sherko-hemeemin.jpg

حکومەت و متمانە

Mar 5, 2020  |   بیروڕا 

شێرکۆ حەمەئەمین

حکومەت، لە ھەموو جیھان و ھەموو سەردەمێک بەپێی یاسا وعورفە کارپێکراوەکان بەرپرسە بەرانبەر دابینکردنی ژیانی خەڵک و دەبێت سێ ئەرکی سەرەکی، بەرانبەر ھاوڵاتیان ڕاپەڕێنێت:
یەکەم – دابینکردنی لایەنی کەمی ژیان
دووەم – دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی
سێیەم – پاراستنی ئەمنیەت و سەروماڵی ھاوڵاتیان

حکومەتی ھەرێم، ئەگەر زاراوەکە، لە ڕوی زانستیەوە، بۆ ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم گونجاوبێت، ئەوا لە ئاستی ئەم ئەرکانەدا شکستی خواردوە و نەیتوانیوە ژیان و ھەلی کار، بۆ خەڵک دابین بکات، بە دوومانگ جارێک موچە دەدرێت، ئەوانەشی موچەخۆرنیین، لە داھاتی گشتی سودمەندنابن، تەنانەت، لەم دۆخەشدا، کە حکومەتەکانی جیھان بە ملیار دۆلاریان، بۆ قەرەبوکردنەوەی ھاوڵاتیان و زیانمەندانی کۆرۆنا تەرخان کردوە، کە ئیش و کار و بازاڕ وەستاوە، کەچی پێچەوانەی ھەموو جیھان حکومەتی ھەرێم نەک ھەر قەرەبوی کەس ناکاتەوە، بەڵکو موچەی موچەخۆرانیش لە کاتی خۆیدا نادات، تا ئێستا ساڵ ۲٠۱۹ یە لای حکومەت.

ئیترخەڵک چۆن متمانەی بەم دەسەڵاتە ھەبێت، لە کاتێکدا مافی خۆی ناداتێ، کەچی پارەی تر بخاتەبەردەستی، ئەم حکومەت، لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیران و سیاسەتی ناوەندیدا ھەرگیز بێ لایەن نەبوە وەک یەک، لەگەڵ شارەکانی ھەرێم مامەڵەی نەکردوە، تەنانەت، لەم دۆخی کۆرۆنایەشدا، بۆیە چۆن دەتوانیین( پێکەوە بەھێزتربین) ئەوە، بۆ حکومەتێکی خزمەتگوزاردەبێت، کە سەرۆکەکەی نزیکی خەڵک بێت و لایەنی کەم بەپلان ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەسەربکاتەوە و خەڵکی ڕاستەوخۆ لە نزیکەوە بیبینن و قسەی لەگەڵ بکەن، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەشی تائێستا من نەم بینیوە، کۆنفرانسی رۆژنامەوانیشیان کردبێت.

حیزب، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کە حکومەت ئاڕاستەدەکەن، مەسولەکانیان ھەزاران فرسەخ، لە خەڵکەوە دورن و لەم دۆخەدا لەباخ و ڤێلاکانیانەوە سەیری خەڵکی دەکەن و ئوتومبیلی خۆیان و حاشیەکانیشیان ئاسایی ھاتوچۆدەکەن و ھیچ ڕۆڵێکیان، لە قەیرانەدا نەبوە، ئیتر خەڵکی چۆن متمانەبەم دەسەڵاتەبکەن.

لەلایەکی ترەوە، حکومەتێک تاسەرئێسقان ناشەفاف، چۆن متمانەی ھەیە، بۆنمونە:  
یەکەم – شەش ساڵە پرۆژە یاسای بوجەی نەناردۆتە پەرلەمان، واتە داھات و خەرجی دیارنیە.
دووەم – لە مانگەکانی رابردوو،لە نزیکەی ۷٥٠ ملێۆن دۆلاری پارەی نەوت تەنیا ۲۹٥ ملێۆن دۆلاری دراوتە وەزارەتی دارایی، ئەوی تری دیارنیە ئێستا داھاتی نەوت کەمی کردووە.
سێیەم –  پارەی سندوقی پاڵپشتی شێرپەنجە، کە ۷۲ ملیار و ملێۆنێک و پێنج سەد ھەزار دۆلاری تێدابووە، کەچى بەتاڵکراوە.
چوارەم – پارەی بانکە ئەھلییەکان و دانراوی ھاوڵاتیان دەرھێنراوە.
پێنجەم – کۆمپانیای حیزبی و ئەشخاسی حیزبی بە ملیار دۆلاریان ھەیە و ئامادەشنین، ھیچی ببەخشن، وەک بەرپرسێکی یەکێتی وتی” ڕەنگە دۆلاریان ھەڵھێنابێ”.

ئەمانە و دەیان نمونەی تری نابەرپرسیاری و بونی بۆشایی گەورە، لە نێوان خەڵک و بەرپرسی حیزبی ، خەڵک و حکومەت، کە متمانەی بەم حیزب و حکومەتە نەھێشتوە و خەڵک ھیچ بڕوا بەم دەسەڵاتە ناکەن، کە داھاتی نیە، حکومەت ناشەفافە، ئیتر چۆن خەڵک ھاوکاری بخاتە ژمارە حسابی ئێوە و ئێوەش دابەشی کەن، چۆن بزانیین، لە دەستێکی ئەمیندایە، لە کاتێکدا مافی خەڵکی نادەن، چۆن خەڵک متمانەتان پێ بکەن؟.
 
ئەم حکومەتە ئەقڵێکی ناوەندگەرایی میلیتاری بەڕێوەی دەبات، بۆیە دەیەوێت، ئەمەش ناوەندی بێت.
وەک باسیش دەکرێت،یەکێک لەو دووبانکەی دانراون، نزیکە لە بەرپرسێکی حیزبی و حکومی ئێستا، وەک چۆن جاران بانکی کوردستان ھەبوو ئێستا Rt بانک ھەیە.

بە کورتی، لە ئاستی گشتیداخەڵک متمانەی بەم حکومەتە نیە و بە بەشێک، لە خۆی نازانێت، من قسەم لەسەر ژمارەیەک میدیای حیزبی و سێبەرنیە، کە بەپارەی خەڵک سەرقاڵی جوانکردنی بەرپرسی حکومی و حیزبین، خەڵکی گشتی متمانەی نەماوە.

لەگەڵ ئەوەی بەھیچ جۆرێک ناکرێت، بابەتی خێرخوازی بۆ مەرامی سیاسی و حیزبی بەکاربێت، وەک کراوە و لۆگۆی حیزب، لە ناوھاوکارییەکە دانراوە، بەڵام لێ گەڕێن باخەڵکی خێرخوازبەردەوام بێت، بەڵام ڕێکبخرێت و گروپەکان ئاگایان لەیەک بێت و پلانی ھاوبەشیان ھەبێت و دادپەروەری، لە دابەشکردن ھەبێت و لەگەڵ چاودێری کۆمەڵایەتیش ھاوئاھەنگی ھەبێت.