ali.jpg

پارە و موچەی خەڵک

Apr 23, 2020  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح

سەیری پەیجی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و ھاوسەرۆکانی یەکێتیم کرد، کۆمێنتەکانم خوێندەوە، زۆرێک خەریکی پێدا ھەڵدانیانن، وەک ئەوەی ھاوڵاتی ئاسایی ئەم دۆخەیان خولقاندبێت.

ئەوەی لە تواناماندابوە کردومانە، کۆی بەڵگەنامەو ڕاپۆرتەکانی گەندەڵیمان بە وردەکاریەوە خستە ڕوو، ئێستا ئەم پێنج کەسەی سەرەوە دەتوانن ببنە ھۆکاری سەرکی چاکسازی و نەشکرێت ئەوە ئەوانن ڕێگرن…

بە پارەی دزراوو گەندەڵی ئەم وڵاتە، دەیان پەیج و ناوەندی ڕاگەیاندن دروستکراوە بۆ جوانکردنی ئەو دەموچاوانە کە تاوەکو ئەم ساتە سەرقاڵی گەندەڵین..

ئەم ھەشت مانگەی حکومەت، ئەوەی لە تواناماندا بوو بۆ دژایەتی گەندەڵی نەوت و خاڵە سنوریەکان و قاچاخچێیتی و باج كردمان، دەیان بەڵگەنامەو لێکۆڵینەوەمان خستوەتەڕوو، چاوپۆشیشمان لەکەس نەکردوە!
ناکرێ ئەوەشی پارەی ئەم وڵاتەی دزیوە، خەڵک لە ئێمە ھانبدات!

زۆر بەڕونی لە نێو گۆڕانیشدا وتومانە: ئێمە بۆ چاکسازی چوینەتە ئەم حکومەتە، ژمارەک بڕیار بۆ چاکسازی لە باج و نەوت و خاڵە سنوریەکان و کۆمپانیای نەوتی و خانەنشینی نایاسای و لیستێ شەھیدان و ……. ھتد دەرچوە، ئەگەر دەزاندرێت جێبەجێناکرێت، نە خەڵک قازانج دەکات و نە گۆڕانیش پێویستی بە مانەوەیە لەم حکومەتە، ئێمە بۆ چاکسازی ھاتوین، ئەگەر نەکرا، ئیشمان چیە لەم حکومەتەدا؟

ئەوە ئێمە بوین بەبێ جیاوازی بەدواداچون قسەی جدیمان ھەبوە لەسەر سەرجەم حزب و بەرپرس و زۆنەکان..
دە ڕۆژی سەرقاڵی بەدواداچونین بۆ ئەو گەندەڵی و کارە نایاساییانەی لە خاڵە سنوریەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەکرێت، ئەمە ئەرکی منە.

بەشێک لە ئەوانەی رەخنە لە ئێمە دەگرن، جورئەتیان نەبوو لە بەر پارە یان لە ترسدا بە دێڕێک باسی قاچاخچیەکانی باشماخ بکەن. ئامادە نەبون وێنەیەکی کاروانی قاچاخچیەکانی ھێلکە بگرن.

زۆر بەڕونی وتومانە، موچە حەقی ڕەوای فەرمانبەرانەو پێویستە دابەشبکرێت، داوامانکردوە بۆ دابینکردنی موچە، چەند ڕێکارێک بگیرێتە بەر…..

-ئەو پارانەی لە شرینی نەوت وەرگیراوە لە ڕابردودا بھێندرێتەوە.

-ئەو ١٩٠ ملیار دینارە وەربگیرێتەوە، کە کۆمپانیای موبایل وەک زیادەی نرخی کارتی موبایل لە خەڵکی وەریگرتوەو نایداتەوە.

– ئەو ٨٠٠ ملیار دینار قەرزەی بازرگانەکان وەربگیرێتەوە.

-ئەو گەندەڵی و نادادی و دزیەی لە خاڵە سنوریەکان ھەیە چارەسەر بکرێت.

-ئەو ھەموو کۆمپانیای بە ناوی گرێبەستی خزمەتگوزاری کرانە ملیۆنێر، گرێبەستەکان ھەڵوەشێننەوە…

پارەی ئەم وڵاتە لای کێیە! دەبێت دەستبکات بە گیرفانیدا، کێ بوو لە بەرچاوی خەڵک وتی: مەکتەب سیاسیمان ھەیە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ھەیەو موڵکی حزبەکەشمان چەندین ملیار دۆلارە! پارتیش لە ئێمە زیاتری ھەیە! ئەی کەواتە بۆ دەھێڵن خەڵک برسی بێت!!

ئەوە کێیە چەندین کەناڵی ئاسامانی و دەیان سایت و سەدان پەیجی دروستکردوە بە پارەی دزراوی ئەم میللەتە! ئێمەین!

ئەوە کێیە زیاتر لە ھەزار بارەگای حیزبی ھەیە لە کوردستان و بە پارەی ئەم میللەتە بەڕێوە دەچێت، ئەوە کێیە لیواو و فەوجی تایبەت بە خۆی ھەیەو مانگانە دەیان ملیار دیناری ئەم میللەتە بۆ موچەیانە!!
ئەوە کێیە کۆمپانیای سکویرتی دروستکردوەو مانگانە ملیۆنان دۆلاری ئەم وڵاتە دەبات!