jelal-debax.jpg

هەندێ لە خاسێتەکانی پەڕلەمانی دیموکراسی کامانەن؟

Jan 18, 2020  |   بیروڕا 

جەلال دەباغ

 

 

ئەرکی هەرە گرنگ و سەرەکیی سەرۆکی پەرلەمانێکی دیموکراسی ئەوەیە بەباشی کاروباری هەردانیشتنێکی پەرلەمان رێک بخات و، سەرکردایەتی بکات، بەجۆرێک هەموو ئەندامان بواریان هەبێت بەئازادی بیروڕاو بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. جا ئەو بیروڕایە ڕاست یان هەڵەبن، سەرۆک بۆینییە بەڕای خۆی هەڵە راستبکاتەوەو خۆی وا پیشانبدات کە ئەو ڕاست دەڵێ و ئەندامەکە هەڵەیە! کێ دەڵی بە پێچەوانەوە نییە؟ سەرۆکی پەرلەمان و هیچ ئەندامێکیتر بۆیان نییە بە ئەندامی پەڕلەمان بڵێن: “موزایەدە مەکە!”. سەرۆکی پەرلەمان بۆی نیە ئەندامی قسەکار ریسوا بکات و پێی بڵێت: تۆ هەڵەیت! ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە بارودۆخێکی گونجاوی وا لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانداو لە دانیشتنەکانیدا سازبکات کە هەموو ئەندامەکان بە ئازادی و بێ هیچ چاوسوورکردنەوەو توڕەبوونێک بیروڕاو بۆچوونی خۆیان دەربڕن. نابێ سەرۆکی پەڕلەمان خۆی بکات بە “پارێزەر”ی رەوتی حکومەت و سیاسەتەکانی، کە دەشێت کەموکورتییان تێدابێت یان هەڵەبن، نابێ سەرۆکی پەڕلەمان داوا بکات بیروڕای ئەم ئەندام یان ئەو ئەندامە لە کۆنووسدا تۆمار نەکرێت..! دەبێت سەرۆک پارێزبەندیی (حصانە) ئەندامانی پەرلەمان بپارێزێت. دیارە سەرۆک ناتوانێت پاریزبەندیی هیچ ئەندامێک لابدات، مەگەر دوای ناپاکیی نیشتیمانی نەبێت..! نابێ ئەندامی پەڕلەمان دوای تەوابوونی کۆبوونەوەو دانیشتنی پەرلەمان، لە چاوپێکەوتن و گرتنەدەستی میکرۆفۆنی تەلەڤیزیۆنەکاندا، خۆی گیڤ بکاتەوەو، هەموو بیرو بۆچوونەکانی خۆی بەڕاست بزانێت و ئەندامانیتر بەهەڵەو، دەستبکات بە خستنەرووی بەڵگەنامەکانی لایەنەکانیتر کە خۆیان بڵاویان نەکردوونەوە، یان رەخنە لەمووچە بەرزەکان بگرێت و گوێ نەداتە مووچە هەرە نزمەکان..! نابێ هچ ئەندامێک قەڵەم یان هەرشتێکیتر بگرێتە ئەندامی قسەکار، یان پەلاماری بدات بە قسەو یان بەلێدان، کەسێک ئەم هەنگاوانە بنێت مانای ئەوەیە نەڕێزی خۆی و نە ڕێزی دانیشتنەکەو سەرۆکایەتی و ئەندامەکانیتر ناگرێت. ئەوە لە پەرلەمانێکی نا دیموکراتیدا ڕوودەدات کە سەرۆک یان ئەندامەکان، ئەندامێکیتر ریسوابکەن و قسەی ناشرینی پێبڵێن یان دارکاریی بکەن..! ئەوە لە پەرلەمانێکی نادیموکراتیدایە کە کورسییەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە، یان بە کۆنکرێت قایمی دەکەن تا شەڕەکورسی روونەدات. رۆڵەکانی گەل کە دەبێ نوێنەرانی خۆیان بەئازادی و بێ ساختەکاری بۆ پەڕلەمان هەڵببژێرن، بۆ ئەوەیە کە بەرگری لە مافەکانیان بکەن و، بەشداریی چالاکانە بکەن لەبڕیاردانی قانونی باش و بەجێدا بۆ بەرژەوەندیی گەلەکە..تاد. ئەگەر قانونیش ڕێگای ئەم چەشنە رەفتارانەی باسمانکردن بدات، مانای وایە لە قانونەکەدا کەم و کورتی هەن و دەبێ بە بڕیاری پەڕلەمان دەستکاری بکرێن. راستنییە سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتی بە” رێکەوتن- توافق” دابنرێن، بەڵکو دەبێ بە هەڵبژاردنی دیموکراتییانەو ئازادانەی هەموو ئەندامانی پەڕلەمانبێت. ئەی بەڕێزتان لەسەر پەرلەمانی دیموکراسی و نادیموکراسی چی دەڵێن؟!