pyshewa.jpg

ئێستا چی دەگوزەرێت، بەغدا چی دەوێت، کەی ئەم دۆخە چاک دەبێت؟

Apr 26, 2020  |   بیروڕا 

پێشەوا هەورامانی

 هەوڵدەدەم لەم نووسینەدا بە وردەکاریی دروست وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە ئەوەی ئێستا بەغدا لەڕێی کابینەیەکی دەستلەکارکێشاوە داوای دەکات، رادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمە لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ، ئینجا ئەوان ئامادەن تەنیا مووچەی نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حەوت و هەشت و نۆی 2019، هەنگاوی باشی نا بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، چەندین یاداشت و پێشنیاز ئاڵوگۆڕ کران و لێکنزیکبوونەوەی باش هەبوو، حکومەتی هەرێم ئامادەبوو بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بکات و بەغداش لە بەرامبەردا بڕی 900 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام تێکچوونی دۆخی بەغدا و لە کۆتاییشدا دەستلەکارکێشانەوەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی ئەو هەوڵانەی پەکخست. کابینەی نۆیەم تەنیا نۆ مانگە کاردەکات و لەم ماوەیەشدا، هەشت مووچەی داوە و تەنیا مووچەی مانگی نیسانی لاماوە. کەواتە دروست نییە کە بگوترێ کابینەی نۆیەم، ئەمساڵ هیچ مووچەیەکی نەداوە، چونکە لەکاتێکدا لە ساڵی 2018 تەنیا نۆ مانگ مووچە دراوە، بەڵام لە ساڵی 2019 هەموو مانگێک مووچە دراوە، ئەمساڵیش سێ مانگ مووچە دراوە. کابینەی نۆیەم بە ئەنجامدانی چاکسازییەوە توانیی لە ماوەی پێنج مانگدا داهاتی ناوخۆی هەرێم لە 140 ملیۆن دۆلارەوە بگەیێنێتە 250 ملیۆن دۆلار، بەڵام دوای کێشەی کۆرۆنا و راگرتنی زۆرێک لە کارەکان، ئەم داهاتە بۆ 50 ملیۆن دۆلار دابەزیوە. نرخی نەوت ئێستا بە راددەیەک دابەزیوە کە بە زیان دەفرۆشرێت، نەک هەر هەرێم بۆ چەند مانگی داهاتوو، بەڵکو عێراقیش تووشی کێشەی گەورەی دارایی دەبێتەوە ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە. بەغدا لە ساڵی 2019 تاوەکو مانگی رابردوو، بۆ هەر مانگێک بودجەی دیاریکراوی بۆ هەرێم، بە قەبارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ رۆژێک بە نرخی 61 دۆلار بڕیوە؛ واتە راست نییە کە نەوت رادەست نەکراوە و بودجەش وەکو خۆی هاتبێت، جگە لەمە هیچ کات نەوت بە 61 دۆلار نەبووە. ئەو بڕەی کە هاتووە تەنیا بەشی مووچەی نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە کە دەکاتە 383 ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا کۆی مووچەی هەرێم مانگانە 755 ملیۆن دۆلارە، کە حکومەتی هەرێم مانگانە بڕی 372 ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات. ئەمەی ئێستا عێراق بەرانبەر ئێمە دەیکات گوشارێکی سیاسیی شیعەکانە، کە پێش هەموو شتێک سزادانی هەرێمە بۆ قبووڵ نەکردنی بابەتی دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان و چەند پرسێکی دیکەش. ئەوان هەرکاتێک بۆیانبكرێت و گونجاوبێت ئامادەن سزای خەڵکی کوردستان بدەن، گرنگ نییە سەرۆکوەزیرانیان هەبێت یان نەیانبێت، کێشەیان هەبێت یان نەیانبێت، لە هەموو دۆخێکدا بیریان لای ئەوەیە خەڵکی کوردستان سزابدەن و سزاکەش سیاسییە و پاڵپشتیی ناوخۆیی هەیە.