memburhan.jpg

راگەیاندراوێك بۆ رایگشتیی كوردستان

Mar 10, 2020  |   بیروڕا 

مەم بورهان قانع

لە راپۆرتێكی ورد و پیشەییانەی “فەرمانگەی وردبینیی پارێزگای سلێمانی”دا، كە ئاڕاستەی “دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان” كراوە و لەوێیشەوە بۆ “لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان” لە پەرلەمانی كوردستان بەرزكراوەتەوە و پەیوەندیی بە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانییەوە هەیە لەسەر خەوشەكانی پەیوەنددار بە سەرفكردنی بڕی “20” بیست ملیار دینار بۆ ژێرخانی كولتوری پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان، كەند و كەلەبەری بێشوماری دارایی و ژمێریاریی و كارگێڕیی و یاسایی لە سەرفكردنی ئەم پارەیە و بەهەدەردان و تاڵانكردنی ئەم كەمە پارەیەدا هەیە! (بێگومان مەبەستم لە “كەمە پارە”، بەراوردكردنە بەو داهاتی سەدان ملیۆن دۆلارەی نەوتی هەرێم كە دیار نییە، ئەگەرنا تەنانەت خراپ سەرفكردنی دینارێكی گشتیی، دەچێتە خانەی گەندەڵییەوە و لێپرسینەوەی یاسایی لەسەرە).

لەم كەیسەدا و بەپێی ئەم راپۆرتەی “فەرمانگەی وردبینیی پارێزگای سلێمانی”، سەرەڕای بەرپرسیارێتیی جیاجیای وەزیری پێشوی “رۆشنبیریی و لاوان” و بەرێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی لە خراپ سەرفكردنی ئەم پارەیەدا، دەیان كەس و سەندیكا و رێكخراو و كۆمپانیا و نوسەر و فەرمانبەری وەزارەت و بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ناوبراو، پریشكی ئەم كەیسەیان بەركەوتوە و ئێستایش ئەم پرسە روبەروی “دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان” كراوەتەوە و دوای دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمیی، لەدوای پشوەكانی نەورۆزەوە، ئەم پرسە دەچێتە قۆناغێكی نوێی لێكۆڵینەوەوە و بەمەیش تۆپەكە خراوەتە گۆڕەپانی “دەستەی دەسپاكیی هەرێم” و پەرلەمان-یش چاودێریی دەكات.

پێشێلكاریی گەورەی ژمێریاریی لە سەرفكردنی ئەم پارەیەی “پایتەختی رۆشنبیریی”دایە، وەكچۆن لە سەرفكردنی پێنح ملیۆن دۆلاریش دا، بۆ شاری هەولێر (وەك پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبیی)، بەهەمانشێوە پێشێلكاریی گەورەی ژمێریاریی و دارایی و یاسایی و كارگێڕیی بونیان هەیە و ئەو دۆسێیەیش لەبەردەم لێكۆڵینەوەی لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمان و “دەستەی دەسپاكیی هەرێم”دایە.