عەبدولستار مەجید
لە ١٧ ی ئازار بە فەرمی داوام لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان (سەرۆک و جێگر) کرد کە لە ئێستادا ئەگەر ناتوانرێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، لانیکەم کۆبونەوەیەکی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامبدرێت سەبارەت بە دوو تەوەری زۆر گرنگ کە هەردوکیان پەیوەندیان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە :
ـ پرسی موچە و دواکەوتنی لە ڕادەبەدەری دواکەوتن و دابەشنەکردنی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کە باری سەرشان و گوزەرانی خەڵکی ئێجگار سەخت کردووە .
ـ ئەو دۆخە تەندروستییە دژوارەی بەهۆی کۆرۆناوە دروستبووە، تا بزانین پلانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی چیە ؟
ڕۆژی دواتر و لە ١٨ ی ئازار نامەم ناردووە بۆ بەڕێزان سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر هەمان بابەت و داوام لێکردوون پشتگیریم بکەن بۆ ئەو کۆبوونەوەیە .
دوابەدوای ئەوەش هەمان داواکاریم لە گروپی تایبەت بە ئەندامانی پەرلەمان ئاراستەی ئەندامانکرد، بەڵام بەداخەوە (جگە لە کەمینەیەکی زۆر کەم) پشتیوانی داواکەی ئێمەیان نەکرد و ئەو خەمساری و بێباکییەش دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵکی گەیاندۆتە چی ڕۆژێکی ڕەش !
پێویستە پەرلەمانی کوردستان چیتر بێدەنگ نەبێت، وەک دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو و نوێنەری خەڵک، قسەی لە هەردوو پرسەکەدا هەبێت . ناکرێ حکومەت بە ئارەزووی خۆی یاری بە هەست و گوزەران و ژیانی خەڵک بکات و پەرلەمانیش تەنها تەماشاکەر بێت !!