hiwa.jpg

چاکسازی راستەقینە لە کوێوە دەستپێدەکات؟

Jan 17, 2020  |   بیروڕا 

 هیوا سەید سەلیم

 

 

دوابەدوای تێپەڕاندنی یاسایی جاکسازی لە مووچە و دەرماڵە، لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، هێندێک پێیان وایە ئیدی تۆپەکە کەوتەوە گۆڕەپانی حکومەتەوە، بۆیە لێرە بەودواوە حکومەت دەست کراوەتر دەبێت،  تا کار بە ماددە و یاساکانی  ئەو پرۆژە یاسایە بکات، ئەگەر سەرۆکی هەرێم رەتینەکاتەوە، یان تیبینی لەسەر چەند بڕگەیەکی نەدات.
بەو پێیەی پڕۆژەکە لە ئەساسدا پرۆژەی حکومەت بووە، وا پێشبینی دەکرێت کە نە لەلایەن سەرۆکی هەرێم رەتدەکرێتەوە، نە کێشەیەکیش بۆ حکومەت درووست بکات، بگرە پەرلەمان رێک بە دڵی حکومەت پڕۆژەکەی تێپەڕاند، هەر ئەوەشی پێدەکرا.
  لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانی پەرلەمان و حکومەت.دووەمیان هێڵی سووری بۆ پەرلەمان دیاریکردبوو ، بەوەی بۆیان هەبوو چۆنی بیانەوەێت لە خەرجیەکان کەم بکەنەوە، مووچەکان بۆ ئاستی هەرە نزم دابەزێنن، بەڵام نابێت یەک فلس لەو پارەی بۆ  حکومەت دەگەڕێتەوە،  بچێتە سەر لایەنی دیکە کە بە مووچەخۆری پلە نزم ناسراون، پەرلەمان هەر واشی کرد!
ئەوانەی کە لە لایەنی حکومەتەوە پرۆژەی یاسایی چاکسازی لە مووجەو خانیشینیان ئامادە کرد بوو، زۆر لە یاسادانەرانی ژێر چەتری پەرلەمان زیرەکتر بوون،  لەهەمان کاتیشدا زیرەکانە دەستی پەرلەمانیان بەست بوو،  بەوەی نابێت هیج بڕگەیەکی ئەو ماددەیە بە شیوەیەک دەستکاری بکرێت کە بارگرانی دارایی لەسەر حکومەت درووست بکات. 
  بۆیەش لە کاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە، حکوومەت بە تیمێکی بەهێز کە لە چەندین وەزیر و بەرپرس    و راوێژکاری بەزەزموون پێکهاتبوو، لە بەردەم پەرلەمان ئامادەبوون و چەکی دەستیشیان بریتی دەبێت لە رێگری لە بارگرانی دارایی.
پەرلەمانی کوردستان وێڕای ناڕەزایەکانی شەقام، هەروەها نارەزایی بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن (یەکگرتوو- نەوی نوێ- کۆمەڵ)، یاساکەی بە دەنگی زۆرینە، بەکەم کردنووەی ریژەیەک لە مووچەی پلە باڵاکان،  وە وەک خۆهێشتنەوەی لایەنی کەمی مووچەی پلە لە خوارەکان تێپەڕاند، لێرە بەدواوە حکومەت هیچ بیانوێکی نەماوە بۆ جێبەچێکردنی ماددەکانی ناو پرۆژەکە، لە پاکسازی لە لیستی ئەوانەی بە ناشایستە خانەنیشینی کراون، و ئەوانەشی کە لیستی شەهیدانیان ناشیرین کردووە شەهید نەبوونە و لە ریزی شەهیدان مووچە وەردەگرن ، بەوەشی کە کەم ئەندام شایستە نین هەروەها و زیندانی نەبوونە.
پێداچوونەوە بە هەموو ئەمانە و گێرانەوەی داهاتێکی زۆر لە مووچەی پلە باڵاکان بیانوێک لەبەردەم حکومەت ناهێڵێت کە ئیدی حسابێک بۆ پاشەکەوتی مووچە نەکات،  ئەو مافە زەوتکراوە بۆ مووچەخۆرەکان نەگێڕیتەوە،  هەروەها مانگانەش لەکاتی خۆی مووچە دابەش نەکات، ئەمە جگە لەوەی دەبێت لە رێگای دەرکردنی یاسایەکی تازە بۆ خانەنیشینی پرسی لایەنی کەمی مووچە چارەسەر بکریت،  بەشیوەیەک کە هاوتای یاسایی خانەنیشینی یەکگرتووی بەغدا بکرێت.
جگە لە هەموو ئەمانە کە بە یاسا رێکخراون، لە چوارچێوەی یاسایی چاکسازی لە مووچە دەرماڵە و خانەنیشینی  ، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، کە یاسایی چاکسازی لە مووچە و خانەنیشینی،  نابێت جێگرەوەی چاکسازیە راستەقینەکە بێت، وە حکومەت و پەرلەمان  لێرەوە بوەستێنێت  ئەوەی لەو یاسایە هاتووە بە خەڵکی بفرۆشنەوە بەوەی تەواو چاکسازیان کردووە.
چاکسازی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان لە ئاشکرکردنی داهات و سەرفیات و دانانی سنوور بۆ گەندەڵیە گەورەکان و سزادانی مافیاکانی کۆپانیا زەبەلاحەکان دەستپێدەکات، چاکسازی گەورە بریتە لە رێگری لە قۆرغکاری بازاڕ و  دەست نەبردن بۆ داهات و موڵکی گشتی، کە ساڵانێکە مافیاکانی پشت ئەستوور بە هێز و ئیمکانیاتی حزبی لەسەر داهاتی گشتی دەڵەوەڕێن و یاری بە بازاڕ و قووتی خەڵکەوە دەکەن.
لێرە بەدواوە یاریەکە باشتر دیمەنەکانی دەردەکەوێت، بزانین چەندە یاریزانەکان جدین، ساڵانێکە لەو هەرێمە خەڵک بێ متمانە کراوە، بە هەنگاوی کرداری ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە، بارودۆخی ناوچەکەش وا دەخوازێت کە ئەوی جاران مافیاکان دەیانکرد ئێستا ئاسان نەبێت، با هەمووان لە دۆخی عێراق بڕوانن گەندەڵی چی بەسەر ئەو ولاتە هێنا؟ 
بۆ چەند مانگێک دەچێت هەرچی دەکرێت سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ناخرێتەوە سەر سیکەی خۆی .