emin-ferej.jpg

پەرلەمانی کوردستان: لاسەنگیی لە نێوان ئەدای کار و موچە وئیمتیازاتی پەرلەمانتارەکانیدا…

Jan 11, 2020  |   بیروڕا 

پ.ی.د.ئەمین فەرەج شەریف

 

پەرلەمان وەک یەکێک لە دەسەڵاتە سەرەکیەکانی هەر دەوڵەت و سیستمێکی سیاسی پێگە وگرنگیەکی دیاری هەیە ، بە جیاوازی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و بەهێزی دامەزراوەکان و ئاستیی هۆشیاریی نوخبەی دەسەڵاتدار تیایاندا.. بۆ ئەو مەبەستەش لەمیانەی ئەم وتارەماندا ، ئاماژەیەکی کورت بە ئەدا و موچە و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەین و خوێنەری بەڕێزیش سەرپشک دەکەین لە ڕادەی بوونی هاوسەنگی لە نێوانیاندا ، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:

یەکەم/ سەبارەت بە ئەدای پەرلەمانی کوردستان:
ئەگەر بمانەوێت هەڵسەنگاندنێکی خێرا بە پێگە وئەدای پەرلەمانی کوردستاندا بکەین لە ئەزموونی حوکمڕانێتی هەرێمی کوردستاندا ، بۆمان دەردەکەوێت کە لەوەتەی ئەم دەزگایە دامەزراوە (واتە لە ساڵی ١٩٩٢)ە و تا ئێستا کە پێنج خولی هەڵبژاردنی بەخۆیەوە بینیوە ، لە دۆخێکی خراپدایە ، ئەم قسەیەشمان پشت ئەستورە بەو توێژینەوە زانستیانەی لە زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەکاندا لەم بارەیەوە کراون جگە لە دەیان وتار و ڕاپۆرت و پرۆژەی ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆشنبیران ، ئەمە سەرباری دەیان لێدوان و دانپێدانانی ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنە جیاجیاکانی هەر پێنج خولەکەدا ، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لەم بارەیەشەوە گوزەرێکی خێرا بە ئەدای پەرلەمانی کوردستاندا دەکەین لە ڕوانگەی ئەرکەکانیەوە:
١- لەڕووی یاسادانانەوە: هەرچەند بەدرێژایی ماوەی کارکردنی خۆی پەرلەمانی کوردستان چەندین یاسا و بڕیاری دەرکردوە بەڵام دەکرێت بڵێین بەشێک لەیاساکان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە خراپن یان کۆنن و پێوستیان بە هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەیە، هەندێک یاسای پێویست وگرنگیش هەن نەیتوانیوە دەریان بکات و هەندێک یاسای تریش هەن دەریکردوون بەڵام جێبەجێنەکراون.
٢- لەڕووی چاودێریەوە: دەکرێت بڵێین تۆماری پەرلەمان لەم بارەیەوە لە خراپترین ئاستیدایە، بەجۆرێک لەماوەی پێنج خولی کارکردن و متمانەدان بە نۆ کابینەی حکومەتدا نەک نەیتوانیوە متمانە لە کابینەیەکی وەزاریی وەرگرێتەوە ، تەنانەت نەشیتوانیوە متمانە لە تاکە وەزیرێک وەرگرێتەوە، بەڵکو لەوەش بترازێت بەدەگمەن نەبێت نەیتوانیوە سەرۆک وەزیران یان جێگرەکەی یان وەزیرەکان بانگێشتی پەرلەمان بکات و پرسی متمانە لێسەندنەوەیان بوروژێنێت!!
٣- لەڕووی ئەرکی داراییەوە: پەرلەمانی کوردستان ، بەدەر لە خولی سێیەمیدا ، کەمترین رۆڵ و ئامادەیی هەبووە لە لە گفت وگۆ و پەسەندکردنی بودجە و حسابی خیتامی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و چاودێریی کردنی خەرجکردنیاندا.
٤- لە بواری ئەرکە سیادیەکانیشدا: پەرلەمانی کوردستان نەک هەر نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە وەکو مەرجەعی پرسە چارەنووسسازەکان یاسا پێیداوە ، بەڵکو زۆر کات بۆتە پاشکۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و حیزبەکان و سەرکردە سیاسیەکانیان.

