rahi.jpg

بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە، دەبێت دوو پایتەختی ئیداری هەبێت وەک ئەڵمانیا!

Apr 17, 2020  |   بیروڕا 

راهی رەهبەر

 

ئه‌ڵمانیا له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی سارد بوو به‌ دوو ئیداره‌ و هه‌ر ئیداره‌یه‌ک پایته‌ختی خۆی هه‌بوو، دوای زیاتر لە (٤٥) ساڵ هه‌ردوو ئیداره‌که‌ یه‌کیان گرته‌وە، بەڵام بۆ ئەوەی هیچ لایەک دوا نەکەوێت و پشتگوێ نەخرێت، یاسایەک دەرکرا لە ساڵی (۱۹۹٤)دا کە لە هەردوو پایتەختەکە قورسایی ئیداری بمێنێت. ئێستا، (٦) وەزارەت لە شاری (بۆن)ە و (۸) وەزارەت لە (بەرلین)ە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتەکان بنکەیان هەیە لەو شارەی کە وەزارەتەکانی لێ نییە. هەروەها، تا ئێستا هەردوو ئیدارە کۆنەکە جیاوازی حیزبیان بەسەرەوە ماوەتەوە بەڵام وڵاتەکە بە گشتی و بە دادپەروەرانە پەرەی پێ دراوە.

بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە دەبێت هەرێم پەند لەو ئەزموونە وەرگرێت.رێکەوتن و رێگایەکی هاوشێوەی ئەڵمانیا دەبێت لە هەرێم بێتە کایەوە.

کاتی خۆی کاربەدەستانی ئیدارەی سلێمانی هەڵەی ئەوەیان کرد بێ مانەوەی دامەزراوە بە دەسەڵات و سەرەکییەکان، یەکبگرنەوە و تا ئەمڕۆش خەڵکی ئەو ئیدارە کۆنە باجەکەی دەدەن. یەکگرتنەوەکە گرنگ بوو بەڵام دەبوایە یەکگرتنەوەیەکی یەکسان و بێ دوا کەوتنی هیچ لایەک بوایە، نەک ئەو نادادپەروەریەی کە روویداوە و ئێستاش بەردەوامە، کە نمونەی زۆرمان بەردەستە وەک؛

یەکەم، رێژەی فەرمانبەرانی دامەزراو لە حکومەت لە سنوور و پارێزگای سلێمانی بە لە سەدا (٥) کەمترە بە بەراورد بە هەریەک لە پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەولێر.

دووەم، لە هەموو ئاستەکانی داهاتی خێزانی لە ئیدارەی سلێمانی لە خوار پارێزگاکانی هەریەک لە هەولێر و دهۆکن. بۆ نمونە لە سەدا (٤٠)ی خێزانەکانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕانیە خوار (نیوی ملیۆن) دینار داهاتیانە، لە کاتێکدا، لە هەریەک لە دهۆک و هەولێر نزیک سەدا (۳٠)یە.

سێیەم، چونکە هەرێمی کوردستان سەر بە حکومەتی ناوەندییە و بانکی ناوەندی نییە، ئاڵوگۆڕکردنی پارەی نەوت بۆ دینار تا ئێستا لە دوو بانک کراوە کە قازانجێکی زۆری تێدایە، هەردووکی لە هەولێرن و سەر بە حزبی دەسەڵاتداری ئیدارەی ئەوێن هیچ پەیوەندییەکی بە ئیدارە کۆنەکەی سلێمانییەوە نییە.

ئەمە تەنها سێ نمونەیە لە سەدان نمونە کە بەردەوام لە زیاد بوون دایە، بۆیە ئەگەر ئێمە خەمی مێژووی کوردمان بێتو بمانەوێت هەرێمەکەمان پارێزراو بێت و لە هەمان کاتدا دادپەروەری و عەدالەتی هەبێت لە نێوان ئیدارەکاندا، دەبێت هاوڵاتیانی ئیدارەی سلێمانی و یەکێتی و ئەو لایەنانەی بنکەی سەرەکییان لە ئیدارەی سلێمانییە داوای رێکخسنەوەی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بکەن هاوشێوەی دوو پایتەختی ئیداری ئەڵمانیا.