karwan.jpg

چۆن دەتوانین بە زوویی ئەم قەیرانە تێبپەڕێنین؟

Mar 19, 2020  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی

وەکو پێشتر چەند جارێک ھۆشداری ئەوەمان داوە، کە حکومەتی ھەرێم دووچاری قەیرانێکی سەخت بووەتەوە و دەبێت بە ناچاری بچێتە ژێربارییەوە، و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ڕەتدانەوەی ئێمەش لەسەر ئاشکراکردن و باسکردنی دۆخەکە سود بە بارودۆخی حکومەت ناگەیەنێت و چارەسەری دۆخی دارایی ھەرێمیش ناکات، پێویستە حکومەتی ھەرێم واز لە وەڵام و وەڵامکاری بھێنێت و تێبینی و ڕەخنەکان بە ھەند وەربگرێت، بۆیە پێویستە بەدوو شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە بکرێت، ئەوانیش دانانی پلانی دوورمەودا و دانانی پلانی کورت و خێرا، کە ئەمەی دووەمیان چارەسەرە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا.

‎حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دووڕیانی ڕۆژانێکی سەختدایە و دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنی داھاتی ناوخۆیی پێکەوە تا بینەی حکومەت دەستیان بردووە، ھەڵبەت ئەم قەیرانە فرە ڕەھەندە و بەشێکی پەیوەستە بە دابەزینی نرخی نەوت لە ئاستی بازاڕەکانی جیھانی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە، بەشەکەی دیکەی پەیوەستە بە سیاسەتی چەوتی ناوخۆییەوە- سەرباری ھاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆناش.

‎پێش باسکردن لە چارەسەر، دەبێت تیشک بخەینە سەر ئەو مەترسی و کەموکورتیانەی کە دابەزینی نرخی و نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا پەردەیان لەسەر لادا بۆ تێگەیشتن لە جۆری قەیرانەکە، لە خوارەوە بە کورتی بە چەند خاڵێک باسیان لەبارەوە دەکەین:

‎یەکەم: ئەم قەیرانە دەبێت بۆ حکومەتی ڕوونکردبێتەوە کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تا ئێستا وەزارەتێکی تەماشاکەرە و نە توانیویەتی بارزگانی بکات و نە ھیچ سودێکی پیشەسازی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان و لە بارگرانی دارایی زیاتر سودێکی دیکەی نەبووە.

دووەم: ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی بەکاربەرە و ئابوری ھەرێمی کوردستانیش ئابورییەکی پاشکۆیە بەتایبەت وڵاتانی تورکیا و ئێران، ھەموو پشت بەستنێکیشی بە ھاوردەکردنە.

‎سێیەم: حکومەتی ھەرێم سیاسەتی ئەمنی خۆراکی نەبووە و نییە، کە ئەمە وایکردووە کەمترین دەرگا داخستن ببێتە ھۆی گرانبوونی نرخی کاڵاکان و ھاوڵاتییان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.

‎چوارەم: ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانییوە یەدەگی یاسایی ھەبێت، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە کە لەھەر تەنگەتاوییەک حکومەت پەنا ببات بۆ سەدەقە و داواکردن بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک.

‎پێنجەم: ناشەفافیەتی لە پڕسەی نەوت کاریگەری زۆر ڕاستەوخۆی بەسەر دروستکردنی قەیرانەکەوە ھەیە، بە جۆرێک کە سەختە بۆ ئابوری ناسان بتوانن چارەسەر لەسەر ژمارەی گریمانە کراو بدەن بە حکومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.

‎شەشەم: تەواوی کوردستان لە لایەن چەند کەسێکە و مۆنۆپۆل کراوە، کە ئەمە کارەساتێکی ئابووری گەورەی خوڵقاندووە، نموونەش بۆ ئەم ڕاستییە تاڵە ئەوەی کە لەگەڵ بانگەوازی لێخۆشبوونی کرێ، خەڵکانێک پشتگیرییان کرد کە خاوەندارێتی ناوچەی یەکجار زۆر و ستراتیژییان دەکرد کە دەبوایە لە بنەمادا ئەمانە موڵکی شارەوانی بن، ئەم جۆرە مۆنۆپۆلیەش بەتەنھا سود بە کەسانێک دەگەیەنێت کە موچەی فیکسیان ھەیە و ناتوانن داھاتی زیادە دەستەبەربکەن.

‎چارەسەری گونجاو و خێرا چین بۆ ئەم دۆخە:

یەکەم: یەکەم ھەنگاو داننانە بەم قەیرانە و ڕوونکردنەوەیەتی لە لایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھاوتەریب لەگەڵ دڵنیاییدان لە ماوەی قەیران و چارەسەرکردنی دۆخەکە بەشێوەیەکی زانستی و پلان بۆ دانراو، بۆ ئەوەی خەڵک خۆی ئامادەبکات و بەسەر دۆخێکدا نەکەوێت کە چاوەڕوان نەکراوبێت بۆی.

