ebubekr.jpg

زینی وەرتێ چی پێ ووتین!؟؟

Mar 30, 2020  |   بیروڕا 

ئەبوبەکر هەڵەدنی

(زینی وەرتێ)ش وەک دەستە خوشکەکانی (مەیدانی حەیوانان،کەپکی حەمەدئاگا،کەپکی شیلانە،کڵاوقاسم،دارەبەن، دێگەڵە، سماقوڵی ،پیرەر،ئیبراهیم خەلیل ،،،،،)چووە ناو فەرهەنگی حوکمڕانی باشووری کوردستانەوە.
زینی وەرتێ پێی ووتین شتێک نیە بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی (سەرتاسەری ویەکگرتوو)،بەڵکو دوو قەڵەمڕەوی ودوو ناوچەی هەژموونی دووهێزی سیاسی کە وا بەئاسانی دەستبەرداری نابن،بۆ!؟
وەڵامەکە ئاسانە چونکە ئەو دووحزبە قەڵەمڕەوی خۆیان هەمیشە وەک کارتی گوشار بەرامبەر یەکتری بەکاردەهێنن ،ئەمە بێجگە لەوەی هەریەک لەو دوو قەڵەمڕەویە یەکانگیرن لەگەڵ سیاسەت وبەرژەوەندی وئابووری وئەجنداکانی جەمسەرێکی هەرێمایەتی یان ڕاستر ئەو دەوڵەتەی هاوسنوورە.
هەریەک لەو دوو هێزە حاکمی ڕەهای سنووری قەڵەمرەوی خۆیەتی لەڕووی سیاسی و بەڕێوەبردن و ئابووری وسەربازی وهەواڵگیری ،هەریەکەیان لەسنووری قەڵەمڕەوی خۆیاندا سندوقی هەڵبژاردن بەقازانجی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە لەڕێگەی پەنابردن بۆ پارە هەڵڕشتن و چاوسوور کردنەوەو وساختەکاری ڕێکخراو.
دەنگەکانی هەرهێزێکیان لەسنوورو قەڵەمڕەوی بەرامبەریان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە کە ئەو قەڵەمڕەوی وزۆنە حزبیانە چ خزمەتێکی بەو دوو هێزەکردوە لەپێناوی مانەوەیان وشوێنپێ قایم کردنیان.
ئەم دابەشبوونە شوێنەواری گەورەی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی ودەروونی بەسەر هاوڵاتیانی کوردستان بەجێهێشتوەو لەسەرووی هەمویشیەوە پرسی ئینتیما و دیموکراسی وپێ ڕاگەیشتن بەئەرکە نەتەوایەتی ونیشتمانیەکانی خستۆتە ژێر پێلەقەی ئەجنداو بەرژەوەندیە حزبیەکانەوە.