hyvidar.jpg

عێراق لە ١٦ ساڵدا چەند پارەی داوەتە هەرێمی كوردستان؟

Apr 29, 2020  |   بیروڕا 

هێڤیدار ئەحمەد

هەزار و 500 ترلیۆن دینار (1218 ملیار دۆلار) بودجەی 16 ساڵی عێراق بووە، كە لە 2004 دەستپێدەكات تاوەكو 2019 لەم نووسینەوەدا باسی ئەو پارەیە دەكەم كە لە عێراق چۆن بەكارهاتووە؟ چەندی داوەتە هەرێمی كوردستان؟
زۆرترین پارەی ئەم وڵاتە لە چ سێكتەرێكدا خەرجكراوە؟ ئایا هەرێمی كوردستان مافی پشكی هەیە لە بودجەی گشتیی عێراقدا؟
ئەی بۆ هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی بەغدا ناكات؟
 لە دوای 2003 هەرێمی كوردستان بەرەیەكی سەرەكی بوو بۆ لەنێوبردنی رژێمی عێراق بە سەرۆكایەتی سەددام حوسێن. پلانی هەرێمی كوردستان ئەوەبوو، لە بەغدا شەریكی بڕیارەكان بێت، تاوەكو هیچ لایەنێكی دیكە نەتوانێ وەك رژێمی بەعس بیر لە سزادانی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكاتەوە. عێراق بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتانی جیهان لە بواری هەبوونی یەدەگی نەوتی هەژمار دەكرێ و نەوت 95%ی داهاتی ئەم وڵاتە پێكدەهێنێت. 
دوای شەڕی ئازادی عێراق تائێستا 16 ساڵە بودجەی هەبووە، كە ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكراوە و لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوبووتەوە (1.499.157.990) دیناری عێراقی بووە، واتە نزیكەی 1500 ترلیۆن دینار كە دەكاتە 1218 ملیار دۆلار. بە گوێرەی رێككەوتنێكی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەردەمی ئەیاد عەللاوی، كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بووە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق 17% دەبێت، تاوەكو سەرژمێری گشتی دەكرێت. بەڵام تائێستا سەرژمێری نەكراوە و عێراق هیچ ساڵێك پابەندی ئەوە نەبووە كە 17% بداتە هەرێمی كوردستان. هەرێمی كوردستان لەو 16 ساڵە تەنیا (106 ترلیۆن دینار)ی لە عێراق وەرگرتووە كە دەكاتە 7%، واتە 10%ی پشكی هەرێمی كوردستانی خواردووە كە دەكاتە 149 ترلیۆن دینار و كەسیش نەبووە بەو عێراقە بڵێ بۆ مافی كورد دەخۆن و ئەم هەرێمە سزادەدەن؟ ئەمە جگە لەوەی لە دوای 2014 كە عێراق زۆرترین بودجەی هەبوو لە مێژووی خۆیدا (163.5 ترلیۆن دینار بووە) تاوەكو شەش ساڵ بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی. هەرێمی كوردستان لەو 16 ساڵەدا بەو داهاتەی بۆی دانراوە كە تەنیا 7%ی كۆی گشتی بودجەی 16 ساڵی عێراق بووە، تاوەكو رادەیەكی زۆر لە ئاوەدانی، ئۆتۆبان و خۆشگوزەرانی، سەقامگیری ئەمنی و زۆربەی جار سەقامگیری سیاسیشی تێدا هەبووە، بەڵام عێراق بە 1394 ترلیۆن دینار نەیتوانیوە سەقامگیری سیاسی، ئەمنی، كۆمەڵایەتی و ئابووری دابین بكات. لەڕووی ئاوادەنییەوە بە یەكێك لە دواكەوتووترین دەوڵەتەكانی ناوچەكە هەژمار دەكرێت. 
 عێراق نزیكەی 74 ترلیۆن دیناری بۆ كەرتی پەروەردە خەرجكردووە كەچی بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی یونسكۆ نەخوێندەواری لە عێراق لە تەمەنی 6 ساڵی بۆ 55 ساڵ، رێژەكەی 47%ـە و هەژاری لەم وڵاتە سەرووی 20%ـە. ئەمە جگە لەوەی چەندین گرووپی میلیشیایی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەن بو دزینی نەوت و داهاتی ئەم وڵاتە. بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لەسەر گەندەڵترین دەوڵەتەكانی دنیا، عێراق لە ریزبەندی 168مینە لەسەر ئاستی دنیا كە زۆرترین گەندەڵی تێیدا دەكرێت. ناوچەی جادرییە، شەقامی