adnan-alitalebani.jpg

چاكسازی بە مەسرور بارزانی دەكرێت؟

Jan 29, 2020  |   بیروڕا 

عەدنان عەلی تاڵەبانی  

 

بەپێوەری جیهانی هەموو كابینەیەكی نوێ‌ دوای 100 رۆژ  دەتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی بكرێت و رووبەڕووی رەخنە بكرێتەوە, كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نزیكەی  200 رۆژە سوێندی یاسایی خواردووەو دەستبەكاربووە, بۆیە ئێستا بەرچاوڕوونی زیاتر هەیە ئەم كابینەیە لەماوەی 4 ساڵی یاساییدا دەتوانێت چی بكات؟
مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەكارنامەی دەستبەكاربوونیدا وتی: “خواستی یەكەمی من لەم كابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییە”, لە هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی كابینەكەیشیدا یەكەم پرس دەستی بۆ چاكسازی بردوەو بە 13 خاڵا بڕێك لە میكانیزمی چاكسازی دیاریكردووە, لە دەستپێكی هێڵە گشتیەكانی بەرنامەكەشیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە ” بەرنامەی كابینەكەی بەرنامەی رێككەوتنی گشت لایەنە بەشداربووەكانی ناو حكومەتە”, بەو مانایەی حزبە بەشداربووەكان بە دیاریكراوی یەكێتی و گۆڕان وەك چۆن خواستیان لە كارنامەی كابینەكەدا جێكراوەتەوە, بە ئەندازەی حزبەكەی خۆیشی (پارتی) بەرپرسیارن لەبەرامبەر چاكەو خراپەكانی حكومەتدا.
بەڵام ئەوە تەنها كارنامەیە لەسەر كاخەز, لەم وڵاتەدا چاكسازی و ریفۆرم بە كەسێك و دامەزراوەیەك ئەكرێت دەسەڵاتی هەبێت, لەكوردستانیش دەسەڵاتی حەقیقی لەناو حكومەت و وەزارەتەكان و پەرلەمان و دادگادا نیە و  دەسەڵات لە شوێنێكی ترە, بۆیە هەر ئەو دەسەڵاتەی لە دەرەوەی دامەزراوە رەسمیەكانە لەپرسە گرنگ و چارەنوسسازەكاندا بڕیار ئەدات, نەك دامەزراوە رەسمیەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت.
بەپێی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەبوو سەرۆك وەزیران یاریدەدەرێكی هەبێت بۆ كاروباری چاكسازی و لە پەرلەمانەوە یاسایەكی بۆ دەربكرێت و ئەم پۆستەش بدرێتە گۆڕان, بەڵام سەرۆكی حكومەت بێ یاسا 4 یاریدەدەری تری بۆخۆی دامەزراندوەو دوای 6 مانگیش هێشتا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی دەستبەكار نەبووە!.
بێگومان ئەمە هەڵەیەكی گەورەی گۆڕانە لە رێككەوتنەكەیدا, چونكە هیچ لۆژیكێك پێمان ناڵێت پارتی كە نزیكەی چوار ئەوەندەی گۆڕان كورسی هەیە, پرسێكی گرنگی وەكو چاكسازی كە خواستی هەموو خەڵكە تەسلیمی گۆڕانی ئەكات و ئەویش تەنها هاوكار و تەماشاكار ئەبێت و وەكو دەستكەوتیش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تۆمار بكرێت, پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی یەكەمی پێكهێنەری حكومەت ئەگەر نیەتی چاكسازی هەبوایە هەرگیز رازی نە ئەبوو ئەو پۆستە بدرێتە لایەنێكی تر.