‎دووەم: ڕێککەوتنێکی لۆژیکی نوسراو لەگەڵ بەغدا و چوونە ژێر باری مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی لە بەرامبەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.

‎سێیەم: کەمکردنەوە یان بڕینی خەرجی بەشێک لەوەزارەتەکان بۆ ماوەیەکی کاتی و گێڕانەوەی شایستەکانیان دوای تێپەڕاندنی دۆخی قەیران.

‎چوارەم: بڕینی سەرجەم خەرجییە زیادەکان، وەکو وزەی ئۆتۆمۆبێل، سیانە، خەرجی دامەزراوە لاوەکییەکان، ئیفادات بۆ دەرەوە بۆ ماوەیەکی کاتی و گێڕانەوەیان لە کاتی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا.

‎پێنجەم: ھەوڵدان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی، بۆ سوککردنی دەسەڵاتە سیادییەکانی ھەرێم بە گوێرەی ماددەی (١١٠)ی دەستور بۆ ڕاکێشانی پارە، ھەرچەندە ئێستا بانکی مەرکەزی خۆی لقی ھەیە، بەڵام ئەمەش دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی ھاوکاربێت، ھەرچەندە بە گوێرەی دەستور لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.

‎شەشەم: حکومەت کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرمایەدارەکان بکات لە ھەرێمی کوردستان و داوایان لێبکات کە پارە بخەنە بانق، لە بەرامبەردا فائیدەیان بۆ زیادبکات بە گوێرەی گرێبەستی نێوانیان لە ٦ مانگەوە دەستپێبکات تا دەگاتە ساڵێک و بگرە زیاتریش.

حەوتەم: پێویستە حکومەتی ھەرێم کاربکات بە زوویی بۆ برەودان بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابوری و داھات لە ھەرێمی کوردستان و زیاتر لە ھەرکاتێک پشت بە بەرھەمە ناوخۆییەکان ببەستێت، بە نموونە وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران و دروستکردنی سایلۆ بۆ بەرھەمھێنانی ئارد، نەک ھەر بۆ ھەرێم بگرە بۆ تەواوی عێڕاقیش.

‎ھەشتەم: لە ئێستادا لە ھیچ سوچێکی دنیا ئابوری ئیشتراکی تەواو یان سەرمایەداری تەواو نییە، بەڵکو ئابوری میکس ھەیە واتا ھاوبەش، حکومەتی ھەرێم دەبێت بەزوویی دەستبکات بە تەداخولات لە ھاوردەکردنی بەرھەم، ھەم بۆ دڵنیابوون لە نرخ و کوالێتی ھەمیش بۆ ڕێکخستن و سود وەرگرتن لە ھەر ھاوردەیەک لە لایەن بازرگانەکانەوە.

‎نۆیەم: ئەوەی کە دەوترێت داھاتی ناوخۆ نزیک دەبێتەوە لە سفر، دوورە لە ڕاستییەوە چونکە باج یەکێکە لە داھاتە ناوخۆییەکان و باج لە سەنەی مالی وەردەگیرێت، بۆیە حکومەت دەبێت بەزوویی بیر لە ڕێخستنی باج بکاتەوە، ھەوڵبدات چی بەشێوەی قەرز یان باجی پێشوەختەی تەخمینکراو لە کۆمپانیا گەورەکان وەربگرێت بە ڕێژەیەکی زیاتر و دواتر لە کاتی باشبوونەوەی دۆخی ئابووری ئیعفای کۆمپانیاکان بکات، یان بەر ھەر ناوێکی دیکە کە یاسایی بێت.

‎دەیەم: بانگکردنی خەڵکانی پسپۆڕ بۆ ڕاوێژ لە ھەموو بوارەکان و کۆبوونەوەی دەوری لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەستەکان بۆ وەرگرتنی زۆرترین بۆچوونەکان پێش دەرکردنی بڕیارگەلێک کە نەتواندرێت جێبەجێبکرێن.

‎جگە لە ئەم ھەنگاوانە، دەستبردن بۆ بڕینی ھەر موچەیەک یان دواخستنی بە ھیچ شێوەیەک چارەسەری دۆخەکە ناکات و دەبێت حکومەت بە ژیری مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات، کە تەنھا کەمتر لە (٣) مانگ دەخایەنێت و تێدەپەڕێت، دواتر دەتواندرێت سود لە پلانی دوور مەودا و کەسانی شارەزا ببیندرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئابوری ھەرێم بەشێوەیەکی ڕیشەیی.