karwan.jpg

ئەم تاکڕەوی و جیاکارییەی سەرۆکی حکومەت، کوردستان بەرەو ھەڵدێردەبات

Mar 25, 2020  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی

ئەمڕۆ بە شانازییەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە نمایشێکی میدیایی دەڵێت کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ٢٥ ئۆتۆمۆبێلی فۆرچنەری مۆدێل ٢٠٢٠ی بە دیاری بۆ پۆلیسی ھەولێر دابینکردووە، کە لانی کەم دەکاتە سەروی ١ ملیۆن دۆلار.

ھەر ھەفتەی ڕابردوو نزیکەی ٣ ملیار دیناریان تەرخاکرد بۆ پارێزگای دھۆک، ئەگەر قەیرانی داراییە، ئەو پارەیە لەکوێ دێت؟ ئەگەر قەیرانە، بۆچی سەرۆکی حکومەت داوا لە سەرمایەداران دەکات ھاوکاری حکومەت بکەن؟

ئەی ئەگەر قەیران نییە، بۆچی موچەی فەرمانبەران و ئاسایش و پێشمەرگە و ھاوڵاتییان دابینناکرێت؟

ئێستا کاتی ئەوەیە وەزیری دارایی بەڕوونی قسەبکات و ڕوونکردنەوە بدات بە خەڵک و چیتر خەڵک بە ناوی قەیرانەوە چەواشەنەکرێت!

ئەم جۆرە لە حکومڕانییە جگەلە تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی و سەپاندنی عەقڵیەتی تاکڕەوی و خۆسەپێنی زیاتر تەفسیرێکی دیکە ھەڵناگرێت، ئەمە بێحورمەتیکردنە بە تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم و لەتکردنی کوردستانە بەسەر دووبەرەدا، ھەر کەسێکیش پشتیوانی لەو جۆرە کارانە بکات، بەشێکە لەو گەندەڵییە مەترسیدارەی کە لەھەرێمی کوردسران دەگوزەرێت.

دەبێت وەزیری دارایی و مەسرور بارزانی بەزوویی ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بەھەدەردانە بۆ خەڵکی کوردستان بدەن، ڕوونیبکەنەوە کە ئەو پارەیە لەکوێ دێت!

ئێستا ئیتر کاتی قسەکردنە و وتار بە وتار پەردە لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی ھەندێک کەس ڕادەمالین، کە دەیانەوێت بە ناوی چاکسازی و یەکڕیزییەوە ماڵێورانی بەسەر ئەم میللەتە و نەوەکانی داھاتوودا بێنن