shayan-askari.jpg

دانشتنەکانی پەرلەمان لە سەردەمی کۆرۆنا

Mar 30, 2020  |   بیروڕا 

د.شایان عەسکەری

 

پەرلەمانی شانشینی بریتانی، خەریکی دەرکردنی یاسای باری لەناکاون، تا دەسەلات بدەن بە پۆلیس بۆ دەست بەسەرکردنی ھەرکەسێک ببێتە مەترسی بۆ تەندروستی گشتی ،و ھەروەھا رێگە بدات بە فەرمانبەران ببن بە خۆبەخش لە سیستمی تەندروستی.
لە عیراقیش سەرۆک کۆمار و سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی وەزیران داوایان لە پەرلەمان کردووە باری لەناکاو ڕابگەیەنن.
بە پێی دەستوری عیراقی ماددەی ٦١ بڕگەی نۆیەم سالی ٢٠٠٥ سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆیان ھەیە پێشنیاری ڕاگەیاندنی باری لەناکاو بکەن بۆ پەرلەمان ، و بە پێی یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ١٩٦٥ ی عیراقی ، لە کاتی جەنگ، تێکچوونی باری ئاساییش، پەتای گشتی و کارەساتی گشتی دا دەتوانرێ باری لە ناکاو ڕابگەیەنرێ.
پەرلەمانی کوردستان لەم وەرزەی یاسادانان دەتوانێ دەست بە دانیشتنە ئاساییەکانی خۆی بکاتەوە، بە مەرجێک:
-ئەندامان ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستیەکان بکەن.
-ڕشاندنی ھۆڵەکانی دانیشتن بە ماددەی خاوێنکەرەوە.
-دەوام کردنی فەرمانبەرانی پەرلەمان بە نۆرە، واتا ھەموویان لە یەک رۆژا ئامادە نەبن.
-لە کاتی نەخۆش کەوتنی ھەر بەرێزێک ، نەیەتەوە بۆ دەوام.
لە ئێستادا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە دانشتنێکا، دەتوانێ بە پشت بەستن بە ماددەی ٤٣ ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لیژنەیەکی تایبەت ڕاسپێرێ سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و ئابووری ھاووڵاتیان.
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بۆ ھەر بڕیارێک دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەم لیژنە تایبەتەی پەرلەمان.
ھەر لە دانشتنی ئاساییدا، دەتوانین یاسای تەندروستی گشتی تایبەت بە کوردستان پەسند بکەین، لە جیاتی پەنا بردن بۆ یاسای تەندروستی گشتی عیراقی ژمارە ٨٩ ی ساڵی ١٩٨١.
دەبێ پەرلەمانی کوردستان پلانی ھەبێ، بۆ ڕاگەیاندنی باری لەناکاو، واتا ئامادەکاری بکرێ ھەر کاتێک سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاریان کرد.
گەر بەرێز سەرۆکی پەرلەمان زانیاری ھەیە مووچەی فەرمانبەران دەسکاری دەکرێ، ئەوە بەرێزیان دەبێ بانگھێشتی دانشتنێکی بە پەلە بکات و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت، گفتی یاسای چاکسازی بۆ دەسکاری مووچەی یاسایی فەرمانبەران نەبوو.
ئەمە بەشێکە لە ئەرکەکانی پەرلەمانی کوردستان لەم دۆخەدا.