dana.jpg

ئیشكالە سەرەكیەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

Mar 9, 2020  |   بیروڕا 
دانا دارا حسین

 

ئیشكالە سەرەكیەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە(1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو

   یەكێك لەیاسا گرنگەكان كەڕەهەندی دەستوری هەیە، تەنانەت لەهەندێك كاتدا مامەڵەی وەك دەستوری لەگەڵادا دەكرێت و یاسایەكە كە(7) جار هەموار كراوەتەوە و تا ئێستاش ژمارەیەك ئیشكالی تێدا ماوە كە بۆەتە ئەوەی كە پڕۆسەی هەڵبژاردن لەكوردستان بەكۆمەڵێك ئاستەنگەوە ئەنجام بدرێت و زۆرجار پێوەرە نێو دەوڵەتیەكانی پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی تێدا وەدی نەیەت.

    لەخوارەوە دیارترین ئەو ئیشكالانە دەخەمە بەردەست:

1. دوو پرس لەیەك یاسادا

    دوو بواری جیاواز بەڵام پەیوەندیدار بەیەكەوە ئەوانیش هەڵبژاردنی كوردستان و دەسەڵاتێكی گرنگی وەك دەسەڵاتی یاسادانانە (پەرلەمانی كوردستان) بەیەك یاسا و لە چوارچێوەی دەقێكی یاسایی دا ڕێك خراون.

   بۆ ئەم بوارانە گرنگە هەر یەكەیان بەیاسایەكی جیاواز ڕێك بخرێن، نموونە وەك ئەوەی لەزۆرێك لەوڵاتان هەیە كە یاسایەك بۆ هەڵبژاردن بەسەربەخۆیی هەیە كە تیایدا كۆی پرس وبابەتەكانی تایبەت بەهەڵبژاردن لەو یاسایەدا ڕێك خراوە.

    هەروەها یاسایەكی تایبەتیش هەیە بۆ دامەزراوەی یاسادانان كە بە (یاسای پەرلەمان) یان (یاسای ئەنجومەنی نوێنەران وئەندامەكانی) ناسراوە.

2. لەیاساكەدا بەدەقێكی ڕوون نەهاتووە كە هەڵبژاردنی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان هەر چوار ساڵێكی تەقویمی دەكرێت هەروەها بەدیاریكراوی ڕۆژێك لەساڵا وەك بەرواری ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن نەنووسراوە، نموونەی وەك ئەوەی بنوسرێت 5/3/2000ی هەموو ساڵێك.

   كە دیاری كردنی ئەم بەروارە لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەكرێت كە بەبێ‌ دواخستن پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام بدەن.

3. لەژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان كە(111) كورسیە و لەوانە(11)یان بۆ كۆتاكانن، لەكاتێك دا لەدوا هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە(1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو بەدەقێكی ڕوون نەهاتووە كە ئایا هەر كورسیەك لەبەرامبەر چەند چەند دەنگی دروستی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمە؟!

   لەكاتێكدا ئەو دەقە بەڕوونی هاتووە لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا.

4.كورسیەكانی كۆتای كەمینەكان( پێك هاتەكان) كە بە (11) كورسی ودابەش بووە بەسەر (3) جۆر پێكهاتەی ئایینی ونەتەوەیی، بەراورد بەژمارەی كۆتاكان لەكۆی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دوای دواهەمین هەموار بووە بە (9)كورسی، زۆرە و پێویستە ڕێك بخرێتەوە.

5. هەر چۆن كۆتایەك بۆ پێك هاتەی جێندەری(ئافرەت) لەیاساكەدا بە لە(30%) هاتووە، لەكاتێكدا ئەم ڕێژەیە لەسەدی  كۆی كورسیەكان لێك بدەین دروست دەرناچێت. بەڵكو وەك ئەوەی لەعێراق دا هاتووە كە لە(25%)ە دروست ترە و بۆ ئێستا گونجاوترە.

6. دەقی یاساكە  كە بواری هەڵبژاردنەكانی ڕێك خستووە بەدەق ئەم پرسانەی نەهێناوە وەك:

أ.  بەڵگەنامە فەرمیەكانی ناسینەوەی دەنگدەر چەند دانەن یاخود تەنها كارتی نیشتمانی دەبێت؟

ب. ماوەی  ڕۆژی دەنگدان كە بە(7) سەعات لەلایەن كۆمسیۆنەوە دانراوە، بەڵام یاساكە ئەم پرسەی بەدیاری كراوی نەنوسیوە!

ج. لەیاساكەدا نەهاتووە كە ئەنجامی كۆی دەنگە دروستەكانی قەوارەیەك لە ناو بنكەی  دەنگدان بۆ یەكەمین جار ڕادەستی بریكاری یاسایی قەوارەكە دەكرێت.

