لە موزایدە و خۆدەرخستن بێت، بە سروشتی کاریگەری لەسەر پەرلەمانتاری هەرێمیش دەبێت، بەڵام دواجار پەرلەمانتار دەبێت خۆی لەو رێگایە بپارێزێت، چونکە گرتنە بەری رێگایەک بۆ موزایدە و سنگ دەرپەراند و ناودەرکردن لە جیاتی رێگایەک بۆ کاری راستەقینە، بۆ داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان جێگەی مەترسییە. بە تایبەتی، کە موزایدە کردن دەربڕینێکی بێکردار و کاتییە، قازانجی گشتی نییە بەڵام زەرەری گشتی هەیە وەک بێئومێد کردنی خەڵک و بێبەها کردنی خەبات و دروستکردنی بەربەستی سیاسی ناپێویست بۆ کورد. بە پێچەوانەشەوە، کاری راستەقینە، قازانجی گشتی هەیە و زەرەری گشتی نییە.

بۆیە چەند پرسیارێک هەیە دەبێت وەک پەرلەمانتار لە خۆمانی بکەین، لەوانە:

ئەگەر وەک نوێنەر کار نەکەین، وەک هەر تاکێک گلەیی و قسە بکەین، بۆ لە پەرلەمانین؟

ئەگەر پەرلەمانتارین و دامەزراوەی پەرلەمانمان بەدەستەوەیە و مافمان هەیە لێپێچینەوە لە حکومەت بکەین و لەسەر بابەتە گشتیەکان و گەندەڵیەکان و هەنوکەیەکان بەنگەهێشتی لایەنی پەیوەندیدار بکەین و ناشیکەین، بۆ لە پەرلەمانین؟

ئایا ئەگەر پەرلەمانتار لەسەر رێگای موزایدەکردن بەردەوام بێت و نەکەوێتە کاری راستەقینەی خۆی وەک لێکۆلینەوە لە کەیسەکەی لیبیا و سوپای ڕۆژ و قۆرخکاری رێکخراوێکی حزبی و وا خۆمان نیشان بدەین کە پەرلەمان ماڵێکی سادەی ئەم هەرێمەیە و دانیشتوانی ماڵەکەش وەک هاوڵاتی ئاسایی پەنا بۆ دادگا و شاشە دەبەن، لە داهاتوودا، هەرێم و هەڵبژاردن و پەرلەمان و ماف و حەقی تاکی کورد بەرەو کوێ دەبات؟

ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە دەبێت ئێمەی پەرلەمانتار وەڵامی بدەینەوە، ئێمە ئەم جارە ئەم بەرپرسیاریەتیەمان لە ئەستۆیە، بەدەر لە ئێمە، کەس لە ئەستۆی نییە. دەبێت شەهید و خەباتی باو باپیرانمان لەبەر چاو بێت، لە ئاستی دامەزراوەی پەرلەماندا بین. پرسیارە جەوهەریەکەش ئەوەیە کە ئایا ئێمەش هەندەی دی خەڵک بێهیوا دەکەین و رێگای موزایدەکردن و ناو دروستکردن دەگرینە بەر یان بە کرداری ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە داهاتووی خەڵک و پەرلەمان دەپارێزین؟