فەلەستین، كەڕادە و كەڕادەی مەریەم، ساحە نسوور لە خۆشترین ناوچەكان بوون نەك لە بەغدا و عێراق بگرە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دوای 16 ساڵ ئێستاش لەو ناوچانە بەرد لەسەر بەرد دانەنراوە و بەهۆی شەڕی ناوخۆی عێراق و ئەو گەندەڵییەی هەیە، وێرانتربووە. لە ساڵی 2016 لە ناوچەی باب شەرجی سواری تەكسییەك بووم، خاوەن تەكسییەكە كە زانی كوردم، هەندێك پشتڕاستبوو، یەكسەر باسی بەغدای كرد و گوتی، ئەمە هۆتێل فەلەستین، شیراتۆن، ئەمە ساحەی كەهرەمانە، ئێمە بەرەو كەڕادە دەچووین بو لای مەسرەح وەتەنی، شۆفێری تەكسی هەر قسەی دەكرد و دەستی لە رانی دەدا و دەیگوت ئەوە هەموو لە سەردەمی سەددام كراون، ئەمانەی ئێستا یەك ئاوەدانییان لەم بەغدایە و لە زۆربەی عێراق نەكردووە، بەس دەدزن. ئیدی چەند ساڵێكە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە بەسرا و بەغدا و پارێزگاكانی دیكە خوپێشاندان دەكرێن و بەردەوامیشن.
 سەیركەن لەو 16 ساڵە عێراق تەنیا بۆ كەرتی ئەمنی 260 ترلیۆن دیناری خەرجكردووە، كەچی بە شەو و رۆژێك نیوەی خاكی عێراق لەلایەن داعشەوە كۆنترۆلكرا. لەو 16 ساڵەدا تەنیا بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بودجەی هەرێمی كوردستان زۆر زیاتربووە كە 115 ترلیۆن دینار بووە. وەزارەتی ناوخۆ و حەشدی شەعبی 145 ترلیۆن دیناری بۆ خەرجكراوە. بەڵام یەك دنیاریش بو هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان خەرجنەكراوە!75 ترلیۆن بۆ وەزارەتی كارەبا خەرجكراوە، كەچی عێراق رۆژانە لە 12 كاژێر زیاتر كارەبای نییە!
ئەمانە ئەگەر پێینەگوترێت گەندەڵی چی پێدەڵێن!  11 ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی پێشەسازی خەرجكراوە، كەچی عێراق لە تەماتەوە تاوەكو هەموو پێداویستییەكی دیكە پشت بە دەرەوە دەبەستێت، ئەی ئەو پارەیە لە چی و بۆچی و لە چ كارگەیەكی پیشەسازی خەرجكراوە؟ هەرێمی كوردستان دوای بڕینی بەشە بودجەكەی لەلایەن عێراقەوە لە شوباتی ساڵی 2014، لەساڵی 2015 رێككەوتنی نەوتی لەگەڵ حكومەتی ئەوكاتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی ئیمزاكرد كە هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بەرامبەر ئەوەی حكومەتی عێراق تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، دوای پێنج مانگ لە ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتنە بەغدا، نیوەی شایستە داراییەكانی نەدەنارد و هەرێمی كوردستان ناچاربوو، بەبێ بەغدا نەوتی خۆی بفرۆشێت. واتە ئەزموونێكی تاڵ هەبووە لە مەسەلەی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغدا. تێکڕای مووچە لە عێراق بۆ هەر مووچەخۆرێك ملیۆنێك و 400 هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان 665 هەزار دینارە، واتە جیاوازی نێوان مووچەی عێراق و هەرێمی كوردستان 735 هەزار دینارە. ئایا بەغدا رازییە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەك عێراق لێبكات!
وەڵامەكە بێگومان نەخێرە. چونكە لە عێراق ئینجا ئەحمەد حەسەن بەكر بووبێ، یان سەددام یان مالیكی و عەبادی و …ئەوانەی دەسەڵات دەگرنە دەست بەرامبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان وەك یەك بیر دەكەنەوە و چێژ لە سزادانی هەرێمی كوردستان دەبینن. ئێستا هەموو نەوتی كوردستان رادەستی بەغدا بكەی، هەموو كورد چەك بو عێراق هەڵبگرن و ببنە سەرباز، هەر دەیانەوێ سزای كورد بدەن و لە سزادانی ئەم میللەتە تێر نابن.