بۆ نمونە پێش پەسەندكردنی یاسای بەناوی چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵێك هەبوو لەناو پەرلەمانەوە كەمترین موچەی خانەنشینی بە 300 هەزار دینار لەناو یاساكەدا جێگیربكرێت بەڵام پەرلەمانتاران بۆیان نەكرا, دوای چەند رۆژێك پارتی لەڕێی سەرچاوەیەكەوە هەواڵێكی لە سایتی رەسمی حزبەكەوە خستۆتە ناو رای گشتیەوە كە “سەرۆكی حكومەت لەگەڵا ئەوەدایە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت”. 
كەوابێت پارتی ئامادە نەبێت زیادكردنی 100 هەزار دیناری خانەنشینان بكاتە دەستكەوت بۆ هاوبەشەكانی لە دەسەڵات, ئیتر بە چی لۆژیكێك چاوەڕوان دەكرێت چاكسازی لە نەوت و گاز و خەرجی و داهات و گومرگ و هێزی پێشمەرگەو كۆی حكومڕانی بداتە لایەنێكی بەشداری حكومەت و خۆیشی تەنها هاوكار و تەماشاكار  بێت!. 
لەسەرەتای ئەم كابینەیەو ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆكی حكومەت لە نێوان دوو ئامۆزاو دەستبەركاربوونی مەسرور بارزانی چاوەڕوانیەك ئەگەر هەبووبێ‌ بۆ چاكسازی لەو تێڕوانینەوە سەرچاوەی گرتبوو كە  دەسەڵاتە حەقیقیەكەی ناو پارتی لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنیشی گرتووەتە دەست و ئەگەر  خواستی هەبێت ئەتوانێت چاكسازی بكات, ئیتر ئەو بیانوانەی كابینەكانی رابردوو نەماوە وەك كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی دەیانخستە ناو رای گشتی گوایە لەناوخۆی پارتیەوە بەربەستی ئاسنین هەیە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی, ئەگەرنا “جەنابی دەوڵەتمەدار” خواستی ئەنجامدانی چاكسازی هەیە!.
سەرۆك وەزیران سەرباری ئەوەی كوڕی گەورەی بارزانی و سەرۆكی پارتیەو پشتیوانیەكی گەورەیەتی بۆ ئەوەی لەیەكەم ئەزمونی حكومەتداریدا سەركەوتوو بێت, بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانیەكان لەناو حزبەكەشیدا “برا گەورە” پێگەی بەهێزەو زۆربەی سەركردایەتی پارتەكەی هاوكاری و پشتیوانی لێ‌ ئەكەن, لەناو دەزگا ئەمنی و نهێنیەكانی حزبەكەشیدا كەسی یەكەمەو لە كابینەكانی رابردوودا سەرۆكی دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش  بووە كە بۆ خۆی ئەو ئەنجومەنە حكومەتێكی بچوكراوە بووە لەناو حكومەتدا, بۆیە مەسرور بارزانی دەسەڵاتی تەواوی هەیە و هیچ رێگریەك لە بەردەمیدا نیە و ئەگەر نیەتی هەبێت دەتوانێت چاكسازی بكات.
وەك خۆیشی لە كارنامەی دەستبەكاربونیدا دەڵێت: خواستی یەكەمی ئەنجامدانی چاكسازییە, بەڵام دوای زیاتر لە 6 مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەكەی پێشبینی ئەوە ناكرێ‌ چاكسازی خواستی یەكەمی جەنابی “برا گەورە” بێت,  رەنگە خواستی یەكەم و جەوهەری  بەهێزكردنی پێگەی شەخسی خۆی بێت لەناو دەوڵەتی قوڵداو پەراوێزخستنی كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بێت و دوای ئەوەش لە رێگەی حكومەتەوە بەتەواوی دەست بەسەر حزبەكەیشیدا بگرێت,و تەوریسی سیاسی لەناو پارتیدا لەسەر رێچكەی خۆی بەردەوام بێت و دوای باوكی بۆ خۆی بمێنێتەوە, نەوەك تەوریسەكە گۆڕانكاری تێدا رووبدات و دوای مەسعود بارزانی بگوازرێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی برازا.