PEYKAR.jpg

چاکسازی و پەرلەمان

Jan 11, 2020  |   بیروڕا 

پەیکەر عوسمان

– چاکسازی “بەردەوامیی”یە.
چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامەو هەر چاکسازییەك ئەگەر بچوکیش بێت، بە مەرجێ بەشێكبێت لە بەردەوامیی چاکسازی، جێگەی تەقدیرە. بەڵام چاکسازییەك کە کۆتایی بە سیفەتی بەردەوامیی چاکسازیی بهێنێ، هەرچەن گەورەشبێ، جێگای ڕەتکردنەوەیەو ئەوە چاکسازی نیەو خودی گەندەڵییە! چونکە چاکسازی بە بەردەوامییەکەی چاکسازییەو ئەگەر ئەو سیفەتە لەدەست بدا ئیتر چاکسازی نیە.

– چاکسازی بە شەرتی گەندەڵی.
تۆزێ چاکسازیی لە سفرچاکسازیی باشترە، بەڵام ئەو گەندەڵییەی ئەمێنێتەوە هەر گەندەڵییەو ئەو تۆزە چاکسازییە، گەندەڵییە ماوەکە ناکات بە ناگەندەڵیی!
چاکسازییەکەی ئێستاش، ئەگەر هەنگاوێكبێ و هەنگاوی تری بەدوادابێت، باشەو بەخێربێت. بەڵام ئەگەر ئەم تۆزە چاکسازییە، بۆ کۆتاییهێنان بە مەلەفی چاکسازی و شەرعیەتدان بە گەندەڵییە ماوەکەبێت، ئەوکات دژایەتی چاکسازیی ئەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی!

– چاکسازیی ناپۆپۆلیزمە.
چاکسازیی پێشئەوەی پرۆسەیەکی سیاسی و ئیداریی و هەرشتێك بێت، پرۆسەیەکی ئەخلاقییە. پۆپۆلیزمیش پرۆسەیەکی نائەخلاقییەو لەسەر ئیستغلالکردنی عەوام دامەزراوە نەك لەسەر مەسڵەحەتی عام.
لە چاکسازیدا ئەخلاقی سیاسی سەنتەرەو لە پۆپۆلیزمدا عەوامسازی و دروشمبازی. لێرەشەوە پۆپۆلیست ئەتوانێ نمایشی چاکسازیی بکات، بەڵام ناتوانێ خودی چاکسازی بکات!

– چاکسازی کارە پۆپۆلیزم شۆیە.
چاکسازی پرۆسەیەکی ئارامەو پۆپۆلیزم هەراو فەوزایە، ئەوانەی هەموو ئامانجیان ئەوەیە کە گۆڵێکی سەر شاشە بۆ شەخسی خۆیان یان بۆ لایەنەکەیان تۆماربکەن، بکەری چاکسازیی نین، چونکە چاکسازیی ئەخلاقەو ئەلف و بێ ی ئەخلاقیش، تێپەڕاندنی “من”ە لەپێناو هەموو.

– چاکسازیی کاری تیمە.
لە چاکسازیدا هەمووان یەك تیمن بەرامبەر گەندەڵی، نەكئەوەی هەرکەس یاریکات بەرامبەر ئەویتر. ئەگەر “هەموو” بەرامبەر گەندەڵی یاری بکەن ئەیبەنەوە. ئەگەر هەموو بەرامبەر یەكتر یاری بکەن، گەندەڵی لە هەموویان ئەباتەوە.
مەسەلەن دابەشکاریی بەرەی گەل و بەرەی گەندەڵ.. زەڕبەیە لە چاکسازی و شتێکی بێ سودی بێ مانایە.

– گەندەڵی قۆناغێکی گەشەی حوکمڕانییە.
ئەوە ڕاست نیە کە چاکسازیی بە گەندەڵ نەکرێ، ئەسڵەن خودی گەندەڵی، پێویستی بە ئەپدەیتەو گەندەڵی ئەگەر زوو زوو خۆی تەعمیر نەکات، بیناکەی ئەڕوخێ!
شێخێکی خلیج، بەتەنیا خۆی، بەقەت هەموو دزەکانی ئێمە دزی لە وڵاتەکەی کردوە، بەڵام بەردەوامیش چاکسازی ئەکاو لە چاکسازیی نەوەستاوە، چونکە چاکسازی بەردەوام، بەردەوامی بە گەندەڵییەکەی ئەویش ئەدات!
گرنگە دەسەڵاتی ئێمەش، لە مەرحەلەی چەتەییەوە بپەڕێتەوە بۆ مەرحەلەی گەندەڵی و جارجار دەسێك بەخۆیدا بهێنێ، لەبەر ئێمە نا، هەر لەبەر خۆی.

– پەرلەمان ڕادیۆ نیە.
پەرلەمان نە هی ئەوەیە دەسەڵات بیکات بە کائینكی بێدەنگ، نە هی ئەوەیە موعارەزە بیکات بە کائینێکی چەنەباز. ڕاستە پەرلەمان ئەبێ دەنگی هەبێت، بەڵام بەڕادیوکردن و کورتکردنەوەی پەرلەمان لە دەنگدا، بەتاڵکردنەوەی پەرلەمانە لەخۆی!
لەنێوان ڕادیۆیەکی کوژاوەو ڕادیۆیەکی داگیرساودا، پەرلەمان ئەبێ هیچیان نەبێ و بڕێك خۆی بێت.
کەمێ کرداری پێکەوەیی، باشترە لە دنیایەك دەنگەدەنگی ئەم یان لە دنیایەك بێدەنگی ئەو. بەڵام کردارەکە چاکسازیبێ نەك گەلەکۆمە.

– چاکسازی بۆ عەدالەتە.
عەدالەتیش ڕێژەییەو هەر چاکسازییەك ڕێژەیەك عەدالەتی ڕاستگۆمان بداتێ، ئەوە بەڕاستی چاکسازییە.
پەرلەمانتاریش بەوە عادل نیە کە کاری نەکردەمان بۆ بکاو دەس بۆ مەلەفێك ببات کە ناتوانێ چاکیکات. پەرلەمانتار بەوە عادلە کە ئەوەی لەتوانایدایە بیکات، ئەوەشی کە لەتوانایدایەو پەیوەندی بە ڕاستگۆیی ئەوەوە هەیە، ئیمتیازەکانی خۆیەتی.