memburhan.jpg

لەبارەی موچەی مانگی داهاتوەوە

Mar 29, 2020  |   بیروڕا 

مەم بورهان قانع

بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 57%ی موچەی هەرێمی كوردستان بۆ دەرماڵە جێگیر و ناجێگیرەكان دەڕوات، كە نزیكەی 21 دەرماڵەی جیاجیان و تەنها 43%ی پارەی موچە، بۆ موچەی بنەڕەتیی دەڕوات.

بەپێی ئەو یاسای چاكسازییەی چەند مانگێك لەمەوبەر لە پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتیی و گۆڕان و پێكهاتەكان و چەند ئەندامێكی دیكەی فراكسیۆنەكان تێپەڕێنرا (بەهۆی چەند مادە و بڕگەیەكی یاساكەوە، دەنگم پێنەدا)، دەبێت لەدوای 60 رۆژەوە، بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی ئەو یاسایە، ژمارەیەكی زۆری دەرماڵە ناجێگیرەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی نایاسایی و موچەخۆری بندیوار و دابەزاندنی پلەی وەزیفیی ناشایستە بە بەشێكی زۆری ئەو موچەخۆرانەی لە حزبەوە خراونەتە سەر حكومەت و تێكڕایش تەنها دەرماڵەی “هاوسەرگیریی+ مناڵ+ بڕوانامە” دەمێننەوە و تەنها چەند دەرماڵەیەكی دیاریكراویش، بۆ چەند پۆست و ئەركێكی دیاریكراو دەمێننەوە و ئەمەیش بۆ موچەی مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ (كە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوەوە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت)، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەمەیش بەرادەیەكی زۆر موچەی ئەو توێژە فراوانەی موچەخۆران (كە پێشتر چەندین دەرماڵەیان هەبوە)، كەمدەكرێتەوە.

واتا: ئەو رێژەیەی 57%ی پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەدورنازانرێت بۆ كەمتر 30% لێبكرێت و بەمەیش نزیكەی 150 ملیار دینار (زیاتر، یان كەمتر) بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە (هەرچەندە ئەم داتایانە هێشتا ورد نین و ناتوانرێت مەزەندەی ورد بكرێت).

ئەگەر دەسكارییكردنەكانی حكومەت بۆ موچەی موچەخۆران بەوجۆرەبێت، مانای جێبەجێكردنی ئەو یاسای “چاكسازیی”یەیە، كە بە زۆرینەی پەرلەمانیی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بەشداربوی ئەم كابینەیەی حكومەت لە پەرلەمانی كوردستان تێپەڕێنراوە و هەر پاشەكەوتكردنێكی موچەی موچەخۆرانیش (بە پاساوی دەوامنەكردنی توێژی فراوانی موچەخۆران و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیی و كەمبونەوەی داهاتەكانی ناوخۆ)، پێشێلكردنی یاسایە و نابێت پەرلەمان قەبوڵی بكات.

بەداخەوە، نەدەبو یاسای “چاكسازیی” بەوجۆرە تێپەڕێنرایە و دەبو مافی توێژی فراوانی خاوەن موچە كەمەكان، بۆ بەرزكردنەوەی موچەكانیان، لەبەرچاو بگیرایە، سەرەڕای گەڕاندنەوەی مافی موچەخۆران بۆ ئەو پارەیەی بەناوی پاشەكەوتی موچەوە لێیان بڕاوە.