7. پاداشتی پەرلەمانتاران و خانەنشین بوونی یان گەڕانەوەی بۆسەر وەزیفەی پێشوو ئەگەر هەیبوو، پێویستە لەیاسای هەڵبژاردن جودا بكرێتەوە و لەگەڵا یاسای پەرلەمانی كوردستان باس بكرێت.

8. یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان لەپرسی گەڕانەوە بۆ سەر وەزیفەی پێشوو ئارەزوومەندانە یان بەشێوازی دیكە، ڕێك نیە لەكاتێكدا بەرزی و لەپێشینەیی بۆ یاسایە بەسەر پەیرەوی ناوخۆدا.

9. تەمەنی یاسایی بۆ خۆپاڵاوتن لەیاساكەدا بە(25)ساڵا دیاری كراوە لەكاتێكدا ئەم تەمەنە بەراورد بكەی بەخودی تەمەنی وەرگرتنی بڕوانامەی زانكۆیی لەهەرێمدا و وەرگرتنی ئەزموونی كردەیی ئەگەر ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی پسپۆریەكەشی دامەزرێت، نایەتەوە، پێویستە پێداچوونەوە بەم تەمەنەدا بكرێت.

10.ئەنجام دانی هەڵبژاردنی گشتی بەبێ‌ ئەنجام دانی ئاماری گشتی دانیشتوان هەڵەیەكی یاسای گەورەیە دەبێت لەیاساكەدا ئاماژەی پێ‌ بكرێت.

11. لەماددەی یازدەهەم لە یاسای ژمارە(1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو دەبێت تۆماری دەنگدەران ئەم زانیاریانە لەخۆ بگرێت:

(ناو + ناونیشان + پیشە + بەروار وشوێنی لەدایك بوون) هەروەها لیستەكەش بەپێ‌ ی پیتی ئەبجەدی ڕیز بكرێت.

بەڵام یاساكە ئاماژەی بەوە نەداوە كە دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كام تۆمار و سەرژمێری بكاتە بنەمای ڕێكخستنی تۆماری دەنگدەران؟

12. ماددەی (59) لە یاساكەدا مافی داوە بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە لەدەرەوە دادەنیشن بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام یاساكە شێوەی بەشداری كردنەكەی باس نەكردووە؟ هەروەها ئایا چۆن تۆماری دەنگدەرانیان بۆ ڕێك بخرێت؟ و ئایا پشت بەكام داتا وزانیاری ببەستین بۆ ئەم تۆمارە؟! وە ئایا لەچەند شار ووڵات ناوەندی دەنگدەران بكرێتەوە؟

13. لە ماددە(60)ی یاساكەدا مافی داوە بەهێزە چەكدارەكان و پێشمەرگە كە بەدەنگدانی تایبەت بەشدار بن، بەڵام جیانەكردنەوەی تۆماری دەنگدانی هێزە چەكدارەكان لەكات وساتی خۆیدا كارێكی نایاسایی یە.

14.  یاسای هەڵبژاردن پێویستە بەتەواوی جیاكردنەوە دەق نووس بكات لەیاسادا تایبەت بەتۆماری دەنگدانی گشتی + دەنگدانی تایبەت + تۆماری دەنگدانی پێكهاتەكان.

 وهەتا ئەم كارەش نەكرێت و نەخرێتە ئەستۆی كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكان ناگونجێت كە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی باش وشەفاف بین.

15. لەیاسای هەڵبژاردن دا بەتەواوی ووردەكاری پڕۆسەكە نەكراوە، بۆیە ناچار بووە لەیاسای ژمارە(4)ی ساڵی 2014ی كۆمسیۆنی بالای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ئەم بۆشاییانە چارەسەر بكرێت، وە دەسەڵاتێكی زۆر بەكۆمسیۆن بدرێت بەدەركردنی پەیڕەو وڕێنمایی بۆ ڕێكخستنی ئەم بوارە .

16. لەیاساكەدا بەهیچ شێوەیەك باسی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن نەكراوە وئەو پارێزبەندی وپاراستنانە( الحصانە والحمایە) بۆیان نەژمێر دراوە!

17. لەكۆتاییدا دیارترین ئەو ناونیشانانەی كە لەیاساكەدا پێویستە پێداچوونەوەی جددی بۆ بكرێت بریتین لە:

أ. بازنەكانی هەڵبژاردن.

ب. لیستی دەنگدان .

ج.ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان.

د. جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی گشتی وتایبەت وپێكهاتەكان.

ه. عەدالەت لە نوێنەرایەتی جوغرافیایی لە پەرلەماندا .

و. ناونانی سیستەمی هەڵبژاردنی پەیڕەو كراو لەهەرێم دا لە چوارچێوەی یاساكەدا.