dana.jpg

لەبارەی پارێزبەندی پەڕلەمانتارەوە ….

Apr 23, 2020  |   بیروڕا 

دانا دارا حسین


لەسەر ئەم ناونیشانە پشتیوان بە خوای گەورە توێژینەوەیەكم بەدەستەوەیە , وە لە ئێستادا تەنها چەند زانیاریەك لەبارەی ئەو چەمكە و چۆنیەتی سود مەند بون و ڕێكار و ئاسەوارەكانی هەڵگرتنی دەنوسم : 1. بەو پێیەی كە پارێزبەندی (حصانە) تەنها بۆ پەڕلەمانتارە , واتا ئەم چەمكە ئەوكاتە دروستە كە بلكێنرێت بە خودی پەڕلەمانتارەوە نەك دامەزراوەكە هەمووی . 2. زۆرن ئەوانەی پێناسەی جیاوازیان بۆ ئەم مافە كردوە , بەڵام بەلای منەوە ئەم پێناسەیە دروست ترە كە هاتوە ( پارێزبەندی پەڕلەمانی بریتیە لە تایبەتمەندیەك كە دەبەخشرێت بە ئەندامی پەڕلەمان , كە بەشێوەیەكە بەهۆیەوە ناتوانرێت كە دادگایی و وەدوكەوتن و دەستگیر بكرێت , كە هەستابێت بە دەربڕینی ڕای خۆی یان دەنگ دانی بە ئاڕاستەیەك , واتا ئەم حەصانەیە هەڵاواردنێكە بە ئەندام دراوە كە وای لێدەكات بەشێوەیەكی كاتی لە سەروو یاساوە بێت , مەكەر كارێك بكات كە پێچەوانەی دابی گشتی یاخود سیستەمی گشتی بێت ) . 3. حەصانە یەكێكە لە مافە گرنگەكانی ئەندام و یەكێكە لە دەستەبەریەكانی كاری پەڕلەمانی , ئەم مافەش تا ئەو كاتەی ئەندام لە ئەركەكەی بەردەوام بێت , دەتوانێت لێی بەهرەمەند بێت . 4. حەصانە دادەنرێت بەیەكێك لە (نظام العام ) و ناگونجێت ئەندامی پەڕلەمان تەنازولی لێبكات , چونكە ئەم چەمكە تەنها ماف نییە بەڵكو زەماناتیشە . 5. حەصانە بە دەقی دەستوری و حوكمی یاسا ڕێكخراوە , وەك لە خاڵی دووەم لە ماددەی 63 لە دەستوری كۆماری عێڕاق ساڵی 2005 هاتوە , و لە ماددەی 20 لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێكخراوە . هەروەها لە ماددەی 39و40 لە یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و ماددەی 24 بە هەر هەشت بڕگەكەیەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان –عێراق ساڵی 2018 ڕێكخراوە . 6. شێوازی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتار , لەوڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت و لە هەندێك وڵاتدا بە دەقی دەستوری ڕێكخراوە . نمونەی وەك فەڕەنسا و میصر كە هاتوە دەبێت داواكاری بە هەڵگرتنی حەصانە لەلایەن دامەزراوەیەكی فەڕمیەوە پێشكەشی پەڕلەمان بكرێت كە ئەویش داواكاری گشتیە . هەرچەند وڵاتی دیكە وای داناوە كە پێویستە داواكاریەكە لەلایەن وەزارەتی دادەوە پێشكەشی پەڕلەمان بكرێت . 7. ڕێوشوێنەكانی هەڵگرتنی حەصانە بە دەقی چەند ماددەیەكی تەشریعی و پەیڕەوی ناوخۆ هاوشان لەگەڵ ( نەریتە پەڕلەمانیەكان ) ئەنجام دەدرێت . پاشان پێویستە ئەو داوایە بە هەڵگرتن بخرێتە بەردەم لیژنەیەكی تایبەتمەندی كاتی لە پەڕلەماندا , و ئەوانیش ڕاپۆڕتێكی لەبارەوە بەرز بكەنەوە بۆ سەروو خۆیان و پاشان بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئاسایی و دەنگی زۆرینەی ئامادەبوان بهێنێت , جا بە قەبوڵ كردن یان بە ڕەد كردنەوەی . 8. مەرجە ئەو داوایەی كە پێویستە حەصانەی بۆ لابدرێت بۆ دادگایی پەڕلەمانتارەكە لە جۆری (جنایە) بێت نەك تاوانی كەتن و سەرپێچی . هەروەها لێبوردنی گشتیش كە بەیاسا دەردەچێت , لەسەر كۆی ئەو داوایانەش كەلەسەر پەڕلەمانتارە جێبەجێ‌ دەكرێت . • ئەركی سەرۆكی پەڕلەمان چییە ؟؟ 1. ئەركی پەڕلەمان نییە لە دۆسیەی دادگایی لەو داوایانەی لەسەر پەڕلەمانتارە بكۆڵێتەوە و تیایدا بڕیار بدات , بەڵام ئەركی پەڕلەمانە كە ڕەهەندە سیاسیەكانی هەر داوایەك تەماشا بكات و نەهێڵێت كە تۆماری داوا و جوڵاندنی سكاڵا لەسەر ئەندام پەڕلەمان ببێتە نەریت بۆ وەدیهێنانی ئامانجی نا شەرعی ! 2. دەبێت سەرۆك زۆر لێزانانە لە هەمبەر وەها داوایەكدا مامەڵە بكات , و نەهێڵێت كە كێشەی دی تر بۆ دامەزراوەكە دروست بێت . 3. یاسایی نیە كە ئەندام لە دەرەوەی وەرزی تەشریعی حەصانەی لەسەر هەڵبگیرێت , مەگەر بە بڕیاری دەستەی سەرۆكایەتی و بڕیارەكەش تەنها بۆ یەك داوا دەبێت . 4. هەروەك لە كۆتا بڕگەی ماددەی 24ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتوە كە ( ئەگەر پەڕلەمان داواكاری هەڵگرتنی پارێزبەندی ڕەتكردەوە , بەبێ‌ پێشكەش كردنی بەڵگەی نوێ‌ لەسەر هەمان بابەت , ئەوا داوایەكی نوێ‌ پێشكەش ناكرێتەوە ) دەبێت بە وردی پەیڕەو بكرێت .