luqman-wardi.jpg

بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

Mar 20, 2020  |   بیروڕا 

لوقمان وەردی

 

بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
بەرێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێم


زاخۆی دەلال بێیت یان دھۆکی رەنگین یا باڵەکایەتی شەھیدستان ھەمووی خاکی کوردستانە،ئەو جیاکاری و نادادپەروەریە بۆچی ؟
لە نێوانی ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٠ دووکارەساتی سروشتی لافا لەھەرێمی کوردستان رویداوە.
یەکەمیان : لافاوی باڵەکایەتی، لەسنوری قەزای چۆمان و رەواندوز و بناری قەندیل بوو کە تیایدا گوندەکانی دۆلی خانەقا - دۆڵی رۆست ، دۆڵی باڵەیان ، دەربەند ، گوندەکانی بناری قەندیل ، دۆڵی شاورێ ... زیانی زۆریان بەرکەوت دەیان ھاوڵاتی تەواوی ماڵەکانیان ژێر ئاو کەوت و خانەوادەکانیان بێ جێگەو سەرگەردان بوون ، سەرەرای ئەوەی ژمارەیەک ھاوڵاتی ئۆتۆمبێلی تایبەتیان لافاو بردی و نەدۆزرانەوە ، جگەلەوە رەزو باغی رەنجی چەندساڵەی ھاوڵاتیان وێران بوون ، پردی پەرینەوەی گوندەکان ، پرۆژەی ئاودێری ، پرۆژەی ئاوی خواردنەوە ، نەخۆشخانە، مەرو ماڵات ، مێشەھەنگی ھاوڵاتیان بەھۆی لافاو وێران بوون و لەناوچوون ، ئەوکات حکومەت توانای دارایی باشتر بوو ، نرخی نەوت بەرزتر بوو، کۆرۆنای نیگبەت پەیدا نەبوو بوو ، کەچی حکومەت سادەترین ئاوری لە ھاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە نەدایەوەو قەرەبوو نەکرانەوە .
گومانم نیە بەرێزتان دەزانن ئەو دەڤەرە لەشۆرشی ئەیلول پشتیوانی بەھێزی شۆرش و زێدو پەناگەی ئارامی ئێوە بوو ؟ لە شۆرشی نوێ داینەمۆی ھەڵگیرسانەوەی شۆرش و مەلبەندی کوردایەتی بوو ، ئەو دەڤەرە لەخەباتی رزگاری نیشتمانی قوربانی بەباشترین لە رۆڵەکانی داوە، روبارێک خوێنی بۆ ئازادی و سەرفرازی کوردستان رشتوە، کەچی بۆ ئەو کارەساتە گەورەیە حکومەتی ھەرێمی خۆمان سادەترین ئاوری لە ھاوڵاتیانی لێقەوماو بەش مەینەتی ئەو ناوچەیە نەدایەوە ؟.
رووداوی دووەم :لافاوی دوو رۆژی رابردووی شاری دھۆک بوو، بەداخەوە بەھۆی ئەو لافاوە زیانی زۆر بەر ھاوڵاتیانی دھۆک و زاخۆ کەوت وێرای ھاوسۆزیمان بۆ ھاولاتیانی ئازیزی ئەو دەڤەرە ، ئەوانیش مافی خۆیانە حکومەت بەھانایانەوە بچێیت و قەرەبوویان بکاتەوە .
دوایی لافاوەکەی دھۆک کەمتر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر ھەردوو بەرێزتان ھاتنە سەرخەت ، سەرۆکی حکومەت بەبری دوو ملیار دینار و سەرۆکی ھەرێم بری یەک ملیار دینار، واتا سێ ملیار دینارتان تەرخانکرد بۆ قەرەبووکردنەوەی لافاوی دھۆک ، ئەمە بە ھەنگاوێکی باش و بریارێکی دروست دەزانین ، بەڵام مافی خۆمانە بپرسین ئەو جیاوازی و جیاکاریە بۆچی لەبەرچی ؟ ئەمرۆ زۆرێک لە ھاوڵاتیانی زیان لێکەوتووی لافاوی باڵەکایەتی پەیوەندیان پێوەکردوم نیگەرانی قوڵی خۆیان دەربریوە دەلێن ئێمەش ھاوڵاتی دلسۆزی ئەو ھەرێمەین قوربانی زۆرمان داوە و زیانی زۆرمان بەرکەوتووە حکومەت تائێستا ئاوری لێنەداینەوە ئەو نادادپەروەریە بۆچی ؟