dr.isma3il-namiq.jpg

ئەم پارلەمانەى ئێمە: لەخەمى کێ دان جگە لەخۆیان؟

Jan 10, 2020  |   بیروڕا 

د. ئیسماعيل نامق

 

رەوانشاد کاک نەوشیروان لەمانگى پێنجى 2007 بەناونیشانى ( ئەم پارلەمانەى ئێمە: لەخەمى کێ دان جگە لەخۆیان؟) ووتارێکى نووسیوە لەسەر خراپى ئەداى پارلەمان. تیایدا هاتووە: ” بۆچى رۆژێ لەرۆژان پێتان دانەگرت فڵانە وەزیر یان فیساریان بانگ بکەن بۆ لێپرسینەوە لەسەر کاروبارى وەزارەتەکەى و، ئەگەر گەندەڵى لەسەر بو بەماڵ، باوەڕى لێ بسێننەوەو حەواڵەى دادگاى بکەن. چەند جار خەم وپەژارە، سکاڵا وگازاندە، ناڕەزایى وهەڕەشەکانى خەڵکتان بردە بەردەم پارلەمانەکەتان و، گفتوگۆى جدیتان لەسەر کرد و، هەوڵى دۆزینەوەى چارەسەریتان دا؟ ئەوە بۆچى کە دێنە سەر خواستەکانى خۆتان: زیادکردنى موچە وئیمتیازات، کڕینى سەیارە، کڕینى شوقە، وەرگرتنى زەوى، سەفەرکردن بۆ وڵاتانى دەرەوە…… بیرتان رۆشن وچاوتان تیژ وزمانتان پاراوە، کەچى لەئاست خواستەکانى خەڵکدا گوێتان گران ولەئاست جێبەجێکردنى ئەرکە پارلەمانیەکانتان دا لەشتان قورسە؟ ئێوە ئەى ئەندامانى بەڕێزى پارلەمانى کوردستان! لەبەردەم پرسیارێکى مێژویى دان: لەخەمى کێ دان جگە لەخۆتان؟”
بەڕاى من خانەنشین کردنى پارلەمانتار بەتەمەنێکى کەم وبێ مەرجى خزمەت وبەمووچەیەکى زۆر یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانى خراپى ئەداى پارلەمان، چونکە لەسایەى ئەم دۆخەدا کاتێک کەسێک دەبێت بەپارلەمانتار ئیتر منەتى بەدەنگدەر وبەحیزبەکەى وبەوەزیفەکەشى نامێنێ، لەبەرئەوەى دڵنیایە ئایندەیەکى باش وژیانێکى خۆشى بۆ خۆى دروستکردووە، خەمى ئەوەى نیە جارێکى تر دێتەوە بەردەم دەنگدەر، پێویستى بەحیزبەکەشى نامێنێ، هەروەها کێشەى دەستکەوتنى کار وداهاتیشى نیە. بەڵام ئەگەر پارلەمانتار خانەنشین نەکرێت، ناچار ئەبێت لەماوەى ئەرکەکەیدا، کارێک بکات شەرمەزار نەبێت، لەبەرامبەر دەنگدەر وحیزبەکەیدا و، خەمى ئەوەش بخوات کارى پارلەمانیەکەى لەداهاتوودا شەفاعەتێکى بۆ بکات بۆ دەستکەوتنى کار وخەرجى ژیانى، هەموو ئەمانەش وا دەکەن پارلەمان وپارلەمانتار کارا وچالاک بێت.
بەرێز کاک عومەرى سەید عەلى/ رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان: هەر لەپێناو کاراکردنى پارلەمان بوو بزوتنەوەى گۆڕان دروشم وگوتارى (نا) بۆ خانەنشینکردنى پارلەمانتار وپلەباڵاکانى بەرزکردەوە وبوو بەسەرمەشق وداهێنەرى چاکسازى لەهەرێمى کوردستاندا، پێم وایە ئەم دروشمە هەنووکە دروشمى نەگۆڕى گۆڕانە. بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەکەم، ئەم شەرەف وشانازیە با هەر بۆ گۆڕان بێت، لێمەگەڕێ کەس بەمنجە منج موزایەدەى پێوە بکات، پەلە بکە وپێش پەسەندکردنى پرۆژە یاساى بەناوچاکسازى، هەر دوازدە پارلەمانتارەکە کۆبکەرەوەو، ئەو بەڵێن نامەیەیان پیشان بدەرەوە وبیربخەرەوە کەلەکاتى کاندیدبوونیاندا پڕیان کردۆتەوەو بەگۆڕانیان داوە، چونکە ئەوان بەڵێنیان داوە لەخەمى خەڵکدا بن وپابەند بن بەبەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕانەوە. ئایا نەهێشتنى خانەنشینى پارلەمانتار وپلەباڵاکان بەرنامەى گۆڕان نیە؟ تکایە هیچ دوو دڵ مەبە لەوەى لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا جەنابت ودوازدە پارلەمانتارەکە ئەم بەڵێنەى خوارەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ دەنگدەرەکانى وهەموو خەڵکى هەرێمى کوردستان نوێ بکەنەوە وجێبەجێ بکەن: “
بزوتنەوەى گۆڕان خانەنشینکردنى پارلەمانتار وپلەباڵاکان رەتدەکاتەوەو لەپارلەمانیشدا دژى دەوەستێتەوە “.
هەڵوێستتان لەسەر ئەم بابەتە سەنگى مەحەکە بۆ ئێوە و بزوتنه وه كه، ئێستا خەڵک زۆر بەوردیى وبەوریایى چاودێریى قسە وهەڵسوکەوتتان دەکات چاوەڕێى ئەوەیە تا چەند پابەند دەبن بەرێبازى کاک نەوشیروانەوە. بفەرموون ئەمەش خاڵى دووەم وسێیەمى نامەکەى رەوانشاد کاک نەوشیروانە کە لە23/ 1/ 2012 بۆ فراکسیۆنى گۆڕانى نارد: ” 2- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و هه‌موو ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی‌ وه‌ك ئۆتۆمۆبێل و شوقه‌و ڤێلا ئه‌درێت به ئه‌ندام په‌رله‌مان، به‌نیسبه‌تێك كه‌ موچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نزیكبكه‌وێته‌وه‌ له‌ به‌رزترین ئاستی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ حكومی‌، مه‌به‌ستم ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ حكومه‌ت نییه‌ كه‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌. 3- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ر له‌ ته‌مه‌نی‌ تقاعدی‌ خدمه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ خانه‌نشین ئه‌كا، پرۆژه‌ یاساكه‌ زه‌مانه‌تی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان بكا بۆ وه‌زیفه‌ی‌ به‌ر له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێتی‌، ئه‌وه‌شی كه‌ وه‌زیفه‌ی‌ نه‌بو بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك موچه‌ی‌ بدرێتێ وه‌ك زه‌مانه‌تێك تا كارێك ئه‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكه‌، چونكه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان هان ئه‌دا كاری‌ باش بكا بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر متمانه‌ی‌ خه‌ڵك وه‌رگرێته‌وه‌ و ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان “. ئیتر خۆتان وویژدان وبەڵین وقسە وکردارتان…….