دووەم/ سەبارەت بە موچە وئیمتیازاتەکانی پەرلەمان:
بەپێی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردوون وکاریان پێدەکات ، دەکرێت ئاماژە بەگرنگترین ئەو موچەو ئیمتیازاتانە بکەین ، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- موچەی پەرلەمانتار لە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە ، بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو کراوەتەوە زیاد لە هەشت ملیۆن دینارە ، بەبێ ئەوەی تیایدا ڕەچاوی ساڵانی خزمەت و تەمەن و بڕوانامە و پسپۆڕیی بکرێت ، کە بەراورد بە موچەی چین و توێژەکانی تر ، بەتایبەت موچە خۆرانی ڕاژەی شارستانی جیاوازیەکی زۆرە.
٢- بەدەر لە مووچە پەرلەمانتاران هەندێک دەرماڵەی تریان پێدەدرێت ، بۆ نمونە لە پای ئەندامبوونیان لە لیژنەکان مانگانە بڕی پێنج سەد هەزار دیناریان بۆ سەرف دەکرێت.
٣- لە زوربەی خولەکانی پەرلەماندا ، زوربەی پەرلەمانتاران سوود مەندبوون لە پێدانی شوێنی نیشتەجێبوون ، پێدانی برێک پارە بۆ کڕینی کەل و پەلی ناوماڵ ، پێدانی بڕێک پارە وەک بەخشش یان بەشێوەی قیست بۆ کڕینی ئۆتۆمۆبێل.
٤- بەگوێرەی بڕیارێک کە پەرلەمان دەریکردوە ، پەرلەمانتار لە ماوەی خولی کارکردنیدا سێ پاسەوانی بۆ دادەمەزرێنرێت و دوای خانەنشینبوونیشی یەکێکیانی لەگەڵ دەمێنێتەوە تا لەژیاندا ماوە.
٥- سەبارەت بە خانەنشینبوون ، خولی یەکەمی پەرلەمان لەساڵی ١٩٩٩ لەڕێگەی یاسایەکەوە بڕی ٦٥% ی کۆی موچەی دیاریکرد بۆ پەرلەمانتار وەک شایستەی خانەنشینبوون بەدەر لە مەرجی تەمەن و ساڵانی خزمەت ، خولی دووەمی پەرلەمانیش لە ڕێگەی دوو هەموارکردنەوە بڕەکەی زیادکرد و گەیاندیە رێژەی ٨٠% ی کۆ موچەکەی ، کەئەم بڕەش بەهەمان شێوەی موچەکە نادادپەروەری و جیاوازیەکی زۆری تێدایە لە گەڵ ئەو مافەی لە یاسای خانەنشینی شارستانیدا هاتووە.
ئەم موچە و ئیمتیازە زۆرانە نەک نەبۆتە هۆی پێدانی شکۆ و هێز بۆ پەرلەمان بەڵکو بگرە خراپ بەسەریدا شکاوەتەوە و تەنانەت لای بەشێکی زۆری هاوڵاتیان پەرلەمانتاری و کاری وەزیری وسیاسەتکردن بەشێوەیەکی گشییی لە کورستاندا وەک دەروازەیەک بۆ بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردن وێنا دەکرێت.

سێیەم/ چارەسەر و پێشنیار چیە:
بە حوکمی ئەوەی ئێستا دۆخێکی لەبار لە ئاستی ناوخۆیی بۆ زەرورەتی ئەنجامدانی چاکسازیی لە هەموو سێکتەرەکاندا لە ئارادایە و پرۆژە یاسای چاکسازیش لەبەردەستی پەرلەمانە بۆ گفت و گۆو پەسەندکردنی ، لە ئاستی عێراقیشدا لەژێر فشاری شەقامی ناڕازیدا هەندێک چاکسازی لەم ڕوەوە کراوە ، پەرلەمانی کوردستان دەرفەتێکی گرنگ و بەرپرسیارەتیەکی یاسایی و مێژووی کەوتۆتە سەرشان کە هەوڵ بدات ئەدای خۆی باشتر بکات و ڕۆڵی پێویست ببینێت لە پرۆسەی چاکسازیدا و بەشێک لەو متمانەیە بگێڕێتەوە کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەدەستی داوە و لایەنی کەمی دادپەروەریی بچەسپێنێت لە مووچە وخانەنشینیدا ، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە پێمانوان وایە پێویستە لەسەری پرۆژە یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵەکان بکاتە هەنگاوی یەکەم و لەمەشدا باشتر وایە سەرەتا لە پێداچوونەوە بە موچە وئیمتیازەکاتی خۆیەوە دەستپێبکات بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئازادانەتر و ئازایانەتر دەست ببات بۆ موچە و ئیمتیازاتی پلە باڵا و پلە تایبەتەکانی تریش.

لە کۆتاییشدا بەگرنگی دەزانم ئاماژە بە دوو بابەت بکەم، یەکەمیان ئەوەیە کە خراپی ئەدای پەرلەمانی کوردستان هۆکارەکەی تەنها خودی پەرلەمانتارەکانی خولەکانی پەرلەمانی کوردستان نیە بەڵکو چەندین هۆکاری بابەتیی تریش هەن کە لەم ڕوەوە ڕۆڵیان هەبووە و لە ئێستادا دەرفەت نیە ئاماژەیان پێبدەین ، چونکە لەڕووی ئینساف و بابەتیبوونەوە دەبێت ئەوە بڵێین کە لەهەر پێنج خولەکەی پەرلەماندا چەندین ئەندامی بەتوانا و خاوەن بیرۆکە و هەوڵ هەبووە وهەیە بۆ چاکسازیی لەو دامەزراوە گرنگەدا، دوەمیشیان دەمەوێت ئەوە بخەمە ڕوو کە هیچ مەرامێکی کەسیی دژی هیچ خولێکی پەرلەمان وپەرلەمانتارێکی بەڕێز لەپشت نووسینی ئەم وتارە لە ئارادا نیە چونکە لە زوربەی خولەکاندا ،بە خولی ئێستاشەوە، چەند هاوڕێ و هاوپیشە ودۆستێکی بەڕێزم هەن کە ڕێز و پەیوەندیەکی باش پێکەوە دەمانبەستێتەوە ، تەنانەت بابەتەکەش پەیوەندی بەوەوە نیە کە ئێمە ئێستا لە پەرلەمان نین بۆیە ئەو قسانە دەکەین چونکە دەمەوێت ئەو ڕاستیە بدرکێنم کە ئێمەومانان بەحوکمی پسپۆڕیی و ئەو بوارەی کاری تێدا دەکەین دەرفەتی زۆر لەبەردەمماندا ئاوەڵابووە و هەیە بۆ کاندیدبوون و بەدەستهێنانی پلەی پەرلەمانتاریی ، بۆیە هیوادارم بابەتەکە بچێتە خزمەتی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ چاکسازیی ڕیشەیی لە ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێمدا کە بەشێکە لە پسپۆڕیی بەندە لەبواریی ئەکادیمیمدا.