KAWE.jpg

کێ پەرلەمانی بێ دەسەڵات کردووەو بۆچی بێدەسەڵات کراوە

Mar 31, 2020  |   بیروڕا 

کاوە عبدالقادر

 

بەگوێرەی دەستوروسیستەمی سیاسی لەھەموو دونیا پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی ویاسادانانەو مەڕجەعی بڕیارە لەوڵات.
پەرلەمان شێوازی حوکمڕانی لەوڵات دیاری دەکات وسەرۆکی وڵات ھەڵدەبژێرێت و دەنگ بەکابینەی حکومەت دەدات وچاودێری دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن ودادوەری دەکات ویاسای بودجەی ساڵانەی دەوڵەت پەسەند دەکات و هەروەها تاکە دامەزراوەی یاسادانانە، تەنھا لەوڵاتە دیکتاتۆرەکان نەبێت.
بەڵام کەس پێی وانەبێت ئەمە ھەر لەخۆیەوە ڕوویداوە بەڵکو جگە لەووی چەندین سالە پارتی و یەکیتی کاری بۆ دەکەن، بەلام لەسەرەتای ئەم خولەی پەرلەمان ئەم سەرۆکایەتیەی ئێستای پەرلەمان وفڕاکسیۆنەکانی پارتی ویەکێتی و گۆڕان بەئیعازی حزبەکانیان دەستکاری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیان کردو تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسادانانیان دا بەحکومەت بەوەی ھەر پڕۆژە یاسایەک کەلەلایەن ژمارەی یاسای پەرلەمانتاران پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت دەبێ بنێردرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا ئەوان ڕەزامەندی لەسەری دەرنەبڕن ونەینێرنەوە بۆ پەرلەمان ئەوا ناخرێتە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی بۆ ناکرێت.
کەئەمە ڕاستەوخۆتەسلیم کردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانە بەحکومەت کەلەھیچ وڵاتێکی دونیا شتی وانیە پەرلەمان ڕەزامەندی لەحکومەت وەرگرێت،
ئێمە زۆر ھاوارمان کرد کەئەمە نەکەن بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان وفڕاکسیۆنەکانی دەسەڵات بەتایبەت پارتی ویەکێتی بەزۆرینەی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیان بەو شێوەیە پەسەند کرد.
ئینجا لەماوەی ئەو خولەی پەرلەمان بەدەیان پرسیارمان ئاراستەی حکومەت کردوە وەڵاممان وەرنەگرتۆتەوە تەنانەت ھەندێ پرسیار کەئاراستەی سەرۆکی حکومەت دەکران ئەگەر پرسیارەکە موحریج بوایە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەئەنقەست نەیدەنارد بۆئەنجومەنی وەزیران.
سەرەڕای ئەو ھەموو گەندەڵی وپێشێلکاریە تا ئێستا نەتان توانیوە لێپرسینەوە لەوەزیرێک بکەن لەکاتێکدا بەفەرمی لەلایەن پەرلەمانتاران بەشێوەیەکی یاسای داواکراوە.
ئاخر ئەگەر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنق پەرلەمانتارەکان خۆیان رێزی خۆیان نەگرن و خۆیان دەنگ بدەن بە بێ دەسەلاتکردنی خۆیان، ئیتر چۆن چاوەڕێ دەکەیت پەرلەمانەکەت بەهێز بێت؟
دەبێت هەمومان بزانین کە ئەگەر پەرلەمانێکی کارا ھەبێت، ئەوا چۆن حکومەت وحزبەکانی دەسەڵات دەتوانن بەئارەزووی خۆیان سەروەت وسامانی ئەم وڵاتە تەخشان وپەخشان بکەن ویاری بەچارەنوسی ئەم میللەتەوە بکەن ؟
خۆ ئەگەر پەرلەمان کارا بێت ناتوانن گرێبەستی (٥٠)ساڵەی ھەڕاجکردنی نەوتی ئێمەو نەوەکانمان لەپشت پەردەو ژوورە تاریکەکان لەگەڵ وڵاتان ئیمزا بکەن!!
بەڵێ ئەگەر پەرلەمان بەھێز بێت ئەوان ناتوانن دەست بەسەر گومرگەکان دابگرن وھێلکەو دوگی ئێکسپایەر دەرخواردی ئەو میللەتە بەستە زمانە بدەن !!؟؟
ئەگەر پەرلەمان کارا بێت ئەوان ناتوانن دەست لەکاروباری دادگاکان وەربدەن وھێزی میلیشیایی تایبەت بەخۆیان دروست بکەن وخەڵک بگرن وبیکوژن وترس وتۆقاندن وتاڵانکاری ئەنجام بدەن.
بۆیەدەبێت ھەموو خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە بزانن پەرلەمان بەمەبەست بێ دەسەڵات کراوە لەلایەن پارتی ویەکێتی بۆئەوەی خەڵک باوەڕی بەپەرلەمان ودامودەزگا دەستوری ویاساییەکانی وڵات نەمێنێت ونەڕواتە سەر سندوقەکانی دەنگدان ، تا ئەوانیش بەئارەزووی خۆیان تەزویر بکەن وزۆرترین کورسی پەرلەمان بۆخۆیان بەرن ودرێژە بەوشێوازەی حوکمڕانی خۆیان بدەن.
بەلام سەرباری هەموو ئەوانە ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ ج لە رابردو وە چ لە داهاتوو بێدەنگ نابین و نەبوین، لو کوێدا زانیمان ئەم دەسەلاتە زولم لە خەلک دەکات، ئەوا لەسەری دێینە دەنگ و قبوڵی ناکەین، خۆ ئەگەر لە ناو پەرلەمانیش هەمو شتمان پێ نەکرێت، ئەوا لەگەڵ هاوڵاتیاندا پێکەوە دەتوانین شەقام بجوڵێنین و داوای مافی خەڵک بکەین و ئەم زولمە و ناحەقییە قبوڵ نەکەین.
بۆیە دەبێ خەڵک بڕیار بدات کەئایا چیتر ڕێگا دەدات پیلانەکانی ئەوان سەربگرێت وحوکمڕانی لەھەرێمی کوردستان بەو شێوازە بەردەوام بێت ؟ یانیش گەل خۆی بڕیارێکی تر دەدات وکۆتای بەو سیستەمە خراپەی ئەوان دێنێت وئایندەیەکی گەش بۆ خۆیان ونەوەکانی داھاتوو بنیات دەنێت ؟