rupak.jpg

پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ باجه‌كانی خۆش بێت

Mar 15, 2020  |   بیروڕا 

ڕوپاک ئەحمەد وەرتی

 

هاوکاریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خاوەن کار و خەڵکی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەو ماوەیەدا حکومەت هەندێك ڕێنمایی و ڕێکاری لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوەخۆ دەرکردووە ، کە ئێمە وێڕای دەستخۆشیمان بۆ ئەو ڕێنماییانە وەهەروەها هەماهەنگ بوونی هاوڵاتیان و ئێمەش بە ڕێنماییەکان، بەڵام پێویست بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک کاری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکردایە بۆ ئەوەی بتوانن خەڵک زیاتر ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن لەوانەش:

1- کۆمپانیاکانی پەیوەندی و هێلی ئەنتەرنێتی پابەند بکردایە بەوەی کە لە سەدا پەنجا(٪٥۰)ی کرێیەکانیان کەمبکەنەوە بۆ کڕیارەکانیان، چونکە ئێمە دەزانین کە کۆمپانیاکانی پەیوەندی لەدەست بەرپرسانی حیزبیدان وە بەرپرسانی حیزبیش پێکهێنەری ئەو حکومەتەن ، بۆیە حکومەت دەبێ قوربانی بە خۆی و حیزبەکانی خۆی بدات پێش ئەوەی هەر قوربانیەک بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات.

2- وه‌رنه‌گرتنی كرێ ی كاره‌بای ئه‌م چه‌ند مانگه‌.

3- وه‌رنه‌گرتنی پاره‌ی ئاو بۆ ئه‌م چه‌ند مانگه‌.

4- وه‌رنه‌گرتنی پاره‌ی زبل و خاشاك بۆ ئه‌م چه‌ند مانگه‌.

5- لێخۆشبوون له‌و باج و ڕسوماتانه‌ی له‌م چه‌ند مانگه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خاوه‌ن موڵكه‌كان.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر بڕیاری داوە کە مارکێت و سەمونخانە و دوکانەکان بکرێنەوە، بەڵام وەکو هاوکاری هاوڵاتیان لەو بارودۆخەی تێیداین و لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە هاتۆتە ناو هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا پێویسته حکومەت لە باج و سەرانەی سەر دوکاندار و خاوەنکارەکان خۆشبێ، بۆ ئەوەی بتوانن جموجۆل بخەنەوە بازاڕ‌ ، چونکە هەروەک هەمو لایەک ئاگادارن ئەو ڤایرۆسە جموجۆڵی بازاڕی بەجۆرێک لەجۆرەکان لاواز کردووە.

بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە ئیدارەیەکی تەندروستی هاوڵاتیان بدات نەک خۆشی ببێتە بار بەسەر هاوڵاتیان دا ، پێویستە تۆزێک لەبارگرانی هاوڵاتیان سووک بکات ، بۆئەوەی هاوڵاتیانیش باشتر و دڵسۆزانەتر ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن و کوردستانمان ئاوەدان بێت و هەموومان ڕووبەڕووی ئەوڤایرۆسە ببینەوە و بەیەکەوە لەناوی ببەین.

من لە چوارچیوەی کار و پیشەی خۆم و ئەو ئەرکە یاساییەی کە لە پەڕلەمانی کوردستان بەمن سپێردراوە کە چاودێری کردنی حکومەت و بەدواداچوونە بۆ کاروبارەکانی حکومەت ، ئەو بابەتانە دەخەمەڕوو و ئەو هەڵە و کەم وکوڕیانەی حکومەت لەو ماوەیە هەیەتی دەخەمەڕوو بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و وەهەوەها بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانی حکومەت دەکەین ، چونکە دەبێت حکومەت حکومەتی هاوڵاتیان بێ و لەخزمەت هەموو هاوڵاتیان و چین و توێژەکان دابێ بێ جیاوازی.