DANA.jpg

هەڵسەنگاندنی كاری پەرلەمانیی بەپێی پێوەرەكانی IPU

Feb 17, 2020  |   بیروڕا 

دانا دارا حسین


گەشەسەندنی هەر سیستەمێكی سیاسی و پڕۆسەیەكی سیاسی وڵات پێوانە دەكرێت بە ئەندازەی گەشەسەندن و ئەكتیڤی دامەزراوەكانی , ئەم پێوانەكاریەش پێویستە لەسەر بناغەیەكی زانستی ئاڕاستە بكرێت و كۆمەڵێك پێودانگی وەها لەخۆ بگرێت كە بەشێوەیەك لە شێوەكان كۆدەنگی یاخود بنچینە داربێت .
سەبارەت بە دەسەڵاتی یاسادانان كە لە ژمارەیەك وڵاتدا لە نێویان هەرێمی كوردستانە بە پەڕلەمان ناسراوە , یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانی بریتیە لە چاودێریكردن كە لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموار كراو و پەیڕەوی ناوخۆی ساڵی 2018كەشی دا هاتوە , بەڵام خۆ ئەم دەسەڵاتەش لە چاودێریكردنی دەنگدەران و كۆمەڵگای مەدەنی بەدەر نییە و ئەم تیشك خستنە سەر چۆنیەتی ئەداكردنی كارەكانی ئەنجام دەدرێت كە هەندێك ناوەندی فەرمی بە (الرصد البرلمانی) پێناسەی دەكەن .
لەم پێناوەدا یەكێتی پەڕلەمانی نێودەوڵەتی (IPU)كۆمەڵێك پێوەری داناوە وەك ژمارەیەك نیشاندەری بەهێز كە ئاستی توانا و كاریگەری دامەزراوەی پەڕلەمانی پێ بپێوین لە هەر وڵاتێك دا كە ئەوانیش بریتین لە :

  1. نیشاندەری پێوانە كردنی ڕۆڵی یاسادانان لە دامەزراوەكەدا , كە ئەویش بریتیە لە :
  • ڕێژەی ئەو یاسا دەرچوێنراوە لە خولە پەڕلەمانیەكەدا , واتا ئایا كۆی ئەو تەشریعاتانە كە سەرجەم یاسا و بڕیارەكانی نێو ئەو دامەزراوەیە كە دەرچوێنراون و بونوتە تەشریع لە ماوەی یاسایی خولەكەدا كە زۆرتر وایە چوار ساڵی تەقویمیە چەندن ؟
    هەروەها كواڵتی ئەو تەشریعانە و دابەش بونیان بەسەر كۆی سێكتەرە ژیاریەكاندا چەندە و چۆنە , و چۆن گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە و بەتەواوی فلتەرە یاساییەكانی بڕیوە .
  • هەروەها ڕادەی هەژمونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر كۆی تەشریعاتەكان لە وڵاتدا چەندە ؟
  1. نیشاندەری ئەركی چاودێری , ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن و لێپرسینەوەی و دەنگدان لەسەر بودجەی ساڵانەی وڵات .
  2. نیشاندەری پێوانە كردنی ئەركی پەیوەندیدار بە سیاسەتە گشتیەكانەوە , كە ئەویش بریتیە لە :
  • ڕۆڵی پەڕلەمان لە پڕۆسەی دروستكردنی سیاسەتی حوكمڕانی لە وڵاتدا
  • هەروەها پەڕلەمان و ڕۆڵی لە پەیوەندی لە نێوان هاوڵاتیان و حكومەت .
  • توانای دامەزراوەكە لە چارەسەر كردنی گرفتەكان و ئەو قەیرانانەی دێنە پێش .
  • هەروەها ڕۆڵی لە پاراستنی ماف و ئازادی هاوڵاتیان .
  • وە ڕادەی پەیوەندی پەڕلەمان بە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیەوە .
  • ڕۆڵی ئافرەتان لە دامەزراوەكەدا …..
  1. نیشاندەری پێوانە كردنی ئەدای ڕێكخستنی كاروبارە ناوخۆییەكانی پەڕلەمان , كە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە :
  • پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان .
  • چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارە ناوخۆییەكانی پەڕلەمان .
  • سەربەخۆیی دارایی و بەدجەی سەربەخۆ و بونی شەفافیەت لەو بوارەدا .
  • ئاستی لێهاتویی ئەندام و ڕادەی ئەزمون و شارەزاییەكانی .
  • ئاستی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای تازە لەلایەن ئەندامانەوە .
  • كارایی و بەهێزی لیژنە هەمیشەییەكانی .
  • ڕوماڵی دەزگاكانی ڕاگەیاندن بۆ چالاكی و دەنگ و باسی دامەزراوەكە .
  • ڕۆڵی ئیمتیازاتی پەڕلەمانی لە كارا كردنی ئەندامانی پەڕلەماندا .
  1. نیشاندەری پێوانەكردنی ڕۆڵی پەڕلەمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و كە ئەویش ئەمانە دەگرێتەوە :
  • بەشداریكردنی لە بنیات نانی پەیوەندیەكانی دەرەوە .
  • ڕۆڵی لە پەرەپێدانی دبلۆماسیەتی پەڕلەمانی دا .
    ماوەتەوە بلێن كە ئەم پێوەرانە ستانداری جیهانین و ڕۆڵ و كار و چالاكی دامەزراوەی پەڕلەمان پێ‌ هەڵدەسەنگێنرێت و بەهێزی و كارایی ئەو دامەزراوەیە بە پیادەكردنی ئەركەكانی دەبێت بەو شێوەیەی كە باس كران .